ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە ڕاگەیاندنی قەدەغە بوونی لەبەرکردنی جل و بەرگی کوردی، لە ئامادەبوونی هاووڵاتییانی کوردی خوراسان لە ڕێوڕەسمگەلی جیاوازدا بە جلی کوردییەوە، ڕێگرییان کردووە و ژمارەیەک لە چالاکەکان و هونەرمەندە کوردەکانیان بانگ کردووە و وێڕای هەڕەشەکردن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دوایییانەدا ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە پارێزگاکانی خوراسانی باکوور و خوراسانی ڕەزەوی، سەبارەت بە پۆشینی جلی کوردی لە ڕێوڕەسمەکان هۆشدارییان داوەتە ئەو بەشداربووانەی جلی کوردی لەبەر دەکەن و بەتایبەت پۆشینی جلی کوردی بۆ هونەرمەندەکان قەدەغە کراوە. شایانی باسە، هەر لەو ڕاستایەدا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی قووچان، بجنورد، شیروان، ئیسفەراین، و دەرەگز، ژمارەیەک لە هونەرمەندان و چالاکانی کوردییان بانگ کردووە و هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکردن، هۆشدارییان پێیان داوە کە مافی لەبەر کردنی جلی کوردییان نییە و ئەگەر سەرپێچی بکەن بە تۆمەتی “ئەندامبوون و هاوکاری لە گەل حیزبە نەیارەکانی ڕژیم” دۆسیەیان بۆ ساز دەکرێت.