هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر ڕێوڕەسمی دووهەمین ساڵیادی یەڵدا ئاقافەزڵی
شەممە ۱۹-۰۸-۱۴۰۳   |  09-11-2024
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ڕۆژی هەینی ١٨ی خەزەڵوەر، هێرشیان کردووەتە سەر ڕێوڕەسمی دووهەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی یەڵدا ئاقافەزڵی لە قوربانیانی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” لە شاری تاران و وێڕای تێکدانی ڕێوڕەسمەکە و پێکهێنانی فەزای ترس و تۆقاندن، دوو کەس لە بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمەیان دەستبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردوویانه.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان، “حسێن نادربەیگی” لە زیانبەرکەوتووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی مەجید ساڵحی، دەستبەسەر کراون. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.