هێزە ئەمنییەکان لە شاری سنە هەڵیانکوتایە سەر مالی خوشکی چالاکێکی دەسبەسەرکراو
چوارشەممە ۲۷-۱۱-۱۴۰۰   |  16-02-2022
بەپێی هەواڵی سەرچاوە هەواڵنێرییەکان، شەوی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەرییان پێ بێت هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی “ئارەزوو لەتیفی”، خوشکی “کەیومەرس لەتیفی” چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە و نێو ماڵەکەیان پشکنیوە و مۆبایل و کەرەستە شەخسییەکانی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ئارەزوو لەتیفی تەمەنی ٤٣ ساڵە و خێزاندار و دایکی منداڵێکی ٦ ساڵانە و بە هۆی ئەو هێرشە و زەختی هێزە ئەمنییەکانەوە لە هۆشی خۆی چووە و دواتر گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی تەوحید لە سنە.
شایانی باسە کەیومەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کراوە.