“ئەحمەد وەحیدی” وەزیری ڕژیم لە ڕاگەیەندراوێکی زۆر نهێنیدا داوای لە دەزگای دادوەریی کردووە کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ بێحیجابی، دادگای گەڕەک لە شەقام، کۆڵانەکان، ناوەندە گشتییەکان وەکوو بازاڕە گەورەکان و هەر جێگایەک کە بە پێویستی بزانن، دامەزرێنن.
یەکێک لەو ڕاگەیەندراوانە ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی و یەکێکی دیکەیان لە ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢ بە مۆری زۆر نهێنی و بەپەلە و بە واژۆی وەزیری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ هاواهەنگی لەگەڵ وەزارەتخانەکان، حیفازەتی سپا، وەزارەتی ئیتلاعات، سازمانی ئیتلاعاتی فەراجا و ناوەند و دامەزراوەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێحیجابی نێردراوە.
لە بەندی ١٢ی یەکێک لەو ڕاگەیەندراوانەدا داوا لە فەراجا و ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە کە دژی ئەو کچە قوتابییانەی کە حیجابی زۆرەملێ ڕەچاو ناکەن بەڵگە کۆ بکرێتەوە تا لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانەوە لەگەڵیان مامەڵە بکرێ.
لە بەشێکی دیکەدا فەرمان بە کارمەندانی ڕژیم دراوە کە ئەو کەسایەتییە دیارانەی کە حیجابی زۆرەملێ ناپارێزن یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵک بۆ لای بێحیجابی هان دەدەن بە تاوانی بڵاوکردنەوەی فەساد لە ناوەندە دادوەرییەکان دۆسییەیان بۆ دروست بکرێ، هەروەها بچنە ناو ماڵ و جێگای ژیانیان و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا بگرن.
لە بەشێکی دیکەدا، کافی شاپەکان بە یەکێک لە ناوەندە خراپ و هاندەرکان لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” ناسێنراون و داوا کراوە کە ئەو کافانە بەتایبەت ئەوانەی لە قوتابخانە و زانکۆکان نزیکن دابخرێن و بە یەکجاری پۆلۆمب بکرێن.