فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پیرۆز بێت بەهار و ساڵی تازە
چوارشەممە ۰۲-۰۱-۱۴۰۲   |  22-03-2023
پیرۆز بێت بەهار و ساڵی تازە

بەهار، هێمای بووژانەوە و تازەبوونەوە و حەرەکەتی سرووشت بە باوەشێک لە سەوزەڵانی و گوڵەوە لەحاڵێکدا دێ کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە گرتنی گیانی بێ ئەژماری ئینسانەکان و تاڵانکردنی نانی سفرەی بێبەشان، خەم و پەژارە و ڕەنجی لەتاقەت بەدەری بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاندووە. بەم حاڵەوە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و شکۆداری جەماوەری خەڵکی ئێران بە پێشەنگایەتیی ژنان هیوای ساڵێکی جیاواز و پڕ لە ئاڵوگۆڕی خستووەتە ناو دڵی هەموو ئازادیخوازان، دڵی هەموو منداڵان، لاوان، کرێکاران و زەحمەتکێشان. ئەگەر هاتنی بەهار نیشانەی توانەوەی سەهۆڵەکان و تێپەڕاندنی وەرزی سەرما و بەستەڵەکی زستانە، لەلایەکی دیکەوە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژیناش نیشانەی ئاڵوگۆڕێکی مەزنە لە وشیاریی ئەو جەماوەرەی کە باوەڕیان بەوەیە دەتوانن حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بڕووخێنن و لەسەر وێرانەکانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و خۆشبژێو و بەرابەر بونیاد بنێن. کەسانی شۆڕشگێڕ و ئاڵوگۆڕخوازیش لەسەر ئەو باوەڕەن کە “جیهانێکی دیکە مومکینە” و بیر لە دنیایەکی بەدوور لە ستەم و چەوسانەوە دەکەنەوە. دنیایەک کە چەوسانەوەی ئینسان بەدەستی ئینسان کۆتایی دێت و دەوڵەت و هەموو دامودەزگاکانی پارێزەری بە یەکجاری هەڵدەوەشێنەوە. دنیایەک کە تێیدا ئازادی و خۆشبژێویی گشتی جێگای دیلیەتی و بێ عەداڵەتی و بێبەشی دەگرێتەوە و فرسەتی یەکسان بۆ گەشە و پشکوتنی تواناییەکانی ئینسان دابین دەکات. جیهانێک کە تێیدا هەر کەس بە ئەندازەی توانای کار دەکات و بە ئەندازەی نیازی لە پێداویستیەکانی ژیان بەهرەمەند دەبێت. دینایەکی بەدوور لە شەڕ و تاوان و قازانجپەرستیی سەرمایە و دنیایەکی پڕ لە ئاشتی و بەرابەری و ئازادی کە تێیدا دەوڵەتێک نییە کە بخرێتە سەر سەری کۆمەڵگاوە و چەوسانەوە و ستەم و کۆنەپەرستی و جەهل بەسەر تاکەکاندا بسەپێنێت.

بەڵام ئەم جیهانە نوێیە پێویستە دامەزرێنین. ئەوە ڕاستە کە هیچ کەس پێشتر مێژووی نەنووسیوە و کەس ناتوانێ هیچ ڕووداوێک لە داهاتوودا زەمانەت بکات، بەڵام لە هەمان حاڵدا هیچکامیان بەو مانایە نییە کە نەزانین مێژوو چون پێکدێت، و ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی ئینسانەکان لە کام مەسیرەوە تێدەپەرێت. بۆ ئازادی و بۆ ڕزگاری پێویستە خەبات و بەرەنگاربوونەوە و شەڕ بکرێت. بۆ سەرکەوتن لەم شەڕەدا هێز و دەسەڵات پێویستە. بۆ دەسەڵات و هێزیش یەکگرتن پێویستە. بۆ یەکگرتوو مانەوەش پێویستە ئاسۆیەکی ڕوون لە مەسیری پێشڕەوی و شێوازی سەرکەوتن لەبەرچاو بێت. پێویستە بۆ چوونە پێگەی فاتحانی داهاتوو ئامادە بین و ئاگاداربین کە بە تێکشکاندن و ژێروژوورکردنی کۆشکی ستەم و پارێزەرانی نیزامی ئێستا، چ نیزامێک دبێ جێگرەوە بێت و چۆن دەبێ لە سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی پارێزگاری بکرێت.

بەڵام بەرپاکردنی جیهانێکی تر بەبێ هاتنە مەیدان و سازماندانی چینی کرێکار واتە تەنیا چینێک کە هیچ بەرژەوەندێکی لە مانەوەی موناسباتی بەرهەمهێنانی کۆندا نییە، بەسەرکەوتن ناگات. چینێکی کرێکار کە توانیبێتی هەموو بزووتنەوە پێشڕەو و ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆی هاوڕێ بکات و ڕێبەریی گشت کۆمەڵگا لەم ئاڵوگۆڕە مەزنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا بگرێتە ئەستۆ. تەنیا لە ڕەوتی ئەم خەباتەدایە کە چینی کرێکار توانا و هێزی کۆمەڵایەتیی خۆی دەناسێت و لە هەر سەرکەوتن و پاشەکشە و شکستێک بۆ درێژەدانی حەرکەتەکەی کەڵک وەردەگرێت و وشیارتر دەبێت. ڕێکخراوتر دەبێت و بەدیلی سیاسیی خۆی پێکدێنێت و لەئاستی گشتیدا هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتی پێ دەدات.

مێژوو گەلێک جار نیشانی داوە کە کاتێک جەماوەری بەرینی بێبەش و چەوساوە یەک دڵ و هاودەنگ بۆ ڕزگاکردنی خۆیان دێنە مەیدانی نەبەرد، نەبەردێکی هەمەلایەنە دژبە ستەمکاران و دەسەڵاتەکەیان، هیچ هێزێک بەرگەیان ناگرێ. گۆڕینی ئەم بارودۆخە، لەناوبردنی خاڵە لاوازەکان، پێکهێنانی متمانەبەخۆیی و باوەڕ بە هێزی خۆ لەناو جەماوەری بەرینی کرێکار و زەحمەتکێش و نیشاندانی ئاسۆیەکی ڕوون لە بەردەم ئەو جەماوەرە مەزنەی کە خۆیان نەجاتدەرانی ڕاستەقینەی خۆیانن، هەر هەمووی پێویستی بە خەباتێکی بەرین و بەردەوامە، خەباتێک کە لە ئێستاوە لە ئارادایە. خەباتێک کە بڕبڕەی پشت و هێزی بزوێنەری، کرێکارانی وشیار و ڕەزمەندە، مامۆستایان و ژنان و چالاکان و شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست پێکی دێنن. ئەوەیکە چالاکان و هێزە سۆسیالیستەکان لە ناو بزووتنەوەی ئێستا و لە دڵی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا ئەنجامی دەدەن، هیچ کار و چالاکێکی تر جێگرەوەی نییە. هیچ کەسێکی تر بۆ وەخەبەرهێنانی ئەو هێزەی کە لە یەکگرتوویی کرێکاراندایە و دەتوانێ تەمەنی چەوسانەوە و زەبروزەنگ کۆتایی پێ بێنێ، هەوڵ نادا. هیچ کەسێکی تر ڕێگای ڕاستەقینەی ئازادی و ڕزگاریی ئەم جەماوەرە بە بەند کێشراوە نادۆرێتەوە. ئەگەر کرێکاران بڕژوبڵاو بن و لە پەراوێزی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی داهاتوودا بن ئەوکات دەست بەدەست بوونی دەسەڵات، دەست بە دەست بوونی کابووسەکانە. بێگومان ئەوە تەنیا هەڵسووڕاوانی پێشڕەوی کۆمۆنیست و ئینسانە شۆڕشگێڕەکان و ئازادیخوازانی ماندوویی نەناسن کە دەتوانن بەر بەم ڕووداوە بگرن.

ئەگەر سرووشت لە دڵی بەردی سەخت و سارد و بەستوودا دەبووژێتەوە، هێوای دامەزراندن و بەرپاکردنی جیهانێکی بەدوور لە ستەم، جیهانێکی شیاوی ئینسانی ئەمڕۆ، دەمبێکە لە ناو بەردی بەربەریەتی نیزامی سەرمایەدا بووژاوەتەوە و هەموو ڕۆژێ ژمارەیەکی زیاتر لە ئیسانەکان بە بەرەی دامەزرێنەرانی لێبڕاوی جیهانێکی تر پەیوەست دەبن. جیهانێکی تر مومکینە، پیرۆز بێت بەهار و ساڵی تازە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co