ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەشەممە وڵاتانی ناسراو بە گرووپی ٧ هەڕەشەیان لە ڕژیمی ئیسلامی کرد کە ئەگەر مووشەکی زیاتر هەناردەی ڕووسیە بکات، سزاگەلێکی قورس بە سەریدا دەسەپێنن.
گرووپی ٧ کە لە وڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، کانادا، ئاڵمان، فەرانسە، ئیتالیا و ژاپۆن پێکهاتووە لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هەناردەکردنی چەکوچۆڵ لەلایەن ڕژیمەوە بۆ ڕووسیە، ڕایانگەیاندووە بۆ جارێکی تر داوا لە لایەنە سێهەمەکانی شەڕ دەکەین کە ئەگەر پشتیوانی ماڵی و سەربازی لە شەڕێکی نایاسایی و داگیرکەرانە بە دژی ئوکڕاین ڕانەگرن، ئەوە بەرەوڕووی سزاگەلێکی قورس دەبنەوە.
لەم بەیاننامەدا سەبارەت بە هەناردەی مووشەکی بالستیک لەلایەن ڕژیمەوە بۆ ڕووسیە هاتووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی هەناردەی مووشەکی بالستیک و تێکنۆلۆژی پێوەندیدار بەوەوە بۆ ڕووسیە ڕانەگرێت، وڵاتانی ٧ بە یەکگرتوویی ئامادەی وڵامدانەوەیەکی بەپەلە و بەرچاویان دەبن.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی شیرکەتی “ئێران ئەیر”ی بۆ ئورووپا وەک نموونەیەک لە سزاکان ناو بردووە.