کۆمەڵگەی ئێران لەبەردەم ئاڵۆگۆڕی گەورە دایە. لەم ڕووەوە ئامادەبوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەرفەت و مەترسییەکان، بابەتێکی گرینگی خستووەتە دەستووری کاری خەباتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هێزە چەپ و سۆسیالیستییەکانەوە. ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە گۆشەوکەناری ئێران سیمای سیاسیی کۆمەڵگەی بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕیوە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەی دەبات. بە هەر ڕادەیەک ناڕەزایەتی و مانگرتنی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان خێراتر پەرە بستێنێت، پێویستی پەیوەنددانی ئەم بزووتنەوانە لەئاستی سەرانسەریدا زیاتر دەبێت. ئەگەر گەشەی چەندایەتیی ئەم ناڕەزایەتییانە نەبێتە هۆی هاوئاهەنگی و پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی بەهێزی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا، درێژەی ئەم خەباتە لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەبێتەوە و لەئاکامدا گەشەکردنی لەبوار چۆنایەتیشەوە، تا قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە وەدوا دەخات. یەکێک لە ڕێگاکانی پەیوەنددانی ئەم بزووتنەوانە لەگەڵ یەکتر، گەڵاڵەکردنی ئەو خواست و درووشمە هاوبەشانەیە کە ئاڵقەی نێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەن و دەبنە هۆی هاوئاهەنگییان. لێرەدا بەکورتی باسی سێ بابەت دەکەین.
یەکەم، گەڵاڵەکردنی داخوازیی بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان یەکێک لە گرینگرترین خواستەکانە کە دەتوانێ بزووتنەوەی چینی کرێکار لە بەشە جۆراوجۆرەکان، لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و سەنعەت، گواستنەوە، خزمەتگوزاریی گشتی و تەندرووستییەوە بگرە تا مانگرتن و کۆبوونەوەی مامۆستایان و خانەنشینکراوان، پێگەوە هاوئاهەنگ بکات و جەماوەرێکی بەرینتر لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە وەحەرەکەت بخات و لەئاستی جۆراوجۆردا پێکەوە پەیوەندیان بدات. ئێمە لە هەلومەرجێک داین کە هەژاری و فەلاکەت و برسییەتی سێبەری بەسەر هەموو جوگرافیای ئێراندا کێشاوە و تەوەرۆم و گرانی بەشێوەیەکی هەوسارپچڕاو دەچێتە سەرێ و ئەم وەزعییەتە کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگەی یەکجار خستووەتە ژێر گوشارەوە. لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی کرێکاران لەلایەن ناوەندە دژەکرێکارییەکان و ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی چەند قات ژێر هێڵی هەژاری ڕاگیراوە و لەئاکامدا توانای کڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەردەوام کەم دەبێتەوە. لە وەها باروودۆخێکدا خواستی بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان و بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی شیاوی ئینسان، دەتوانێ بە شێوەیەکی بەرین هێزی کار و زەحمەت پێکەوە پەیوەند بدات. ئەم داخوازییە نەتەنیا پێویستە ببێتە خواستی چینی کرێکار لەئاستی سەرانسەریدا، بەڵکوو دەبێت بشکەوێتە سەرووی داخوازییەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەوە تا هاوپشتیی چینایەتی و یەکگرتوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، مانای کردەوەیی پەیدا بکات. داسەپاندنی هەر ڕادەیەک لە بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەستەکان بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتی دەسەڵاتدار، هێزی خەبات و هاوسەنگیی هێزی چینایەتی بە قازانجی زۆربەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەهێز دەکات و توانای زیاتر بە گشت بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی دژبە نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی دەبەخشێت.
دووهەم، داخوازیی خوێندنی بەخۆڕایی یەکێکی تر لەو خواستانەیە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا کەوتووەتە سەرووی داخوازییەکانی بزووتنەوەی چینایەتیی مامۆستایان و بزووتنەوەی خوێندکاریی چەپ و پێشڕەو. لە هەنگاوی یەکەمدا ئەم درووشمە توانیویەتی هاوپشتی و بەشداریی خوێندکاران و بنەماڵەکانیان لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرشەقامی مامۆستایاندا دابین بکات. بێگومان گوشاری سەرسووڕهێنەری هەزینەکانی خوێندن لە مەدرەسە و زانکۆکان، زیاتر لەسەر شانی بنەماڵەی کرێکار و زەحمەتکێش قورسایی دەکات و لەئاکامدا زۆرێک لە منداڵان بەناچار دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە و بە لەشکری بەرینی منداڵانی کار و شەقام پەیوەست بوون. لەم ڕووەوە هێنانەگۆڕی ئەم درووشمە لە پەنا باقیی خواست و داخوازییە ڕەواکانی کرێکاران یەکجار گرینگە و دەتوانێت ئاڵقەی پەیوەندی و هاوپشتیی نێوان هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بێت. وەدیهاتنی هەر ڕادەیەک لە داخوازیی پەروەردەی بەخۆڕایی بۆ هەموو خوێندکاران، بارێک ئەگەرچی چکۆلەش بێت لەسەر شانی لاوازی بنەماڵە کرێکار و بێبەشەکان کەم دەکاتەوە و پەلامارێکی جیددی بۆسەر سیاسەتە بەرینەکانی کۆماری ئیسلامیش دێتە ئەژمار. هەربۆیە پێویستە ئەم داخوازییە بکەوێتە ناو لیستی خواستەکانی هەموو بەشەکانی چینی کرێکارەوە تا هاوپشتیی چینایەتی و کۆەمەڵایەتیی بەرینتر لەئاستی کۆمەڵگەدا پێک بێت.
سێهەم، داخوازیی بەرابەریی ژنان و پیاوان لە بواری یاسایی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی یەکێکی تر لەو فاکتۆرانەیە کە بەستێنی بابەتی بۆ وەحەرەکەت خستنی جەماوەری بەرینتری ژنان، کە نیوەی کۆمەڵگە پێک دێنن، ئاسانتر دەکاتەوە. بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە یاسای پیاومەزنانە و دژەژن، سووکایەتی و هەڵاواردنی بەرین و ئاپارتایدی ڕەگەزی لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە کۆنەپەرستەکانییەوە بەشێوەی جۆراوجۆر دژبە ژنان دادەسەپێت. کلتووری پیاومەزنانە و دژەژن لە شوێنی کار و ژیان و لە شوێنە گشتییەکانی کۆمەڵگە، ژنانی لە بواری جۆراوجۆری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ بەربەستی دەستوپێگری جۆراوجۆرە بەرەوڕوو کردووەتەوە و بەردەوام دەکەونە بەر هەڵاواردن و بێمافییەوە. خەباتی بەرین و گشتیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هێزی پێشڕەو و یەکسانیخواز لەپێناو وەدیهاتنی مافی یەکسان بۆ ژنان، دەتوانێت لەئاستی کۆمەڵگەدا پاشەکشە بە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی و یاسای کۆنەپەرستانە و کلتووری پیاومەزن بکات و کەشوهەوایەکی گونجاوتر بۆ بەشداریی ژنان لە ساحەی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دابین بکات و بەمجۆرە هەم بزووتنەوەی گشتی و سەرتاسەریی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە بەهێزتر دەبێت و هەم خەبات دژبە کۆماری ئیسلامیش پتەوتر و بەقەوەتتر دەبێت. گەڵاڵەکردنی بەرابەریی جنسییەتی، پێداویستی و زەرفییەتی گونجاو بۆ پێکەوە پەیوەنددان و هاوئاهەنگی نێوان بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و خەباتکارانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەئاستی سەرتاسەریدا دابین دەکات. بەڵێ! لە باروودۆخێک داین کە کۆمەڵگەی ئێران لە جۆش و خرۆش دایە و مانگرتنی کرێکاری، ناڕەزایەتیی بەرین و بەردەوام و هاوئاهەنگی مامۆستایان و خانەنشینکراوان، ناڕەزایەتیی ژنان دژبە هەڵاواردن و نابەرابەری، سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکاری، ناڕەزایەتی دژبە لەناوچوونی ژینگە و زۆرێک لە ناڕەزایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بە بەرینایی جوگرافیای ئێران لەئارا دان و کۆمەڵگە بەرەو گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەبەن. لە وەها باروودۆخێکدا پێویستە ئاڵقەی پەیوەندی و هاوپشتی و هاوئاهەنگی لەنێوان بزووتنەوەی کرێکاریی بەشە جۆراوجۆرەکان و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان پێک بێت، تا لە ڕیزێکی یەکگرتوو و ڕێکخراودا، پێشڕەوی و گەشەی ئەم خەباتە خێراتر بکاتەوە و بزووتنەوەی مەزنی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ ئاخێزێکی شۆڕشگێڕانە، تێکەوەپێچانی گشت ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی، ڕاپەڕین بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و سۆسیالیستی ئامادە و تەیار بێت.