فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هەوڵەکانی ڕژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ پای سندووقەکانی دەنگدان
یەکشەممە ۲۲-۱۱-۱۴۰۲   |  11-02-2024

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بردنەسەرەوەی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و مەجلیسی خۆبرگان، دەستی بە دامەزراندنی ٢٠٠ کاناڵی تلویزیۆنی بە مەبەستی پڕوپاگەندە بۆ ئەو بەربژێرانە کردووە کە جێگای متمانەی خودی ڕژیمن.
بەپێی بڕیاری ئیبراهیم ڕەئیسی، ٢٠٠ کاناڵی تلویزیۆنی بە ئامانجی پڕوپاگەندە بۆ بەربژێرەکانی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ بە شێوەی بەردەوام چالاکی دەکەن.
ئەم بڕیارەی ئیبراهیم ڕەئیسی لەکاتێکدا دەرکراوە کە لە پارێزگای خوراسانی باشووردا، هەموو بەربژێرەکان جگە لە خۆی سەڵاحییەتیان ڕەت کراوەتەوە و سەرۆککۆمار دەبێ لەگەڵ خۆی کێبڕکێ بکات.
ئەم هەوڵەی ڕژیم لە ڕاستای فریودانی خەڵكی ناڕازیی ئێران و ڕاکێشانیان بۆ پای سندووقەکانی دەنگدانە.
پەیمان جەبەلی، بەرپرسی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی لەمبارەوە وتی کە ئەم ٢٠٠ کاناڵە بۆ ماوەی یەک حەفتە و بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە خزمەت بەربژێرەکانی هەڵبژاردنەکاندا دەبێ.
ئەم هەوڵەی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە پێشتر نوێنەرانی ڕژیم لە مەجلیس لە هەوڵێکی پێشوەختەدا، بوودجەی دەنگوڕەنگی ڕێژیمیان زیاتر لە سێ هێندە، بەرز کردەوە و بوودجەکەیان گەیاندە ٢٤ هەزار میلیارد تمەن.
هەوڵەکانی ڕژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ پای سندووقەکانی دەنگدان لەکاتێکدایە کە بەپیی ڕاپرسی هەواڵدەریی “خەبەر ئانلاین”ی سەر بە ڕژیم، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، کەمتر لە ٣٠ لەسەد ڕاگەیەندراوە.
بە وتەی کارناسان، بە هۆی سەرکوتە سیستماتیکەکانی خۆپیشاندەران و ناڕازییان و لەسێدارەدانە بەربڵاوەکان، قەیرانی ئابووری و زاڵبوونی کەشی ئەمنییەتی لەسەر کۆمەڵگا، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژرادنەکانی داهاتووی ڕژیم بۆ کەمترین ڕێژەی خۆی لە ماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتی کۆماری ئیسلامیدا دابەزیوە.