ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژ، ٤٦ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی گوندی ئاق دەرە سەر بە تیکاب، بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لە ورمێ گواسترانەوە. لانیکەم ٥٠ هاووڵاتیی لە کاتی خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی گوندی ئاق دەرە لە دژی دانەمەزراندنی کەسانی خۆجێی لە کانی زێڕی ئەم گوندە دەستبەسەرکران. هەتا ئێستا ناوی ٢٩کەسیان زانراوە. شیاوی ئاماژەپێدانە کە لە ڕەوتی سەرکەوتی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە، سێ هاووڵاتیی ئەم گوندە بە ناوەکانی ناسر بەهرامیان، حوججەت موئمن زادە و ئارمین نیک زاد بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە بە سەختی برینداربوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ و زەنجان گواسترانەوە. هەر لەم ڕاستایەدا، ڕەزا موزەفەر، فەرماندەی نیزامی شاری تیکاب، خۆپیشاندەرانی بە “تێکدەری نەزم و ئاسایش” ناودێر کردووە و ڕایگەیاندووە کە بە هۆی “کۆبوونەوەی نایاساییەوە” دەستبەسەرکراون. هاوکات، مەهدی تەقی زادە، دادستانی گشتی و شۆڕشی تیکاب، لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە “بۆ خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراو دۆسییەی یاسایی دەکرێتەوە.” لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی دووشەممە ٩ی گەلاوێژ، هێزەکانی ڕژیم هەڵیانکووتایە سەر گوندی ئاق دەرە. سەرەڕای دەستبەسەرکرانی لانیکەم ٥٠ هاووڵاتیی و برینداربوونی سێ کەس بەتەقەی ڕاستەوخۆ، ئەم هێزانە زیانێکی زۆریان بە ماڵ و ئۆتۆمبێلی دانیشتوانی گوندی ئاق دەرە گەیاند.