بە گوێرەی راپۆرتێکی بەدواداچوونی ئازادی رۆژنامەوانی ئەمریکا و کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان “سی پی جەی”، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ و لە ٧٩ شاری ئەمریکا، ٩٣٠ پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم ماوەیەدا ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون و سزادراون، ٣٠٠ رۆژنامەنووس لە ئەمریکا ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و هێرشیان کراوەتە سەر و ١٢ رۆژنامەنووسیش سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە. زۆرترین پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنووسان لە ئەمریکا لە ماوەی بەڕێوەچوونی جوڵانەوەی “بلاک لایڤز ماتەر” واتە “ژیانی رەشپێستەکان گرنگە.” کراوە. هاوکات مێری ستێفنس، پرۆفیسۆر لە کۆلێژی راگەیاندنی میزوری ئاشکرا دەکات، لە کاتی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دوو هەزار و ٤٩٠ جار هێرشکراوەتە سەر رۆژنامەنووسان. سەبارەت بە پێشێلکارییەکان بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان و نەبوونی ئازادی رۆژنامەوانی لە ئۆوروپا، فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی یەکێتی ئۆرووپا ئاشکرای کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ لە وڵاتانی ئۆرووپایی ١٣ رۆژنامەنووس کوژراون، هەروەها ١٢٤ رۆژنامەنووسی دیکەش دەستگیرکراون. هەر لە وڵاتانی ئۆرووپایی، حەوت کەناڵی تەلەفزیۆنی و وێب سایت داخراون.