وەزیری دەرەوەی عێراق داوای کردووە کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی هێرشکردنە سەر هەولێر داوای لێبوردن بکات و بە بەڵگە نیشانی بدات کە بنکەی مووسادی کردووەتە ئامانج.
فواد حوسێن لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئەمنییەتی مونیخ و لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕێکی ئێماراتی ڕایگەیاند: “عێراق خوازیاری ئەوەیە کە داوای لێبوردنی لێ بکرێت و هەروەها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەبێت بەڵگەمان ڕادەست بکەن کە بنکەی مووسادیان کردووەتە ئامانج”.
وەزیری دەرەوی عێراق زیادی کردووە “پاش هێرشەکانی ساڵی ڕابردووی سپای پاسداران بۆ سەر شارەکانی هەریمی کوردستان، بە بەرپرسانی ڕژیمی ڕاگەیاندووە کە ئەو شتانەی ئێوە دەیڵێن بێ بنەمایە”.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پاش هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی لە چەند نامەیەکدا بۆ شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی دەستدرێژی و پێشێل کردنی ئاشکرای سەروەری خاک و ئەمنیەتی خەڵکی عێراقە.
فواد حوسێن لەو وتووێژەدا جەختی کردووەتەوە کە عێراق دەتوانێت داواکاری دانیشتنی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت تاکوو لێکۆڵینەوە لە سەر سکاڵای ئەو وڵاتە لە کۆماری ئیسلامی بکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بە ئاماژەدان بە چەواشەکارییەکانی ڕژیم لە سەر کردنە ئامانجی بنکەی مووساد وتی: “بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامی هەر سوورن لە سەر چەواشەکارییە بێ بنەماکانیان و ڕەنگە ئەوە بۆ فریودانی خەڵکی خۆیان بێت و کەسیش بڕوایان پێ ناکات”.
هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە هێرشی هاوکاتی ڕژیم بۆ سەر پاکستان کرد و لەم بارەوە وتی: “چونکە پاکستان وڵامی هێرشەکەی سپای پاسدارانی دایەوە، بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامی ڕۆژی دواتری بۆ داوای لێبوردن کردن گەیشتنە پاکستان”.