فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هەژاری و فەلاکەتی ملیۆنی لە ئەفغانستان ئاکامی بیست ساڵ داگیرکاری
پێنجشەممە ۳۰-۱۰-۱۴۰۰   |  20-01-2022

ڕۆژی سێشەممە بیست و یەکەمی مانگی بەفرانبار، بەرابەر لەگەڵ یازدەی ژانویە نووسینگەی فریاکەوتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە گەورەترین بانگهێشت بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی ماڵی بۆ خەڵکی ئەفغانستان لە مێژووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە لایەن ئەم ڕێکخراوەوە بڵاوکراوەتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لانیکەم چوار و نیو ملیارد یۆرۆ یارمەتیی ماڵی لەمساڵدا پێویستە. دەوترێت کە بیست و حەوت ملیۆن کەس لە ئاکامی لەناچوونی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا پێویستیان بە یارمەتیی ماڵییە. بەسەرەنجدان بەوەیکە هەموو سرویسە خزمەتگوزارییەکانی تەندرووستیی لەکار کەوتوون، لانیکەم سەد و سی هەزار منداڵ مەترسیی مەرگیان لەسەرە. نزیڤ ٦ مانگ لەمەوبەر هەموو ئەو دەسەڵاتە ئیمپریالیستییانەی ڕۆژاوا کە فەڕشی سووریان بۆ بەدەسەڵات گەیشتنی یەکێک لە وەحشیترین باندە تیرۆریستە ئیسلامییەکان ڕادەخست، لە کردەوەیەکی هاوبەش و هاوکاتدا کاناڵی ناردنی پارەیان بۆ ئەم واڵاتە بەست. خودی داگیرکەران ڕایانگەیاندووە کە دەوڵەتی دەست نیشاندەی ئەشرەف غەنی ساڵانە بڕی ٨ و نیو ملیارد دۆلاری بۆ هەزینەی نیزامی و بوارەکانی تر وەردەگرت و حەفتا و پێنج لەسەدی بوودجەی دەوڵەت لەوانە سیستەمی تەندرووستی و دەرمان و پەروەردە هەر لەم ڕێگەوە دابین دەکرا. هەروەها پەیوەندیی ئەفغانستان لەگەڵ سیستەمی بانکی پچڕاوە و پاشەکەوتە دراوییەکانی ئەم وڵاتە لە بانکە نێونەتەوەییەکاندا ڕاگیراون. بەسەرەنجدان بە نالەباربوونی باروودۆخەکە و ناڕەزایەتییەکانی ناو ئەم کۆمەڵگایە، سەرەنجام بانکی جیهانی بڕی دوو سەد و هەشتا ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتی بە ئەفغانستان ئازاد کرد. واتە نزیک بە سی لەسەدی ئەو بڕە پارەیەی کە دەیانخستە ئیختیار دەوڵەتی ئەشرەف غەنییەوە. هاوکات “پرۆگرامی خۆراکی جیهانی” هۆشداری دا کە قەیرانی ئابووری، کێشمەکێشەکانی نێوان شەڕسالاران و ویشکەساڵی بووەتە هۆی ئەوەیکە زۆربەی بنەماڵەکان لەگەڵ کێشەی دابین کردن پێداویستییە سەرەتاییەکان بەرەوڕوو ببنەوە.

ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن کە تێچووی نیزامیی ئەمریکا لە شەڕی داگیرکەرانەی بیست ساڵەدا نۆسەد و سی و سێ ملیارد دۆلار بووە و دەوڵەتی ئاڵمان کە لە پلەی دووهەم دایە پەنجا و یەک ملیارد دۆلاری لەم شەڕەدا خەرج کروودە. هەڵبەت زۆرێک لە ناوەندەکان لە خودی ئەمریکا، تێچوونی ئەم داگیرکارییە بەلەبەرچاوگرتنی خەرجە لاوەکییەکانی لەوانە دواهاتی ئابووری، دابینکردنی تێچووی گەڕانەوەی سەربازان، کەمئەندام بوون، خەرجی دەرمان و زیانە دەروونییەکان، نزیکەی دوو هەزار و دووسەد و شەست و یەک ملیارد ڕاگەیەندراوە. هەڵبەت لەم لێکدانەوانەدا هەزینەی ئینسانی، لەناوچوونی ژێرخانی وڵات و پیسبوونی ژینگە و تەنانەت دواهاتی ئابووریی ئەمجۆرە داگیرکارییانە لەسەر ئابووریی جیهانی بەسەختی بەراورد دەکرێن. هەر ئەوەندە بەسە تا هەڵسەنگاندنێکمان بێت لە نێوان ئەم شەڕە و ئەوەیکە ئێستا بانکی جیهانی  بەناو لەڕووی دڵئاواڵەییەوە خستوویەتە ئیختیار ناوەندە غەیرە دەوڵەتییەکانەوە تا بەڕوونی دەرکەوێ کە بۆ ئەوانەی وا لە مەیدانی شەڕدا خەڵک دەکوژن و ئاوارە دەکەن، گیانی مرۆڤ هیچ بایەخێکی نییە.

ئەو ڕاپۆرتانە کە هەموو ڕۆژێ لە ژیانی فەلاکەتباری خەڵکی ئەفغانستان لە میدیاکانەوە بڵاودەکرێنەوە، تەنیا گۆشەیەک لە پانتایی ئەم کارەساتە نیشان دەدەن. بەدخۆراکی، برسییەتی، مردنی منداڵان و بێکاریی لە ئاستی ملیۆنی دا خەریکە دەبێتە بابەتێکی ئاسایی لەم کۆمەڵگایەدا. یوونیسێف، ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بیست و سێهەمی مانگی خەزەڵوەردا ڕایگەیاند کە باروودۆخی منداڵانی ئەفغانستان لە یەک ساڵی ڕابردوودا خراپتر بووە. یوونیسێف پێشتر وێڕای ڕاگەیاندنی “باروودۆخی نائاسایی مرۆیی بێوێنە” بەراوردی کرد کە سێ ملیۆن و دووسەد هەزار منداڵ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ تووشی بەدخۆراکی دەبن. ئەم ڕێکخراوە لە هەمان حاڵدا بەنیسبەت هاوسەرگیریی زۆرەملی منداڵان نیگەرانیی دەربڕیوە و وتوویەتی کە بنەماڵەکان بەهۆی هەژاری، کچانی بیست ڕۆژەی خۆیان بە پارە دەگۆڕنەوە. یوونیسێف هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا بیست و حەوت لەسەدی تەڵەفاتی منداڵان لە ئاستی جیهاندا، لە ئەفغانستان تۆمار کراوە.

 باروودۆخەکە ئەوەندە خۆفناکە کە زۆرێک لەو ژن و پیاوانەی کە پیشەکانی خۆیان لەدەست داوە بەرەو وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران دەڕۆن. واتە شوێنێک کە بەرپرسانی ڕژیم تەنانەت ئەوان وەک هاووڵاتیی ڕەدە چەندومیش بە ئەژمار ناهێنن. بۆ کۆماری ئیسلامی ئەرزشی ئەوان تەنیا بۆ ئەوەیە کە بە کۆیلەتی بکێشرێن و یان بکەونە خزمەت بەرزەفڕییەکانی ڕژیم لە سووریە و عێراق و لۆبنان و یەمەن. هەڵبەت هەموو ئەمانە دیمەنێکی خۆفناکەن لە سیمای کۆمەڵگای ئەفغانستان کە بەرهەمی بیست ساڵ داگیرکاریی ئەمریکا و باقیی دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکانە. دیمەنێکی دیکە، ئەو خۆڕاگرییەیە کە خەریکە خۆی ڕێک دەخات. لەشکری مەزنی کرێکارانی بێکار و ئەو گرووپە جۆراوجۆرانەی کە گرفتاری هەژارین، ژنانێک کە لە سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکانی بێبەری کراون، بێگومان نابنە سەیرکەری ڕەوتی لەناوچوونی خۆیان. ئەم جەماوەرە لەبیریان ناچێتەوە کە چلۆن لەسەر سەریانەوە دەوڵەتی دەست نیشاندەی گەندەڵیان زاڵ کرد. بیست ساڵی تەواو لەژێرناوی دیمۆکراسی و ئازادیی ژن، بۆمبەکانیان بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا باراند. کردیانە هات و هاوار کە گۆیا هاتوون تا خەڵک لە چنگ شەڕسالاران ڕزگار بکەن. بە بۆمبە خووشەییەکان ئەمنییەتیان لە خەڵک زەوت کرد. شەڕسالارانی تاڵەبان هەر ئەوکات لە پەنا گوێی ئەرتەشە داگیرکەرەکان لە پاکستان ڕاهێنانی پێویستیان دەبینی و خۆیان بۆ گرتنەوەی دەسەڵات ئامادە دەکرد. ئەگەر سەردەمانێک هەر ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییە بە یارمەتیی بێدەریغ و بەرینی ماڵیی ئەمریکا و عەرەبستان و ئیمکاناتی لۆجستیکیی پاکستان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕژیمەکانی سەربە شووڕەویی دەسەڵاتدار لە ئەفغانستان، لە مەدرەسەکانی پاکستان خەریکی ڕاهێنان بوون، ئەمجارەشیان هەر لەم مەدرەسانە خۆیان بۆ ستاندنەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا لە ئەفغانستان ئامادە دەکرد. لەئێستادا ئەوانەی وا لەژێرناوی دیموکراسی و ئازادیی ژن لەشکرکێشییان کردبوو، بە هەزیمەتی خۆیان نەتەنیا چەک و کەرەستەی مۆدێرنی نیزامییان بۆ تاڵەبان بەجێهێشت، بەڵکوو کۆمەڵگایەکی وێران، ملیۆنان خەڵکی بێکار و هەژاریشیان بەحاڵی خۆیان ڕەها کرد. 

سەرەڕای هەموو ئەم باروودۆخە فەلاکەتبارە نابێ بۆ ساتێکیش لەبیرمان بچێتەوە کە گرووپەکانی خەڵک و لە ڕیزی پێشەوەیان ژنان ڕایانگەیاندووە کە تەسلیمی ئەم باروودۆخە خۆفناک و دژەمرۆییە نابن. ئەوەیکە تەنانەت چەند گرووپێکی چکۆلە لە ژنان بە درووشمی “نان، کار، ئازادی” لەژێر بەرقی چەکی وەحشیانی دەسەڵاتداردا دێنە سەر شەقامەکان، هەڵگری ئەو پەیامەیە کە خەڵکی ئەفغانستان خۆڕاگرییان لە بەرامبەر تەسلیمبووندا هەڵبژاردووە و بێگومان جێگای شانازییە و مزگێنیدەری ئازادی و داهاتوویەکی ڕوونە.