فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار بکەینە ڕۆژی ئاخێزی سەرانسەری بۆ ئازادیی خوێندکارانی بەندکراو و سەرجەم بەندکراوانی سیاسی
شەممە ۱۲-۰۹-۱۴۰۱   |  03-12-2022
١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار بکەینە ڕۆژی ئاخێزی سەرانسەری بۆ ئازادیی خوێندکارانی بەندکراو و سەرجەم بەندکراوانی سیاسی

ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە شازدەی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار نزیک دەبینەوە کە کۆمەڵگەی ئێران کەوتووەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە و بزووتنەوەی خوێندکاری یەکێک لە ستوونە بەهێزەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بووە. لە بەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان کە جەستەی بێ گیانی ژینا ئەمینی لەژێر کەشوهەوای ئەمنییەتی لەناو تۆڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی خەباتکاری سەقزدا بە خاک سپێردا، شەپۆلێک لە جموجۆڵی شۆڕشگێڕانە زانکۆکانی ئێرانی داگرت. لە ٢٨ی مانگی خەرمانان لە حاڵێکدا کە کوردستانی شۆڕشگێڕ دژبە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی مانگرتنی گشتیی تێکەڵ بە ناڕەزایەتیی شەقام کردبوو، خوێندکاران لەئاستێکی کەم وێنەدا لە زۆرێک لە زانکۆکانی ئێران بە دروشمی “لە کوردستانەوە تا تاران ستەم دەکرێ لە ژنان”، “لە کوردستانەوە تا تاران، خوێناوییە گشت ئێران”، “ژن، ژیان، ئازادی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ئەمە دوا پەیامە، ئامانج گشت نیزامە”، “مەرگ بۆ چەوسێنەر چ شا بێت و چ ڕێبەر”، “کرێکاری نەوتی ئێمە، ڕێبەری سەرسەختی ئێمە”، “ئێمە هەموومان مەهساین” زانکۆیان کردە مەیدانی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژبە گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی، بەرابەری”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی” و بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک فڕێدانی حیجاب لەسەر شەقام، یەکێک لە بنەماکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامییان وێران کرد. ئەگەر ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ دۆسیەی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و ستراتێژی تێپەڕینی هێمنانەیان داخست، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستاش دۆسیەی دەسەڵاتی دینی و ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی مەزهەبیی خستە لاوە کە دوای کۆتایی کاری دیکتاتۆری دینی بەنیازی دامەزراندنی حکوومەتی مەزهەبیی دیکەیە لەژێرناوی “کۆماری دیموکراتیکی ئیسلامی”. سووتاندنی سەرپۆش و خۆبواردن لە هەرجۆرە ڕێوڕەسمێکی ماتەمین بە ئایین و هێمای دینییەوە، موجاهیدینی خەلقی وەک کۆپییەکی دیکە لە ئیسلامی سیاسی بەشێوەی بەرین ڕسوا کرد. هەروەها دروشمی “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر” کە لە شەقام و زانکۆکان دەنگی دایەوە سەڵتەنەت خوازەکانی دەرەوەی وڵاتیشی لەبواری ستراتێژییەوە تووشی قەیران و سەرلێشێواوی کردووە.

ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بێجگەلە ئەم دەستکەوتە سیاسییانە لە بواری تاکتیکیشەوە دەستکەوتی گرینگی بووە. تاکتیکی وێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی شەقام لەگەڵ مانگرتنی گشتی لەئاستی شار، بەرپاکردنی ناڕەزایەتیی سەرشەقام هاوکات لە چەندین شوێنی شار و پێکهێنانی ڕێبەندان بۆ سنووردارکردنی توانای مانۆڕی هێزە سەرکوتگەرەکان، خستنە داو و ڕاونانی هێزە سەرکوتگەرەکان، هێرش بۆسەر پایەگا و ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیم لە وڵام بە پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکان، گرتنەوە و ئازادکردنی چەند ناوچە لە شار بۆ چەند کاتژمێر، کردنی زانکۆ و مەدرەسە بە ناوەندی ناڕەزایەتی و مانگرتن کە هەزینەی سیاسیی سەرکوت لەم شوێنانە بۆ ڕێژیم قورسترە و لە دوایین نموونەدا بەڕێوەبردنی مەراسیمی چلەمین ڕۆژی گیان بەختکردووانی ئەم ئاخێزە لە شارە جۆراوجۆرەکانی وەک تاکتیکی کاریگەر بۆ جەماوەریتر کردنەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، لە زومرەی ئەو تاکتیکانە بوون کە لەم قۆناغەدا لەلایەن چالاکان و ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکانەوە بەکار هێندراون. ڕێکخەرانی ئەم ناڕەزایەتییانە بە گرتنەبەری ئەم تاکتیکە جۆراوجۆرانە سەرانی ڕێژیم و هێزە سەرکوتگەرەگانیان ئاڵۆز و سەرلێشێواو کردووە.

بەڵام ئەم دەستکەوتانە بە قیمەتی خۆڕاگری، بوێری و فیداکاریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە شەقامەکان، زانکۆ و مەدرەسەکان بەدەست هاتوون. لەماوەی زیاتر لە دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا و لە جەرەیانی ئەم ناڕەزایەتیی و نەبەردانەی شەقامدا زیاتر لە ٥٠٠ ئینسانی خەباتکار لەسەر شەقام یان لە ئەشکەنجەخانەکانی خوێنڕێژانی حکوومەتی ئیسلامیدا گیانیان بەخت کردووە کە نزیکەی ١٠٠ کەس لەم گیان بەختکردووانە منداڵ بوون. هەزاران کەسی تریش برینداربوون و زیاتر لە ١٥ هەزار کەسیش دەستبەسەرکراون و ڕفێندراون. 

مانگرتن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی یەک لەدوای یەکی خوێندکاران لە زانکۆکان و ناڕەزایەتیی بەردەوامی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەسەر شەقامەکان و ئەم موقاومەت و خەباتە بەرینە لەئاستی ئێران و جیهاندا بە بیروڕای گشتیی نیشان دا کە بوختانی بێشەرمانەی خامنەیی و باقیی سەرانی ڕێژیم و “ئاژاوەگێڕ” پێناسەکردنی ناڕازییان و نیسبەتدانی ئەم ڕەزمە شۆڕشگێڕانەیە بە دەسەڵاتی دەەرکی، درۆیەکی ئاشکرایە و بیانوویەکی هەمیشەیی و کۆنە بۆ درێژەدانی جەنایەت و تاوانی حکوومەتی ئیسلامی.

کرێکاران، خوێندکاران، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز! با ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار بکەینە ڕۆژی ئاخێزی سەرانسەری بۆ ئازادیی خوێندکارانی بەندکراو و سەرجەم بەندکراوانی سیاسی

تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co