ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بە ناوی “فائیزە مودەڕس گورجی” پاش ئەوەیکە ڕۆشتبووە ئیدارەی پولیسی ئەو شارە بۆ وەرگرتنەوەی پلاکی ماشینەکەی کە لە ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵڕۆژی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە بەهەشتی محەممەدیی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
“ژینا مودەڕس گورجی” هەڵسووڕاوی مافەکانی ژنان و کچی “فائیزە مودەڕس گورجی”، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکرانی دایکی نووسی: “هۆکاری دەسبەسەرکرانی دایکم تەنیا ئەوەیە کە لە سێهەمین ساڵڕۆژی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە گیانیان لەدەست دا، لە بەهەشتی محەممەدیی شاری سنە ئامادە بووە و گوڵی وەکوو ڕێز و وەفایەک لەسەر گڵکۆی ئایدا فەرزانە و ئاروین مورەتەب داناوە.”