بەڕێوەبەرانی کارگەی گڵۆپی “ایران زمین” لە شاری بانە، هۆشدارییان بە ژنانی کرێکار لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی ئەو کارگەیە داوە کە لە ئەگەری پێشکەش نەکردنی نامەی ڕەزایەتی فەرمی و تۆمارکراوەی هاوسەرەکەیان، لەسەر کار دەردەکرێن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە درێژەی گوشارەکانی پێشوو و پێشێلکرانی مافە سەرەتایییەکانی ژنانی کرێکار لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی شاری بانە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێشکەشکردنی نامەی ڕەزایەتی فەرمی و تۆمارکراوی هاوژینەکانیان، وەکوو بەڵگەیەکی پێویست پێیان ڕاگەیەنراوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە: “بەرپرسانی کارگە بە ژنانیان کە زۆربەی کرێکارانی ئەو کارگەیە پێکدێنن ڕاگەیاندووە کە ئەگەر لەماوەی ڕۆژانی داهاتوودا نامەی ڕەزایەتی فەرمی و تۆمارکراوەی هاوژینەکەیان پێشکەش نەکەن، لەسەر کار دەردەکرێن” جێگای ئاماژەیە، پووشپەڕی ئەمساڵ، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ئەندازە و قەبارەی پێشێلکرانی مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران، بەتایبەت کرێکارانی ژن لە کارگە بەرهەمهێنانەکانی بانە بڵاوکرابوویەوە. لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی شاری بانە، کرێکارانی دەستبەکار لە کارگە بەرهەمهێنانەکانی ئەو شارە بەهۆی ترسی لەدەستدانی بژێوی ژیان و کارەکەیان، لە هەرچەشنە کردەوەیەکی یاسایی بەمەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە خۆڕاگری دەکەن.
خاوەنداران و بەشدارانی کارگاکان، لە ڕۆژانی پشووشدا کرێکارەکان ناچار بە کارکردن دەکەن و لە تۆمارکردنی سەنەوات، دابینکردنی بیمە و پێدانی حەقدەستی زیاتر لە کاری ڕۆژانە ڕێگری دەکەن. هەروەها، بێجگە لە حەقدەستی کەم، هەندێک کات ئەو حەقی کارەش بە پاساوی نەبوونی دراوی بەردەست چەند مانگ دوادەخرێت. لە بەرانبەردا کرێکاران بەهۆی پاڵپشتی نەکردنی یاسایی و ترسیان لە دەرکران لە بەدواداچوون سەبارەت بە بارودۆخی خۆیان لە ناوەندە یاسایییەکانی ڕژیم خۆڕاگری دەکەن.