هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئیلام هێرشیان کردووەتە سەر بەشدرابوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردنی “موحسین قەیسەری” لە گۆڕستانی “بەهەشتزەهرا”ی شارۆچکەی هانیوان و محەممەد حسێن قەیسەری، برای ئەو گیانبەختکردووەیان دەستبەسەر کردووە.
هەروەها باوک و کچێک بە ناوەکانی “مەحموود سادقی” و “هودا سادقی” و لاوێکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی “عەلی شیرخانی” تەمەن ٢٠ ساڵ لە لایەن ئەو هێزانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراون و لە کۆمەڵێک کەسیشیان داوە. بەپێی زانیارییەکان، کۆمەڵێک لە بەشداربووان بە شێوەیەکی دڕندانە و بێڕێزانە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە لێیان دراوە و بەم هۆیەشەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئیلام گواستراونەتەوە. موحسین قەیسەری، لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی ئیلام، ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی یەکەی تایبەتی ڕژیم گیانی لەدەست دابوو.