فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پاشەکشەی ئەوان و پێشڕەویی ئێمە لە سەردەمی پاش «بووژاندنەوەی بەرجام»
سێشەممە ۰۳-۱۲-۱۴۰۰   |  22-02-2022

دوایین ڕاپۆرتەکان لە لایەن لایەنەکانی دانوستانکار لە ڤییەن لەسەر بووژاندنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی باس لەوە دەکەن کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدەست هاتووە و ڕەوتی دانوستانەکان بۆ بڕیاردانی سیاسی چووەتە قۆناغی نیهاییەوە. ئەم مەسەلەیە پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتری خەباتی سەربەخۆ و جەماوەریی کرێکاران و بێبەشانە بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی بەرزتر لە قۆناغە پڕ لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو. هەنگاوگەلێک کە پێویستە بە وشاری و هێزێکی زیاترەوە بەرەو یەکگرتوویی و هاوپشتیی هەڵبگیرێن.

لەلایەکەوە، عەلی باقری، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە جەرەیانی دانوستانەکانی بووژاندنەوەی بەرجام لە ڤییەن ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕێبەندان لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە: «دوای چەندین حەوتوو وتووێژی چڕوپڕ، زیاتر لە هەموو کاتێک لە ڕێککەوتن نزیک بووینەتەوە.” و هەروەها وتی: «کاتی بڕیاردانی لایەنە دانوستانکارەکان هاتووە». هەروەها ئەمیر عەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئیسلامی ڕۆژی دواتر لەمبارەوە وتی: «ئێمە لە ڕێکەوتنێکی باش نزیکین». لەلایەکی دیکەوە، لە بەری دانوستانکارانی لایەنی بەرامبەریش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وێڕای ئاماژە بە گەیشتن بە «پێشکەوتنی بنەڕەتی» حەوتووی ڕابردوو وتی: «ئەگەر ئێران جیددییەت لەخۆی نیشان بدات دەبێت بتوانین لەماوەی ڕۆژانی داهاتوودا بە ڕێکەوتن بگەین.» هەرلەمبارەوە هەواڵدەریی ڕوویتێرز، لەسەر زاری کاربەدەستێکی باڵای ئەوڕووپا نووسیی کە چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە ڕێکەوتنێک لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران بەدەست بێت.

هەروەک چاوەڕوان دەکرا ڕەوتی دانوستانەکانی ڤییەن لەسەر «بووژاندنەوەی بەرجام»   قۆناغی نیهایی بڕیاردان تێدەپەڕێنێت و بەم زووانە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار دەبێت «جامی ژەهر»ێکی دیکە بنۆشێت و سازان و تەسلیمبوون لە بەرامبەر دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوادا قەبووڵ بکات. کۆماری ئیسلامی لە باروودۆخێکدا لەبەرامبەر فشارە کەمەرشکێنەکانی ئەمریکادا ناچار بە پاشەکشە بووە کە کۆمەڵێک قەیرانی بەرین و قووڵ بەرۆکیان گرتووە. ئەم ڕژیمە لەژێر مەنگەنەی لەناوچوونی شادەمارە ئابووری و ماڵییەکان و هەروەها شەپۆلی پڕخرۆشی خەبات و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سەرتاسەری ئێران وەتەنگ هاتووە و ڕێگایەکی بێجگەلە تەسلیمبوون و ملکەچکردن بۆ دەربازبوون لەم باروودۆخە قەیراوانییەی ئێستا نییە. هەروەها دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاواش لەم ڕاستییە ئاگادارن کە کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم ئاڵوگۆڕی مەزندایە و هەردەم ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە دەسەڵاتی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لەئاکامی ئاخێز و ڕاپەڕینێکی گشتیدا تێکەوپێچترێت. هەربۆیە، ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداریی جیهانیش کۆماری ئیسلامیی سەرشۆڕ و ڕامکراویان لە باروودۆخی پڕ لە گرژی و شۆڕشگێڕانەی ئێراندا پێ باشترە. بەپێچەوانەی سیاسەت و  هەوڵی بەردەوانی ڕەوتی ڕاست و بورژوایی کە چاوی هیوایان لە بەڕێوەبردنی زۆرترین گەمارۆی ئابووری، گۆڕین لە سەرەوە، ڕژیم چەینج، لەڕێگەی دەخاڵەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیست و کۆنەپەرستەکان بڕیبوو، دەسەڵاتەکانی ڕۆژاواش لە ڕاپەڕێنێکی شۆڕشگێڕانە لە ئێران دەترسن و هەوڵ دەدەن ڕژیمی ئێران ناچار بە پاشەکشە بکەن و لەگەڵ ستراتێژ و بەرژەوەندی خۆیان لە ناوچەکە هاوئاراستەی بکەن. لە حاڵێکدا کە ڕەوتە دەستی ڕاستییەکان بەردەوام لە داڵانەکانی کۆشکی سپیدا سەرگەردان بوون و بۆ دیدار  و ڕەسمگرتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڕۆژاوا لەگەڵ یەکتر کێبەرکێیان بوو، واتە هەر ئەو هێزانەی کە بەردەوام جەماوەری خەڵکیان بە هیوای هاتنی «دەستی غەیب» لە چاوەڕوانیدا ڕادەگرت، بەڵام خەباتی جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشی کۆمەڵگا بەردەوام لە ئارادابووە.

لە کەس شاراوە نییە کە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکیی نەهامەتی، هەژاری و فەلاکەت، قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگای ئێراندا بووە. هەربۆیە بە جێبەجێبوونی بووژاندنەوەی بەرجامیش ئەم کێشە و قەیرانانە هەروا وەک خۆیان دەمێننەوە. هاوکات نابێ لەبیر بکرێت کە دووکەڵی گەمارۆی سەخت و قورسی ئابوری لەلایەن دەوڵەتی ئیمپریالیستیی ئەمریکا پتر لە هەمووان چووەتە ناو چاوی زۆربەی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو و بێبەشی ئێرانەوە و ژیانی کۆمەڵایەتی و ئینسانییانی بەرەو نابوودی بردووە. کۆتایی ئەم گەمارۆیانە پێگەی خەباتکارانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان دژبە کۆماری ئیسلامی بەهێز دەکات. ئەوەیکە دەتوانێ نانێک بخاتە سفرەی ستەملێکراوان و بێبەشانی کۆمەڵگاوە،  خەباتی ڕاستەوخۆی و جەماوەریی خودی خەڵکە، نەک چاوی هیوابڕین لە دەسەڵاتە سەرمایەدار و ئیمپریالیستەکان. ئەوەیکە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەماوەی ئەم ساڵانەدا بۆ ساتێک دەستیان لە چالاکی و ناڕەزایەتی خەبات هەڵنەگرتووە و بێجگەلە هێزی سەربەخۆ و یەکگرتووانە و چینایەتیی خۆیان، پشتیان بە هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی و یان باڵێکی ناو حکوومەت نەبەستووە، جێگای شانازییە و دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و درێژەی بێت.

کەوابوو، مادامێک کە ڕێکەوتنی ناوەکی بەرجام لەنێوان ڕژیمی ئیسلامیی ئێران و باقیی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بەم زووانە ئەنجام دەدرێت و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چارەیەکی بێجگەلە پاشەکشەی سەرشۆڕانە نییە، پێویستە کۆمەڵی مەزنی جەماوەری ناڕازی و وەگیان هاتووی ئێران خۆی بۆ ئاخێزی بەرین و بەهێزی تازەتر لە قۆناغی «دوای بووژانەوەی بەرجام» ئامادە بکات.  ئەوەیکە سیمای ئێرانی لەماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەتایبەت لە ساڵ و مانگەکانی ئەم دوایانەدا گۆڕیوە و ئاڵوگۆڕی بەرینی خەباتکارانەی لێ کەوتووەتەوە بریتییە لە: ئاخێزی سەرتاسەریی بێبەشان دژبە هەژاری، بێعەداڵەتی و دیکتاتۆریی سیاسی، مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوام و بەهێزی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی کرێکاری لە زۆرێک لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، مانگرتن و کۆبوونەوەی سەرتاسەری و شکۆداری مامۆستایان و خانەنشینکراوانی خەباتکار و مافخواز؛ و زۆرێک لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دیکە بە بەرینایی جوگرافیای ئێران کە هەر هەموویان تا سەر لێواری داڕمان و ڕووخان پاشەکشەیان بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە. ڕەوتی پێشڕەویی ئەم خەباتە لەگەڵ هەر هەنگاوێک، بەهێزتر بووەتەو و ئاستی وشیاریی چینایەتی و پێگەیشتوویی سیاسیی بەرزتر بووەتەوە.

با بۆ جارێکی دیکە ئەم بانگەوازەی کەیوان سەمیمی، ئەندامی ناوەندی نووسەرانی ئێران و ڕۆژنامەوانی بەندکراو لە زیندانی کۆماری ئسیلامیی وەبیرخۆمان بێنینەوە کە وتی «هەرکەس لە هەر شوێنێکە هەنگاوێک بێتە بەرەوە». بێگومان مانای کردەوەیی و خەباتکارانەی ئەم بانگەوازە لە درێژە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی کرێکاران و مامۆستایاندا خۆی نیشانداوە و پێویستە لە ئاستێکی بەرین و بەهێزدا وڵام وەربگرێتەوە. هەر هەنگاوێک کە جەماوەری خەباتکاری خەڵک هەڵیدەگرێت پێویستە وشیارانەتر مەسیری پێشڕەوی ئاسان بکاتەوە و یەکگرتوویی زیاتری لێ بکەوێتەوە. ئەم پێشڕەوی و هەنگاوانە پێویستە هاوپشتی و یەکگرتنی چینایەتی و کۆمەڵایەتیی کرێکاران، مامۆستایان، ژنان، لاوان، خانەنشینکراوان و باقیی جەماوەری بێبەش و ڕەنجدیتوو بەدوای خۆیدا بێنێت. لە هەر هەنگاوێکدا پێویستە سەنگەرەکانی خەبات کە تا ئێستا بەدەست هاتوون وشیارانە بپارێزرێن و سەنگەری تازەتر بگیرێتەوە  و پتەوتر بکرێن.

هێمای وشیاریی چینایەتی و پێگەیشتوویی سیاسیی ئەم پێشڕەوییانە لە چەند بواردا خۆی نیشان داوە. هاوکاتیی ناڕەزایەتیی کرێکارانی (گرووهی میللیی فوولادی ئەهواز) و کرێکارانی شارەداری لە بەرامبەر بینای ئۆستانداری، یەکێک لە دیمەنەکانی ئەم یەکگرتوویی و هاوپشتییەیە کە بە وتنەوەی درووشمی «فوولاد، شارەداری، یەکگرتن، یەکگرتن» بەڕوونی دەرکەوت. هەروەها «شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت» لە ناڕەزایەتی  و کۆبوونەوەی مامۆستایان پشتیوانی کرد و ڕایگەیاند کە «وەک دایک و باوکی خوێندکاران لە هەر کوێیەک بین پێویستە لەم کۆبوونەوانەدا بەشداری بکەین. لە شوێنی کۆبوونەوەکاندا هاوپشتیی خۆمان ڕاگەیەنین و بەوتنەوەی درووشمی خوێندنی ستاندارد و بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵانی لە پەنا مامۆستایان ڕاوەستین و مافەکانمان داوا بکەین.»

بەڵێ!‌  ئەوەیە گوڕوتینی خەباتکارانە و پێگەیشتوویی سیاسی کە لە پێکهاتنی پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە ڕادیکاڵ و پێشڕەوەکاندا خۆی نیشان دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە چارەی ڕەنجبەران یەکگرتوویی و ڕێکخراوە! هەروەها خەبات بۆ مافخوازی هەنگاو بە هەنگاو پەیوەند دەدات و ڕیزی چینایەتی ستەملێکراوان دژبە ستەمکاران و سەرمایەداران پتەوتر دەکات تا سەنگەری خەباتکارانەی زیاتر بەدەست بێنن و سەرەنجام خۆیان بۆ ئاخێزێکی گشتی و هەنگاوێکی بەرزتر بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش ئامادە بکەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv