١٦ی گەلاوێژی ١٣٨٤ لە بزووتنەوی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا رۆژێکی مێژووییە و قەد لەبیر ناچێتەوە. لەو رۆژەدا خەڵکی کۆردستان لەسەر بانگەوازی کۆمەڵە یەکدەنگ و یەکگرتوو لەدژی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان مانگرتنێکی شکۆداریان بەڕێوەبرد. ئەمڕۆ ١٧ ساڵ بەسەر ئەو رۆژە مێژووییەدا دەگوزەرێت. لەو رۆژەدا خەڵکی کوردستان نیشانیان دا کە دەتوانن بەهێزی لەبن نەهاتووی خۆیان هێزە سەرکوتگەرەکانی رێژیمی نەزانی و خورافاتی ئیسلامی بەچۆک دابێنن. ئەو رۆژە مێژووییە هەروەها سەلماندی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بەگوڕ و تینەوە درێژە بەخەبات بۆ وەدیهاتنی ئامانج و خواستەکانی دەدات. پرسیار ئەوەیە کە ئەم حەرەکەتە مێژووییە لەچ بارودۆخێکدا پێکهات و چۆن رێکخرا؟
دەست و پێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی لەرۆژی ١٨ی مانگی پووشپەڕی ئەو ساڵەدا هەوڵیان دا لاوێکی خەڵکی مهاباد بەناوی “کەماڵ ئەسفەرام”، ناسراو بە “شوانە قادری” دەستبەسەر بکەن. کاتێک هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم نەیانتوانی “شوانە” دەستبەسەر بکەن، دایانە بەر دەسڕێژی گولـلەو برینداریان کرد. لەدوای دەستبەسەر کردنی شوانەدا، ئەشکەنجەکردنی دەستیپێکرد و لەکۆتاییدا لەژێر ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا گیانی بەختکرد. بەڕێوەبەرانی ئەم تاوانە دەیانویست لەم رێگەیەوە خەڵک چاوترسێن بکەن، بەڵام خەڵکی خەباتکاری مهاباد نە تەنیا چاوترسێن نەکران، بەڵکوو دەست بەجێ دوای ئاگاداربوون لەم جەنایەتەی ڕێژیم لەبەردەم ماڵی ئەم لاوەدا کۆبوونەوەو هاوخەمی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەکەی دەربڕی و نەفرەت و بێزارییان لەکۆماری ئیسلامی نیشان دا. جەماوەری ناڕازی لەمهاباد بەتایبەتی ژنان و لاوان لەرۆژانی ١٩ و ٢٠ی مانگی پووشپەڕدا لەناڕەزایەتی بەو جەنایەتەدا هاتنە سەر شەقامەکان و دژ بەڕێژیمی ئیسلامی درووشمیان داو بەسەرکوتگەرانی ئیسلامییان راگەیاند لەو تاوانە خۆش نابن. رۆژی ٢١ی هەر ئەو مانگە خۆپیشاندانەکە ئاستێکی بەرینتری بەخۆیەوە گرت و هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم بەرەوڕووی موقاومەتی خەڵکی خەباتکاری مەهاباد بووەوە. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لەئاسمان و زەوییەوە تەقەیان لەخەڵکی راپەڕیو کرد. لەو رۆژەدا کۆمەڵانی خەڵکی مهاباد خۆڕاگرییەکی بێ وێنەیان لەخۆیان نواند. لەو بەرەوڕووبوونەوەیەدا ٥٠ کەس لەخۆپیشاندەران دەستبەسەر کران. رۆژی ٢٢ی مانگی پووشپەڕ خەڵکی شار لەناڕەزایەتی بەتووندوتیژی نواندن لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی و بۆ دەربڕینی نەفرەت و بێزاری خۆیان لەم کردەوە سەرکوتگەرانەیەی ڕێژیم و میلیتاریزەکردنی ناو شار دووکانەکان و شوێنەکانی کاریان داخست. ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری خەڵکی مهاباد شارەکانی تری کوردستانی داگرت. خەڵکی خەباتکار و لاوانی شۆڕشگێڕ لەشاری شنۆ، پیرانشار، بانە، سەقز، سەردەشت، مەریوان، سنە، دیواندەرەو بۆکان بەناڕەزایەتییەکان پەیوەست بوون. خۆپیشاندەران لەم شارانە ئەم تاوانەیان مەحکوم کردو داواکارییەکانی خۆیان هێنایەگۆڕێ. کۆمەڵانی خەڵک لەشارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان خوازیاری ناساندن و سزادانی بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی ئەو تاوانە، ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی دەستبەسەرکراوان و کۆتایی هێنان بە کوشتن و بڕین لەکوردستان بوون. وەڵامی کۆماری ئیسلامی بەم داواکارییە ڕەوایەی خەڵکی کوردستان ناردنی هێزی زیاتر بوو و بەکرێگیراوەکانی خستە گیانی خەڵک.
ئەگەرچی داواکارییەکانی ئەم خەباتە گەلێک روون بوو، بەڵام بەهۆی پرژوبڵاوی لەشارە جۆراوجۆرەکان قوربانییەکی زۆری لێ کەوتەوە. لەشاری سەقز چەکدارەکانی ڕێژیم تەقەیان لەجەماوەری خۆپیشاندەر کرد. لەئاکامی ئەم تەقانەدا ژومارەیەک کوژران و ژومارەیەکی زۆریش بریندار بوون. ڕێبەریی کۆمەڵە کە لە هەمان ڕۆژی ١٨ی مانگی پووشپەڕەوە ئەوزاعی شارەکانی کوردستانی تەعقیب دەکرد، بە شناختێک کە لە حەساسییەتی باروودۆخەکە بووی، هەموو نیگەرانی و دەغدەغەی ئەوە بوو کە بە چ هەوڵێک و بە گرتنەبەری چ تاکتیکێک بەر بەم ڕەوتە بگرێت کە دەیتوانی ببێتە هۆی بێهیوایی و دڵساردبوونەوەی خەڵک و کارێک بکات کە خەڵک لە کۆتایی ئەم دەورەیە لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمن نەتەنیا مەئیووس نەبن بەڵکوو هەست بە هاوپشتی و شانازی و سەرکەوتن بکەن. ئیتر کاتی ئەوە گەیشتبوو کە جەماوەری خەباتکار لەبزووتنەوەیەکی رێکخراودا هێزی لەبن نەهاتووی خۆیان بەدووژمن نیشان بدەن. کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کومۆنیستی ئێران، لەرۆژی ١٦ی گەلاوێژی١٣٨٤دا ڕێژیم بانگەوازی مانگرتنێکی گشتی و سەرتاسەری لەناڕەزایەتی بەهەڵسووکەوتی دڕندانەی ڕێژیم راگەیاند. ڕێبەریی کۆمەڵە لە باروودۆخێکدا کە شارەکانی کوردستان بەتوندی میلیتاریزە کرابوون، مانگرتنی گشتیی بە گونجاوترین شێوازی دەربڕینی یەکگرتوویی و هاوپشتی دەزانی. لە دیاریکردنی کاتی مانگرتنە گشتییەکەدا دوو فاکتۆری سەرەکی لەبەرچاوگیرا. یەکێک ئەوەیکە نەدەبوایە لە ڕووداوەکانی کوردستان زۆر فاسلە بگرین و دووهەم دەرفەتی پێویست بۆ وەڕێخستنی هەڵمەتێکی تەبلیغی و ڕێکخستنی ئەم حەرەکەتە مێژووییەمان لە ئیختیاردا بێت. بانگەوازەکەی کۆمەڵە لەرۆژی ١١ی هەر ئەو مانگەدا لەراگەیاندنێکی تەشکیلاتیدا بەئاگاداری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەیشت. لەو راگەیاندنەدا کۆمەڵە وێڕای ئاماژەیەکی کورت بە خەباتی قارەمانانەی جەماوەری خەڵکی کوردستان دژ بەسەرکوتگەرانی کۆماری ئیسلامی، داواکارییەکانی خەڵکی بەو شێوەیەی خوارەوە کۆبەندی کرد:
١. ناساندن و سزادانی بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی جەنایەتەکانی ئەم دواییانە لەشاری مهاباد و شارەکانی تری کوردستان.
٢. ئازادی بێ شەرت و مەرجی گشت دەستبەسەرکراوان.
٣. ئاسایی کردنەوەی کەش و هەوای شارەکان و گەڕاندنەوەی هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ مۆڵگەکانیان.
٤. بەڕەسمی ناسینی بەمافی خەڵک لەئاست بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان بۆ وەدیهاتنی داواکارییەکانیان.
بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتی بەخێرایی هەموو شارەکانی کوردستانی داگرت. سێ ڕۆژ بەر لە مانگرتنەکە دەیان و شایەد سەدان هەزار نوسخەی بانگەوازی کۆمەڵە و بەرگی تەبلیغیی پێوەندیدار بەم بانگەوازە لە ئاستی شارەکانی کوردستاندا بڵاوبۆوە. لە جەرەیانی بڵاکردنەوەی فەراخان و ئەوراقی تەبلیغیدا زانیاری ئاشیان جەوانی پڕگوڕوتینی خەڵکی شاری سنە بەتەقەی هێزە خوێنڕێژەکانی سەرمایە گیانی بەختکرد و ناوی بۆ هەمیشە ئاوێتەی ١٦ی گەلاوێژ و مێژووی خەباتی خەڵکی ستەملێکراو بوو. توانای سازماندان و قەبارەی تەبلیغاتێک کە لەم چەند ڕۆژەدا ئەنجام درا تەنیا بە زەرفییەت و بەرینایی تەشکیلاتی کۆمەڵە لەناو شارەکانی کوردستان قابیلی تەوزیح نەبوو. لەڕاستیدا کۆمەڵە لە باروودۆخێکدا وڵامی بە زەروورەتێکی سیاسی و بە نیازێکی خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستان دابۆوە کە ئەحزاب و هێزە سیاسییەکانی تیر تەنانەت نەیاندەتوانی دەرکی بکەن و هەر ئەم واقعییەتەش بوو کە هێزی جەماوەری خەڵکی کوردستان لەئاستی کۆمەڵایەتیدا وەحەرەکەت خست.
هاوکات هێزەکانی ڕێژیم بۆ بەرگرتن لەو مانگرتنە کەوتنەخۆ و هەڕەشەو گوڕەشەکانیان دەستپێکرد. حیزب و لایەنە ناسیۆنالیستەکانیش بۆ سەرنەکەوتنی ئەو مانگرتنە لە هیچ هەوڵێک کۆتاییان نەکرد. لە بەرامبەردا حیزب و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران لەم بانگەوازە پشتیوانییان کرد. بەڵام سەرەڕای هەموو هەڕەشەکانی ڕێژیم و کارشکێنیی حیزبە ناسیۆنالیستەکان، لەرۆژی ١٦ی گەلاوێژدا خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بازاڕ و کارگاو ئیدارە، مەدرەسە و دووکان و ناوەندەکانی تری کاریان داخست و دەستیان دایە مانگرتنێکی گشتی و سەرتاسەری. خەڵکی ناڕازی لەشارەکانی مهاباد، سەقز، بۆکان، سنە، شنۆ، پیرانشار، بۆکان، بانە، سەردەشت، رەبەت، مەریوان، کامیاران و دیواندەرەو شارۆچکە و گوندەکانی تری کوردستان لەئاستێکی بەریندا بەمانگرتنەکە پەیوەست بوون. شایانی باسە لەشارەکانی نەغەدەو ورمێشدا بەشێکی زۆر لەخەڵک لەو مانگرتنە گشتییەدا بەشدارییان کرد.
ئەو مانگرتنە شکۆدارە لەمێژووی خەباتی سیاسی خەڵکی کوردستاندا تۆمار کراوە. ١٦ی مانگی گەلاوێژ بە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان پەیوەست بوو. ئەو مانگرتنە جارێکی دیکە نیشانی دا جەنایەت و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە درز بخاتە نێو ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵک لەدژی. سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە بۆ چەندین دەیە لەخەباتی لێوانلێو لەفیداکاری و ئازایەتی خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە. لەئاکامی ئەم خەباتە شێلگیرانەی تێکۆشەرانی شاری مهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستاندا داواکارییەکانی خەڵک وەدیهات. ڕێژیم کە لەبەرانبەر هێزی یەکگرتووانەی جەماوەری خەڵکدا داماو بوو، رۆژی دوای مانگرتنەکە فریوکارانە لێژنەیەک لەئەندامانی مەجلیسی ئیسلامی بۆ شارەکانی کوردستان نارد تا بەناو داوای لێخۆشبوون لەخەڵک بکەن. ئەندامانی ئەو لێژنەیە بەیارمەتی ئیمام جومعەکان و فەرماندارەکانی شارەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ویست و داواکارییەکانی خەڵک هەوڵیان دا خۆڵ بکەنە نێو چاوی خەڵک، بەڵام هەوڵەکەیان بێ ئاکام مایەوە.
دەرس و ئەزموونەکانی ئەم مانگرتنە سەرتاسەرییە بە ئەزموونی بێ پایان و دەوڵەمەندی خەڵکی کوردستان بۆ درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەکوردستان زیاد بوو. هەر ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە رێگای بۆ مانگرتنی سەرکەوتووانەی ٢٣ی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩ دژ بەئیعدام کردنی فەرزادی کەمانگەر و هاوڕێیانی خۆشکرد. هەروەها بەهۆی مانگرتنی ١٦ی گەلاوێژەوە لەرۆژی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧دا مانگرتنێکی سەرکەوتووانەی سەرتاسەری دیکە بەڕێوەچوو. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەو رۆژەدا لەناڕەزایەتی دژبە لەسێدارەدانی رامینی حسەین پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی و بۆردمانکردنی مقەڕەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەعێراق مانگرتنێکی شکۆداری دیکەیان بەڕێوەبرد.
ئەم سێ مانگرتنە گشتی و سەرانسەرییەی کوردستان بەتایبەت لەباروودۆخی ئێستادا کە مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتی لە سەرانسەریی ئێران دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە ژێر گوشارەوە، تەجرەبە و ئەزموونێکی بەنرخن کە نەتەنیا بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکوو لەئاستی سەرتاسەریی ئێراندا دەتوانێ ببێتە ئۆلگوویەک بۆ پێشڕەوی و بەهێزکردنی خەباتی ئێستای کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتوو و ناڕازی.