ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەزبەر، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنە بە ناوی “فەرشید زارعی”، لە سێڕێیانی نمەکی ئەمشارە، بە “چەقۆ و قەمە” کرایە ئامانجی هێرشی “کەسانی سەلەفیی توندئاژۆی نزیک لە حکوومەت” و بە هۆی سەختی و قووڵی برینەکانییەوە، چووە کۆماوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژمارەیەکی زۆر لە “کەسانی توندئاژۆی سەلەفیی نزیک لە حکوومەت” بە بیانووگەلی جۆراوجۆر لەوانە “کفرکردن” ئەم لاوەیان کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا چووەتە کۆماوە. شایانی باسە، فەرشید زارعی ئێستا لە دۆخێکی نالەباردایە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە خەوێندراوە. جێگای ئاماژەیە، ئەمە چەندەمین جارە کە کەسانی سەر بە گرووپە “توندئاژۆ سەلەفییەکان” لە شارەکانی مەریوان، سنە و سەقز، هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان و بە چەقۆ لێیان دەدەن.