فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێویستە سزای ئێعدام و بەساتی نومایشی ئێعدام لەبەرچاوی خەڵک تێکەوەپێچرێت
شەممە ۱۳-۰۱-۱۴۰۱   |  02-04-2022

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییە حکوومەتییەکان دادگایەک لە فوولادشەهری ئیسفەهان حوکمی ئێعدامی دوو تۆمەتبار بە کوشتنی بەئانقەستی دەرکردووە و بڕیاری داوە ئەم حوکمە لەبەرچاوی خەڵک بەڕێوەبچێت. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، دوو تۆمەتبارەکە بە ناوەکانی “محەممەد.ق” تەمەن ٣٨ ساڵ و “سادق.م” تەمەن ٢٥ ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی مەئموورێکی پۆلیس لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٠، لە دادگایەکی سەرەتاییدا لە پارێزگای ئیسفەهان بە ئێعدام لەبەرچاوی خەڵک مەحکووم کراون. “مەسعوود مەسعوودیفەر”، سەرۆکی دادگای فوولادشەهری ئیسفەهان باسی لەوە کردووە کە بۆ ئەم جەنایەتە “بەدواداچوونی تایبەت و خێرا” ئەنجام دراوە و حوکمی ئێعدام “لە کەمترین کاتی مومکیندا” دەرکراوە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەم دوو تۆمەتبارە، مەئمووێکی پۆلیسی ئاگاهیی شارستانی لەنجانیان کوشتووە. بەڵام بە سەرەنجدان بەوەیکە دەزگای قەزایی لە ئێران یەکێک لەو ناوەندانەیە کە گەندەڵی تێدا ڕیشەی داکوتاوە و هیچ جۆرە شەفافییەتێک لە چۆنیەتیی پێڕاگەیشتن بەمجۆرە پەروەندانە بوونی نییە، ئیدیعای سەرۆکی دادگای فوولادشەهر یەکجار لەژێر پرسیار دایە. بەتایبەت هاوکاتبوونی ئەم ڕووداوە لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی پێوەندیدار بە ئاو لە پارێزگای ئیسفەهان و پێشینەی کۆماری ئیسلامی لە پەروەندە درووستکردن بۆ ناڕازیان و تۆمەتبارکردنیان بە قەتڵ، هەروەک پەروەندەی “نەوید ئەفکاری” و “مستەفا ساڵحی”، شک و ناباوەڕیی بەنیسبەت ئیدیعاکانی سەرۆکی دادگای فوولادشەهر و باقیی بەرپرسانی ڕژیم زیاتر پەرە پێداوە. ڕژیمی ئیسلامی کە لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا بەهۆی گشتگیربوونی کۆرۆنا بەڕێوبردنی حوکمی ئێعدام لەبەرچاوی خەڵکی بەڕواڵەت ڕاگرتبوو، دووبارە و بەئامانجی نانەوەی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا دەستی پێکردووەتەوە. دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ دوو تۆمەتبار بە قەتڵی مەئموورێکی پۆلیسی ئاگاهی کە هاوکاتە لەگەڵ ناڕەزایەتیی جەماوەریی خەڵک دژبە کەمئاوی لە پارێزگای ئیسفەهان، نیشانی دەدات کە ڕژیم بەنیازە خەڵکی ناڕازی بە کەمئاوی لە پارێزگای ئیسفەهان چاوترسێن بکات.

هەروەک گەلێک جار باسمان کردووە و ئەزموونیش سەلماندوویەتی، وەڕێخستنی بەساتی ئێعدام و هەوڵی سەرکوتگەرانە، نەک لە توانا و هێزی ڕژیمەوە، بەڵکوو لە داماوی و ترس لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و ئیعترازی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت. لەو جێگەوە کە ڕژیم باری قورسی قەیرانی سەرمایەداریی ئێران و گوشاری گەمارۆ ئابوورییەکانی خستووەتە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا، و لەلایەکی دیکەوە هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ڕژیم لەسەر دۆسیەی پێوەندیدار بە قەیرانی ئەتۆمی خەریکی سازان لەگەڵ ڕۆژاوایە، بە وەڕێخستنی دووبارەی بەساتی ئێعدام، هەر لە ئێستاوە بەتەمایە ترس و خۆف بەسەر کۆمەڵدا زاڵ بکات و لەم ڕێگەوە بەربە هەڵچوونی تووڕەیی پنگخواردووی جەماوەری بێبەش بگرێت.

بەڵام ئەگەر ڕژیم دەوێرێت حوکمی ئێعدام دەربکات و بەڕێوەی بەرێت و مەیدانە سەرەکییەکانی شار و ستادیۆمە وەرزشییەکان بکاتە شوێنی نومایشی ئەم جەنایەتە، لەڕاستیدا جەوازەکەی لە ناوشیاری و پێشوازیی ئەو بەشە لە خەڵک وەرگرتووە کە هێستا بەوە نەگەیشتوون کە ڕیشەی سەرەکیی هەموو تاوانەکان لە زاتی نیزامی سەرمایەداری و دەسەڵاتی ڕژیمێک دایە کە بەم ئێعدامانە جەنایەت و توندوتیژی لەئاستی کۆمەڵگەدا پەرە پێدەدات. ئەو خەڵکەی کە بۆ چاولێکردنی ئەم جەنایەتە دەچن لەوە ئاگادار نین کە ئامانجی ڕژیم لە نومانش دانی ئەم ئێعدامانە، ترساندن و تۆقاندنی خودی ئەوانە. سەرەکیترین ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە کۆکردنەوەی خەڵک بۆ دیتنی ئەم نومایشانە، ترساندنیانە و ئەوانیش بەکردەوە و بە بێ ئەوەیکە خۆیان بیانهەوێت لە داوێک دەکەون کە ڕژیم بۆی ناونەوە.

بێگومان خەڵک لە دەستدرێژی و کوشتن و ستەم بێزارن و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە دەستدرێژان و قاتڵان دادگایی بکرێن و سزا بدرێن. بەڵام ئەوەش لە حاڵێک دایە  کە هیچ شەفافییەتێک لە پەروەندەی کەسانێک کە بە قەتڵ تۆمەتبار کراون بوونی نییە و بەوتەی سەرۆکی دادگای فوولادشەهری ئیسفەهان، بەدواداچوون بۆ ئەم پەروەندانە بەشێوەی تایبەتی و خێرا و لەپشت دەرگا داخراوەکاندا ئەنجام دراوە و لە کەمترین کاتی مومکیندا حوکمی ئێعدامیان بۆ دەرکراوە. کەوابوو ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەم هەستە و لەم چاوەڕوانییەی خەڵک کەڵک وەردەگرێت و بەناوی خەڵکەوە دێتە مەیدان تا بەناو عەداڵەت بەڕێوەبەرێت. ڕژیم بە کەڵک وەرگرتن لە هەست و عاتفەی خەڵک، ئامانجی سەرەکیی خۆی کە ترساندن و بێدەنگ کردنی خەڵک و پەراوێزخستنی پرسە سەرەکییانە، بەرەوپێش دەبات. بەمجۆرە ڕژیم هەوڵ دەدات تا هەستی تۆڵەکردنەوەی خەڵک ببزوێنێ و کردەوەی دژەئینسانیی ئێعدام بە گشتی و ئێعدام لەبەرچاوی خەڵک بە تایبەتی، مەشرووع نیشان بدات.

کۆماری ئیسلامی لەو جێگەوە کە دەزانێت کردەوەی قەتڵ، کەسوکار و ئاشنایانی کوژراوەکە و خەڵکی ناوشیار یەکجار دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە و تۆڕەیان دەکات و هەستی تۆڵەکردنەوەیان هەڵدەخڕێنێت، ئاگاهانە هەرکات بەپێی باروودۆخ، بۆی دەرکەوت کە دەتوانێ سواری شەپۆلی هەستی تۆڵەکردنەوەی  خەڵک بێت، بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک و ئاسایی کردنەوەی تاوانی دەوڵەتی و حکوومەتی، بەساتی قەتڵ و جەنایەت لە مەیدانەکانی شاردا بەرپا دەکات و مەحکوومان بە مەرگ لەبەرچاوی خەڵک لە دار دەدات. خەڵک بە بەشدارییان لەم نومایشە دژەئینسانییەدا بە ڕژیم دەرفەتی ئەوە دەدەن تا ئەم کردەوەیەی بکاتە ڕەواڵێکی ئاسایی لە کۆمەڵگادا و کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لەئاستی کۆمەڵگادا دایمی بکات. دەوڵەتی ڕەئیسی لە ترسی ئەوەیکە ڕاپەڕینی بێبەشان و هاتنە مەیدانی کرێکارانی ڕێکخراو بارگەوبنەی جەنایاتی تێکەوپێچن و گشت نیزامەکەی بۆ هەمیشە لە گۆڕ بنێن، ئاگاهانە لە دەرفەت دەگەرێت تا بەساتی ئێعدام لە مەیدانەکانی شاردا بەرپا بکات و بە خەڵکی ناڕازی و وەگیان هاتوو کە بە کەمتر لە مەرگی ڕازی نابن، بڵێت کە هێستا زەرفییەتی جەنایەت و مرۆڤکوژیی هەیە و دەتوانێ خەڵک چاوترسێن بکات.

خەڵک نابێت ڕێگە بدەن مەراسیمی کوشتنی ئینسانەکان بەڕێوەبچێت. خەڵک بە هەر ڕادەیەکیش بەخاتری کردەوەی قاتڵان تووڕە بن، نابێ ببنە ئامرازێک بۆ بەرپاکردنی بەساتی جەنایاتی نەخشەمەندی ڕژیم. پێویستە خەڵک لە هەر شوێنێک کە بۆیان هەڵدەکەوێت دەست لەناو دەستی یەک بخەن و بەساتی قەتڵ و کوشتاری ئینسانەکان بەسەر بەکرێگیراوانی ڕژیم و بەڕێوەبەرانیدا وێران بکەن. نومایشی وەحشیانەی شەللاق خواردن و کوشتنی ئینسانەکان بۆ چاولێکردن نابێت. چوونی خەڵک بۆ چاولێکردنی ئەم دیمەنە ئازاردەرانە، ڕێک ئەو ئامانجەیە کە ڕژیم بەرنامەی بۆ داڕشتووە. نابێ یارمەتیدەری وەدیهاتنی ئەم ئامانجە بین. پێویستە نەتەنیا ئێعدام لەبەرچاوی خەڵک، بەڵکوو بەساتی سزای ئێعدام وەک قەتڵی بەئاقەستی دەوڵەتی تێکەوەپێچرێت.