زیاتر لە سەد ڕۆژە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەئارادایە. سەد ڕۆژی کەم وێنە کە مێژوویەکی شکۆداری بە گەلێک حەماسەی لەبیرنەکراوەوە خوڵقاند. شەو و ڕۆژ ڕێپێوانی ناڕەزایەتیمان بەرپا کرد. شەقام، مەیدان، زانکۆ و مەدرەسەمان کرد بە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمێک کە مێژوویەکی پڕ لە تاوانی هەیە. ئێمە بە خۆڕاگری و بوێرییەکی بێوێنەوە بەرەنگاری ئەم دەسەڵاتە بووینەوە. مەراسیمی خاکسپاریی ئازیزانمان کردە مەیدانی ڕەزم دژبەم قاتڵانە. لە هەموو شوێنێک هاوارمان کرد “سوێند بە خوێنی یاران، ڕاوەستاوین تا کۆتایی”. لەسەر دیوارەکان نووسیمان و هاوارمان کرد “ژن، ژیان، ئازادی”، لە زانکۆکان ئاڵای سووری “بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم”مان هەڵکرد. هاوارمان کرد و نووسیمان “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، “دەردی ئێمە دەردی نانە، حیجاب بووەتە بەهانە”، “کورد، بەلووچ، ئازەری – ئازادی، بەرابەری”. کۆمیتە و تۆڕی لاوانی گەڕەکەکان، ڕێکخراوی خوێندکاران و ژنانی شۆڕشگێڕمان سازمان دا و بانگەوازی هاوبەشمان دایە دەر و خەڵکمان بانگەشەی خەباتی گشتی کرد. مامۆستایان نەتەنیا بۆ خواستەکانیان، بەڵکوو لە ناڕەزایەتی دژبە قەتڵی خوێندکارانیان سێ ڕۆژ مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند. ڕۆژانی چواردە، پازدە و شازدەی مانگی سەرماوەز لە زیاتر لە سەد شار ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو و لە زیاتر لە حەفتا شار بازاڕییان بۆ هاوپشتی لە خەباتی خەڵک دووکانەکانیان داخست. لەماوەی زیاتر لە سەد ڕۆژی ڕابردوودا دەیان مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری شکڵی گرت. لە ئێران خودرەو و سایپا تا ماشێنسازیی ئەراک، لە کرێکارانی فوولادی موبارەکە وفوولادی خووزستانەوە تا فوولادی کاوە و دەیان کارخانەی فوولادسازی، لە مەعدەنی سەنگی ئاهەنی بافق و گوڵ گۆهەر، پابدانا، سەنگی ئاهەنی چادرملو تا مەعدەنی تەڵای زەرشوران و فیروزەی نەیشابوور، لە کرێکارانی مەعدەنی مسی سەرچشمە و مسی سونگون وەرزەقان تا کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان، لە شۆفیر کامیۆن و کامیۆندارانەوە تا شۆفیرانی خەتی واحید، ڕاهبەرانی مێترۆ و شۆفیر تاکسییەکان و هەروەها مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی، هەر هەموویان لەپێناو داخوازیی ڕەوایان و بۆ هاوپشتیی لەگەڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانە وەحەرەکەت کەوتن. لەم سەد ڕۆژەدا دەیان کەس لە هونەرمەندان هاواری ناڕەزایەتییان بەرز بووەوە و ڕایانگەیاند کە لە هیچ ڕووداوێکی سینەمایی بەشداری ناکەن و ژنانی هونەرمەند حیجابیان بە زەوی دادا و بوێرانە هاتنە بەر دووربینەکان. هەزاران نووسەر لە ئاستی جیهانیدا لەگەڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک هاوپشتییان ڕاگەیاند و بەخاتری ئەو هەمووە ئازایەتی و پایەدارییە شەوق و شادییان دەربڕی و ڕژیمی قاتڵانیان مەحکووم کرد. هەمووی ئەمانە دەستکەوتی دەروشاوە و بێوێنەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەن.
ڕژیمی ئیسلامی بەپێی سوننەتی چل و سێ ساڵەی خۆی بە ماشێنی سەرکوتەوە هاتە مەیدان. ڕێبەرە قاتڵەکەیان ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بە “ئاژاوەیەکی چکۆلە” وەسف کرد، بەڵام تەنیا بۆ ئەم بەناو “ئاژاوە چکۆلەیە” چەند هەزار هێزیان بە تانک و تۆپ و گولـلەوە ڕەوانەی شەقامەکان کرد. هێرشیان کردە سەر ماڵی خەڵک، زیاتر لە ٥٠٠ کەسیان کوشت و پتر لە ١٨ هەزار کەسیان بە بەند کێشا و بۆ ئازیزترینی یارانمان حوکمی ئێعدامیان دەرکرد. سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتگەرییانە، ڕژیم نەیتوانیوە مانعی درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵکی ئێران بێت. ئەگەرچی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە شەڕ و تێکهەڵچوونی هەموو ڕۆژێی سەر شەقام تا ئاستێک فاسلەی گرتووە بەڵام لەڕێگەی بانگەوازی سەرانسەری و کاری سازماندراو بۆ بەرپاکردنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەری، خۆی بۆ قۆناغێکی تر لە پێشڕەویی ئەم بزووتنەوەیە ئامادە دەکات. پێکەوە پەیوەنددرانی تۆڕی لاوانی شۆڕشگێڕی مەحەلات لە شارە جۆراوجۆرەکان بە ڕێکخراو و ناوەندە خوێندکارییەکان، و بانگەواز بۆ بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی مانگرتنی سەرانسەری هەنگاوێکی بەنرخە لەم مەسیرەدا.
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە مەسیری پێشڕەویدا، وشیارتر دەبێتەوە. دایکی کاروان قادرشوکری نەوجەوانی شازدەی ساڵە لە مەراسمی چلەی خاکسپاری ڕۆڵەکەی لە ڕۆژی هەینی ٩ی مانگی سەرماوەزدا وتی: „ئەگەر تا دۆینێ نەمدەزانی، ئەمڕۆ دەزانم کە کاروانی من و کاروانەکانی ئەم مەملەکەتە بۆچی دێنە سەر شەقام و سینگیان لە بەرامبەر گولـلەدا دەکەنە قەڵغان. ئەگەر تا دۆینێ نەمدەزانی بۆچی دەژیم و لەم دنیایە چیم دەوێ، ئێستا دەزانم کە ئامانجێگی گەورە وجوودی هەیە. هەمووی ئێمە شیاوی ئەوەین لە دنیایەکدا بژین کە بە دروشم و ئامانجی ژن، ژیان ئازادی و بەرابەریی ئینسانەکان ڕازابێتەوە”. ئەم وشانە هی دایکێکن کە بە سەری بەرزەوە لەسەر گڵکۆی ڕۆڵەکەی بەیانیان دەکات. ئەم دایکە بوێر و خەباتکارە بەم وتارە ئاگرینەی، لاوان و خەڵکی بانگەشەی درێژەی خەبات تا گەیشتن بە ئازادی و بەرابەریی ئینسانەکان کرد. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ڕاپەڕیوی ئێران گەلێک جار ڕایانگەیاندووە کە بە کەمتر لە ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە ڕازی نابن. ئێستا کاتی ئەوەیە کە بۆ زەمانەتکردنی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بۆ تێکشکاندنی پیلانی هێزە ڕەنگاوڕەنگە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی، کە دەیانهەوێ لەسەر سەری خەڵکەوە دەسەڵاتی سیاسی دەست بە دەست بکەن، ڕوو بکەینە کار و چالاکیی ڕێکخەرانە بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە