ئەگەرچی هەموو ساڵێ ٢٥ی نۆڤەمبەر دەرفەتێکە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئاستی توندوتیژی دژبە ژنان، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە توندوتیژی بەرانبەر ژنان دیاردەیەکی گیان سەختە کە هەموو ڕۆژێی ساڵ و لە هەر ڕووداوێکی ناو کۆمەڵگادا بەئاسانی بەدی دەکرێت. جەنایاتێکن کە قوربانییەکانیان لەناو ژناندا هەڵدەبژێرن. توندوتیژیی ناوماڵ، توندوتیژی لە شوێنی کار، توندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی، تەنیا چەند نموونەیەکن. ئامارە جیهانییەکان نیشانیان داوە کە زیاتر لە یەک سێهەمی ژنان لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە لانیکەم یەکجار لەگەڵ توندوتیژیی سێکسی بەرەوڕوو بوونەتەوە. ٦٧ لەسەدی ئەو ژنانە کە بەرەوڕووی توندوتیژیی جەستەیی بوونەتەوە، ڕایانگەیاندووە کە ئەم توندوتیژییە لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دراوە. سەبارەت بە توندوتیژیی سێکسی ئەم ڕەقەمە دەگاتە ٩٧ لەسەد. تەنیا یەک لەسەد لەو ژنانەی کە یەک جار کەوتوونەتە بەر توندوتیژی، سەردانی پۆلیس و یان ڕێکخراوەکانی مافی ژنیان کردووە. ئامارەکان دەریانخستووە کە حەفتا لەسەدی قوربانییانی بازرگانیی ئینسان، ژنان پێکیدێنن و لە هەر چوار کەس، سێ کەس لەم ژنانە ناچار بە لەشفرۆشی دەکرێن.
توندوتیژی بەرانبەر ژنان دیاردەیەکی گشتگیری جیهانییە و کەموزۆر لە هەموو شوێنێک بەدی دەکرێت. لەو شوێنانە کە شەڕی ناوخۆیی، قەومی و مەزهەبی لە ئارا دایە، لەو شوێنانە کە ملیۆنان مرۆڤ ناچار دەبن ماڵ و حاڵیان بەجێ بێڵن و لە کەمپەکانی پەنابەریدا بژین، لەو شوێنانە کە تەجارەتی ئینسان لە جەرەیان دایە، لەو شوێنانە کە ڕەوتە ڕاسیستەکان بەدەسەڵات دەگەن و یان حزووری خۆیان لەناو کۆمەڵگادا ڕادەگەیەنن، لە هەموو ئەم شوێنانە ژنان یەکەمین قوربانییانن. بە پێی ئامارەکان لە جەرەیانی شەڕی ناوخۆیی لە کۆلۆمبیا لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٩ پتر لە ٥٠٠ هەزار ژن بوونە قوربانیی توندوتیژیی سێکسی کە زۆربەیان لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ئەنجام دراوە. ژنانی خۆجێیی و ئەفریقایی بوونە ئامانجی سەرەکیی ئەم توندوتیژیانە. هەروەها بەهۆی بوونی پاشەکەوتی سرووشتیی وەک نەوت، بەردی خەڵووز و زێر بەردەوام ڕمبازگەی هێزە جۆراوجۆرە نێونەتەوەییەکان بوون و زۆر جار لەڕێگەی میلیشیاکانی ئەم ناوچانە خەڵکیان بە زەبری توندوتیژی ناچار بە کۆچ کردووە. لە هەمان حاڵدا نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە سوننەت و مێژووی کۆلۆنیالیستی، بەستێنێکی لەباری بۆ داسەپاندنی توندوتیژی دژبە ژنان پێکهێناوە.
لە ئارژانتین ژنان لە ڕێپێوانی ناڕەزایەتیدا تەپڵەکانیان بۆ “بابەتی لە خەیاڵدا نەگونجاو” دەکوتن. لە ئارژانتین هەر ٣٢ کاتژمێر ژنێک بەدەستی هاوسەرەکەی، دۆستی هاوسەرەکەی و یان دۆستی پێشووی دەکوژرێت. ئامارەکان دەریانخستووە کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا سێ هەزار ژن بەم شێوەیە کوژراون. هەر ئەم توندوتیژیە بێسنوورە بووەتە هۆی ئەوەیکە ژنان لە هەر دەرفەتێکدا بێنە سەر شەقامەکان. چالاکانی بزووتنەوەی “نە یەک کەمتر”، کە هێزی سەرەکیی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ژنانن دەتوانن گەلێک بەسەرهات لە زمانی ژنانی قوربانی بگێڕنەوە. یەکەمین ژنی قازی کە قاتڵێکی مەحکووم کرد دەڵێ: “توندوتژیی دژبە ژنان سوننەتێکی دێرینی ئەم کۆمەڵگا پیاومەزنەیە”.
لە سوودانیش کاتێک لە ساڵی ١٩٩٣ “ئەلبەشیر” دەسەڵاتی بەدەستەوەگرت و یاسای توندتری دژبە ژنان پەسندکرد، ئەوە ژنان بوون کە بوونە پێشڕەوانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی. لە ناو ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩، کە بوو بە هۆی لەسەرکارنەمانی “ئەلبەشیر”، یەکێک لە ژنان لە لەبەرچاوی دەیان هەزار کەس کە لە بەرامبەر مەقەڕی ناوەندیی ئەرتەش کۆببوونەوە بە دەنگی ڕەساوە ڕایگەیاند کە “ئەی ژنان، با نەترس و بوێر بین، ئەمە شۆڕشی ئێمەیە”. ئەم کەسە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەدەیان جار دەستبەسەرکرابوو و کەوتبووە زیندانەوە. بە پێی ئاماری ڕەسمیی دەوڵەت هەر پانزدە خولەک ژنێک لە هێند دەبێتە ئامانجی دەستدرێژی. زۆرێک لەم دەستدرێژیانە تەنانەت بەگرووپ ئەنجام دەدرێن و لەو نێوەدا توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا لە هەمووان زیاتر دەبنە قوربانیی ئەم دەستدرێژیانە.
لە فەڕانسە بە پێی ئاماری کۆمەڵی فێمێنیستیی “ئێمە هەموومان” هەموو ساڵێ ٢٢٠ هەزار ژن دەکەونە بەر توندوتیژی کە لەو نێوەدا ٩٤ هەزار کەسیان دەستدرێژیی سێکسیان دەکرێتە سەر. لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا سەد و یەک ژن لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون. یەک سێهەمی ژنان لە ئاڵمان لە ماوەی ژیانیاندا کەوتوونەتە بەر توندوتیژیی فیزیکی و یان سێکسی. لە هەر چوار کەس لەم ژنانە، یەک ژن لە لایەن هاوسەرەکەیەوە دەکەوێتە بەر توندوتیژی. هەر ٤٥ خولەک یەک ژن دەبێتە قوربانیی توندوتیژی. لێکۆڵینەوەکان لە ئەمریکا نیشانی دەدەن کە ژمارەی ژنانی قوربانی لەم وڵاتە لە گشت قوربانییانی شەڕی ناوخۆیی کۆنگۆ زیاترە.
لەو نێوەدا، لە وڵاتانێک کە ڕەوتە مەزهەبییەکان دەسەڵاتی سیاسییان بەدەستەوەیە و یان سوننەتە مەزهەبیەکان لەناو کۆمەڵگەدا ڕیشەیان داکوتاوە، کارەساتەکان قووڵتر دەبنەوە. هەر ئەوەندە بەسە تا سەرەنجێک بدەینە ئاماری ژنانی خەتەنەکراوی لە میسر یان جەنایاتێک کە داعش لە سووریە و عێراق، بەتایبەت دژبە ژنانی ئێزدی ئەنجامی داوە. وتەکانی “نادیا مۆراد” ژنی لاوی ئێزدیمان لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی لەبیرماوە کە وتی: “ئەگەر بەهێزترین وڵاتانی جیهان نەتوانن کەسانێک کە ژنان دەکەنە کۆیلەی سێکسی، دوژمنانی خۆیان سەردەبڕن، منداڵان ناچار بە بۆمبدانان و خۆتەقاندنەوە دەکەن، موحاکمەیان بکەن، کەوابوو عەداڵەتی جیهانی بەکاری چی دێت”. بێگومان “نادیە مۆراد” وڵامی پرسیارەکەی کاێتک وەرگرتەوە کە ئەم بەناو بەهێزترین وڵاتانەی جیهان، پاش بیست ساڵ تاڵانکردنی ئەفغانستان، وەحشییەکانی تاڵەبانیان بەدەسەڵات گەیاندەوە. ئەوانەی وا چ لە ڕابردوودا و چ ئەمڕۆ، لە یەکەمین هەنگاودا ژنانیان کردە ئامانجی هێرشەکانیان.
لەو نێوەدا کۆماری ئیسلامیش مێژوویەکی خوێناوی و پڕ لە تاوانی هەیە. لە حیجابی ئیجباریەوە تا سەنگسار، لە دەستدرێژی بۆسەر ژنان لەناو زیندانەکان تا ڕەوانەکردنی ئەوباشانی ئیسلامی بۆسەر شەقامەکان بۆ سەرکوت، لە منداڵ هاوسەری و داسەپاندنی باری گرانی دایک بوون بەسەر جەستەی لاوازی منداڵان، تا داڕشتنی “یاسای پشتیوانی لە بنەماڵە و لاوبوونی جەمعییەت” لە لایەن ڕەئیسیی ئەندامی لێژنەی مەرگ، هەموو ئەوانە گۆشەیەکن لە کارنامەی دژەژنی دەسەڵاتی ئیسلامی. بەڵام ژنان لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەدا نیشانیان داوە کە لە هیچ باروودۆخێکدا پاشەکشە ناکەن و ئەمجارەشیان لەو هاوسەنگییە تازەیەی کە لە نێوان جەماوەری خەڵک و ڕژیمدا پێکهاتووە، ژنان یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامین.