ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ئیسلامی سەبارەت بە چوونەسەری ڕێژەی هێڵی هەژاری، دانی بەوە دانا کە هێڵی هەژاری گەیشتووەتە سی ملیۆن تمەن. ئەم ئامارەی مەجلیسی کۆنەپەرستی ئیسلامی ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی مانگی پووشپەڕ لەلایەن “محەممەد باقری بەنایی” ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسیش پشتڕاست کرایەوە. ئەو وتی: “بەلەبەرچاوگرتنی ڕێژەی تەوەرۆم و وەزعیەتی گوزەرانی خەڵک، ئەمڕۆ ئاستی هێڵی هەژاری لە تاران ٣٠ ملیۆن تمەنە. ئەو دانی بەوەدانا کە قەیرانی ئابووری و مەعیشەتی هێندە قووڵ و بەرینە کە نە بە ئازادکردنی پارەی بلۆکەکراو و نە بە ١٠٠ ملیارد دۆلار پاشکەوتی بانکی مەرکەزی لە ناوخۆ کە ئیدیعا دەکاتە هەیەتی، هیچ کارێک بۆ ئەم وڵاتە ناکرێ، چونکە خەرجیی دەوڵەت لەئاستێکی یەکجار بەریندا چووەتە سەرێ.
ئەم ئەندامەی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس نەیتوانی نیگەرانیی خۆی لەئاست مەترسییەک کە هەڕەشە لە دەسەڵاتی ئیسلامی دەکات بشارێتەوە و وتی: “پێویستە هەرچی خێراتر وەک بابەتێکی بەپەلە بەشوێن ڕێکارێکەوە بین بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان. ئەگینا شایەدی تەوەرۆمی یەکجار بەرین بەتایبەت بۆ توێژە مامناوەندەکان دەبین کە لەئێستادا بەهۆی چوونەسەری کرێ ماڵ و گرانی بەرەو حاشیە نشینی لە تاران و شارەکانی تر براون و لەوانەیە لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا شایەدی کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی جۆراوجۆر بین”. بە بڕوای ئەم کارگێڕەی ڕژیم تاکە ڕێگای تێپەڕین لەم قەیرانە ئابوورییە و چارەسەرەکردنی کێشەکانی ئێستا، هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی ناوخۆییە. ئەم نوێنەرەی مەجلیس ئاشکرای کرد کە بارودۆخی ئابووریی و گوزەرانی خەڵک هێندە خراپە کە تەنانەت ئەگەر پارەی بلۆکەکراویش بکەوێتە ئیختیار دەوڵەت، لەچاو پێداویستییەکانی خەڵک هێندە ڕێژەیەکی بچووکە کە هیچ جێیەگ ناگرێ. تا ئەو جێگەیەی بە ڕێکاری چارەسەکردنی کێشەکان لەڕێگەی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانییەوە دەگەڕێتەوە، ئەم ڕێکارە پێشتر بە بنبەست گەیشتووە. چونکە نیزامی سەرمایەداری لە ئێرانیش لەئاکامی قەیرانی پێکهاتەیی و ناتەباییەکانی ناوخۆی بێتوانا و دەرماندەیە. ئەم قەیرانە لە بێتوانایی سەرمایەداریی ئێران لە بەرهەمهێنانی بەرین و ڕکوودی بواری پیشەسازی، ڕێژەی یەکجار زۆری نەختینە و چوونەدەری سەرمایە، قەیرانی تەحەقوقی ئەرزش، ئینتقالی سەرمایەکان بەرەو سەرمایەی ماڵی و سەوداگەری و ڕکوودی وەبەرهێنان لەبواری بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ و خۆراک لەئاکامی سیاسەتی وێرانکەری ژینگە و وەرشکستەبوونی بانک و دامەزراوە ماڵییەکان، خۆی نیشان داوە. بەتایبەت لە ئێران بەهۆی پێکهاتەی سیاسی، ئایدیۆلۆژی و ئیداریی حکوومەت و نەبوونی ئەمنیەت، ڕیسکی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری یەکجار لەسەرێیە.
سەبارەت بە ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە عێراق، کۆرەی باشوور، ئەفغانستان و پاکستانیش بەسەرەنجدان بە گەمارۆکان و کۆنتڕۆڵی بەرینی ئەمریکا لەڕێگەی سازوکارە ماڵییە نێونەتەوەییەکان، ئەم دەوڵەتانە نەتەنیا ناتوانن پارە بلۆکەکراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئازاد بکەن، بەڵکوو تەنانەت ناتوانن بەهای نەوت و گازێک کە لە ئێرانیش کڕیویانە بیدەن. بۆ نموونە لە عێراق سەرەڕای هاتنە سەر کاری دەوڵەتێکی نزیک بە کۆماری ئیسلامی و هەوڵی ئەم دەوڵەتە بۆ ناردنی پارە، تا ئێستا نەیتوانیوە ١١ ملیارد دۆلار پارەی گازی ئێران بدات. لەمبارەوە محەممەد شیاع ئەلسودانی سەروکوەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی مانگی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە عێراق بۆ دانەوەی قەرزەکەی ئێران لە بابەتی کڕینی گاز، نەیتوانیوە دەوڵەتی ئەمریکا ڕازی بکات. هەروەها وتیشی بەهۆی ئەوەیکە ناتوانێ پارەی نەغد بدا بە حکوومەتی ئیسلامی، لە سەرەتای مانگی جولای ئەمساڵەوە هاوردەکردنی گاز لە ئێران تا ئاستی لەسەدا ٥٠ دێنێتە خوارێ و لەجیاتی ئەمە هەفتەی ڕابردوو گرێبەستێکی بە ئەرزشی ٢٧ ملیارد دۆلار لەگەڵ کۆمپانیی “تۆتاڵی” فەڕانسە واژۆ کردووە. کەوابوو ئومێدی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکان لەم وڵاتانە لە بارودۆخی ئێستادا ئومێدێکی واهییە.
بەڵام نیگەرانیی سەرەکیی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس و گشت دەسەڵات لەوەیکە بە قەولی خۆیان لە داهاتوویەکی نزیکدا شایەدی سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی جۆراوجۆر دەبن، حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگرە. هەروەک وەزعیەتی گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا لە ماوەی تەمەنی ڕژیمدا نیشانی داوە، حکوومەتی ئیسلامی هەتا ئێستا بێجگەلە داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەت، بێکاری و برسیەتی، مەحرومیەت و بێ مافی لەڕێگەی سەرکوت و کوشتار و ئەشکەنجە و فریوکاری، بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران خاسیەتێکی تری نەبووە. هەموو ئامار و داتاکانی ناوەندە ماڵییەکانی جیهان و تەنانەت ناوەندە ماڵییەکانی خودی ڕژیمیش نیشانی دەدات کە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە ساڵ بە ساڵ زیاتر نوقمی قەیرانی ئابووری دەبێت و بەرەوڕووی بنبەستی ئابووری بووەتەوە و کەوتووەتە مەسیری ڕووخانەوە. لەئێستادا ناوەند و مۆرەکانی حکوومەتی ئیسلامی دان بەوە دادەنێن کە لەسەدا ٥٧ی خەڵکی ئێران و لەناویداندا ١٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ بەرەوڕووی بەدخۆراکین. زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەسیشلە هەژاریی موتڵەق دان. لەئێستادا بەهۆی گەمارۆکان و چوونەسەری بەردەوامی بەهای دراوی بیانی بەرامبەر بە تمەن، زۆربەی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەرەوڕووی کێشە بوونەوە. کەوابوو لەم بارودۆخەدا ئیدیعای گۆڕینی ئەوزاعی ئابووری لەڕێگەی بەرهەمهێنانی ناوخۆییش پووچ و بێ ئیعتیارە. لەلایەکی دیکەوە حکوومەتی ئیسلامی ساڵ بە ساڵ لەگەڵ کەسری بوودجەی زیاتر بەرەوڕووە. لە ساڵی ١٤٠٠دا کەسری غەیری قابیلی تەئمینی بودجەی دەوڵەت ٣٠٧ هەزار ملیارد تمەن بوو. ئەم ڕەقەمە لە ساڵی ١٤٠١دا گەیشتە ٧٩٤ هەزار ملیارد تمەن. ڕەقەمی کەسری بوودجە لە ساڵی ١٤٠٢دا زیاتر لە یەک تریلیۆن تمەن بەرئاورد کراوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕێبەران و کارگێڕانی حکوومەت لەوپەڕی بێشەرمیدا دەڵێن: “ئەسڵەن کەسری بوودجەمان نییە”. لە بارودۆخێکدا کە بە ئیعترافی مەجلیسی کۆنەپەرستی ئیسلامی هێڵی هەژاری ٣٠ ملیۆن تمەنە، و لە هەلومەرجێکدا کە لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران نزیک بە شەش ملیۆن تمەن واتە پێنج بەرابەر ژێر هێڵی هەژارییە، حکوومەتی ئیسلامی هەوڵ دەدات ئەمساڵیش بەشێکی بەرین لە کەسری بوودجەی لە سفرەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانەوە دابین بکات.
کەسری بودجەی بەردەوام ڕوو لە زیادبوونی کۆماری ئیسلامی نیشانەی ئەوە کە ئەم دەسەڵاتە هیچ ڕێگاچارەیەکی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری و بەشوێنیدا قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە. ئەم ڕژیمە دز و گەندەڵە لە تەوەهومی ئەوەدایە کە دەتوانێ بە سەرکوت و کوشتار و درۆ دەسەڵاتی نگریسی ئیدامە بدات. بەڵام بێگومان ئەگەر حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران ناتوانێ وەک پێشوو درێژە بە دەسەڵاتی بدات، کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەشیش بە ئەزموون نیشانیان داوە کە نایانهەوێ وەک ڕابردوو بژین. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لە جەریانی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانەدا ئیرادەیان ڕێکدەخەن و بە ئاسۆیەکی ڕوونەوە پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران دابین دەکەن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە