پارێزەری عەباس دریس، یەکێک لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە شارۆچکەی چەمران (جەراحی) ڕایگەیاند، مەترسی “قەساس” لە دۆسیەکە لابراوە.
فێرشتە تابانیان، پارێزەری عەباس و موحسین دریس، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕەزبەر ڕایگەیاند، بنەماڵەی “ڕەزا سەیادی”، ئەندامی یەگان ویژە کە لە کاتی کۆمەڵکوژیی نەیزاری ماهشەهردا کوژرا، بە وەرگرتنی دیە ڕازی بوون و دەزگای دادوەریش ئەم بڕیاری دیەی قەبووڵ کردووە، لە ئەنجامدا بڕیاری قەساس لە سەر دۆسیەی عەباس دریس لابرا.
عەباس دریس لە ساڵی ١٣٩٨وە لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانەی دادوەری لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ لە زینداندایە.
لەم دۆسیە ناڕوونەدا، عەباس دریس سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و حوکمەکەی لەلایەن دادگای باڵا پشتڕاستکرایەوە.
عەباس و موحسین دریس لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٣٩٨ و ماوەیەکی کەم دوای کوشتنی خۆپیشاندەرانی نەیزاری ماهشەهر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیمەوە دەستبەسەر کران. لەم دۆسیەیەدا عەباس دریس بە دوو تۆمەتی “مۆحارەبە” و “کوشتنی بە ئەنقەست”ی فەرماندەیەکی یەگان ویژە بە ناوی “ڕەزا سەیادی” و موحسین دریس بە “هاوکاریکردن لە کوشتنی ڕەزا سەیادی” تۆمەتبار کران.
ناوبراو لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەیدا، دانی بە ئامادەبوونی خۆی لە ناڕەزایەتییەکانی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە شارۆچکەی چەمران (جەراحی) دانا، بەڵام ڕەتیکردەوە هیچ تێوەگلانێکی هەبێت لە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل و داخستنی ڕێگاکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوونی ئەم شارۆچکەیەدا.