فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هەڕەشەکانی ئیسرائیل و کاردانەوەی توندی ڕژیم
سێشەممە ۲۸-۰۱-۱۴۰۳   |  16-04-2024

لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ڕژیم هۆشدارییان دا کە تاران دەستبەجێ کاردانەوەی دەبێت.
هێرتزل هالێوی، سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل لە لێدوانێکی ڕوون لە بنکەیەکی ئاسمانی ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی بەنیازی لێدانی توانای سەربازیی ستراتێژیی ئیسرائیل بوو. پێشتر ئەمە ڕووی نەدابوو. کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی زۆر مووشەکی کرووز و دڕۆنی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرد و ئەمەش وڵامدانەوەی لەگەڵ دەبێت”.
ناوبراو لەبارەی کات و قەبارەی ئەو هێرشە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەدا. بەڵام میدیا نێونەتەوەییەکان ئەو قسەنەیان وەک “ڕوونترین پشتڕاستکردنەوە”ی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل سەبارەت بە وڵامدانەوەی هێرشەکەی سپای پاسداران هەڵسەنگاند.
لە بەرامبەر هەڕەشەی هێرشی ئیسرائیل، ئەبولفازل شکارچی، وتەبێژی باڵای هێزەکانی ڕژیم ڕایگەیاند، وڵامدانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئێران ئەمجارە بەهێزتر لە وڵامدانەوەی پێشوو بە ئیسرائیل دەبێت “.
هەروەها عەلی باقری، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە بەرنامەیەکی تایبەتدا ڕایگەیاند، “ئەگەر هەڵەیەکی دیکە دووبارە بکەنەوە، پێویستە چاوەڕێی ئەوە بکەن کە بە توندی و خێراتر و دەستبەجێ زیاتر لێیان بدرێت. پێویستە بزانن کە ١٢ ڕۆژیان دەرفەت نابێت. ئەو وڵامەی وەریدەگرن بە ڕۆژ و کاتژمێر ناگرێت بەڵکوو لە چرکەدا وڵامیان دەدرێتەوە.”
شەوی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ١٨٥ دڕۆن و ٣٦ مووشەکی کرووز و ١١٠ مووشەکی زەوی بۆ زەویی ئاراستەی ئیسرائیل کرد کە ٩٩ لەسەدیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە لە ئاسمان تەقێندرانەوە.
ڕۆژێک دوای هێرشی دڕۆنی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، کابینەی شەڕی بێنیامین نێتانیاهۆ، بڕیاری تۆڵەسەندنەوەیان داوە، بەڵام هێشتا لەسەر کات و قەبارەی وڵامدانەوەکە بریاری کۆتاییان نەداوە.