هێڵە ئاسمانییەکانی جیهان دوای هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، ڕووبەڕووی پچڕان بوونەوە و بەهۆیەوە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم دەیان هێڵی ئاسمانی ناچاربوون گەشتەکانیان هەڵبوەشێننەوە یان ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، هێرشی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر ئیسرائیل بە زیاتر لە ٣٠٠ مووشەک و دڕۆن کە زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی مووشەکی ئیسرائیلەوە خراونەتە خوارەوە، ئاڵۆزی و کێشەی لە گەشتە ئاسمانییەکان پێک هێناوە.
مارک زی، دامەزرێنەری شیرکەتی OPSGROUP کە چاودێریی سنووری ئاسمانی و فڕۆکەخانەکان دەکات وتوویەتی: ئاسمانی ئێران لەلایەن هێڵە ئاسمانییەکانی نێوان ئورووپا و ئاسیاوە بەکاردەهێنرێت و ئەو شیرکەتانە ناچار دەبن لە ڕێگەی بەدیل و گونجاو، لە ڕێگەی تورکیە یان لە ڕێگەی میسر و سعوودیەوە کەڵک وەرگرن .
ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ئاسمانی خۆی داخست و ئوردۆن، عێراق، لوبنان و ئیماراتیش گەشتەکانیان بەسەر خاکەکانیان دەست پێکردەوە.
برێندان سۆبی، شرۆڤەکاری سەربەخۆی فڕۆکەوانی بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە، جارێ ڕوون نییە کە ئایا نائارامییەکانی ئەم دواییە کاریگەرییان لەسەر ویستی مسافیرەکان دەبێت یان نا، ئەمە کێشەیەکە کە سەرەڕای بەردەوامیی ململانێکان لە ئۆکراین و غەززە وەک خۆی ماوەتەوە.