خانەنشینانی موخابرات لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی مانگی ڕێبەندانیان بۆ بەرپاکردنی سێهەمین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەری خۆیان دیاری کردووە. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە سەعاتی ١٠ی بەیانیی دووشەممە لە تاران لە بەرامبەر وەزارەتی ئیرتباتات و هاوکات لە شارستانەکان لەبەردەم ئیدارەی گشتیی موخابراتی ئۆستانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە دەبەن. خانەنشینانی موخابرات لە کۆتایی ئەم ڕاگەیاندنەدا نووسیویانە کە: “ئیتر سەبریان تەواو بووە و خانەنشینان مافی یاسایی خۆیان نە لەسەر مێزی وتووێژ و یان بە وادەی پڕوپووچ، بەڵکوو لەسەر شەقام و لەڕێگەی کۆبوونەوەی بەردەوامی خۆیان لە گەروویان دەردەکێشن”. ئەم بانگەوازە لەحاڵێکدا بڵاوکراوەتەوە کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو خانەنشینانی موخابراتی خوراسانی ڕەزەوی، یەزد، ئیسفەهان، گیلان، ئیلام و کرماشان و چەند شاری دیکە لەبەرامبەر بینای ناوەندیی ئیدارەی موخابراتی ئەم شارانە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بوون. خانەنشینانی موخابرات خوازیاری پێدانی داخوازییە دواخراوەکانیان لەبواری بیمەی تەکمیلی و لەسەرکارلاچوونی مودیرانی شیرکەتی موخابرات بەخاتری جێبەجێ نەکردنی خواستەکانیان بوون.
خانەنشینانی موخابرات گەلێک جار لیستێک لە داخوازییەکانی خۆیان ڕاگەیاندووە. ئەو داخوازییانەی کە لانیکەمی پێویستییەکانیان دابین دەکات. خانەنشینان کە بەشێکی زۆر لە ژیانیان لە شوێنی کاردا تێپەڕیوە و گەلێک سەختی و دژوارییان تەحەمول کردووە و بە فرۆشی هێزی کاریان لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانیان دابین کردووە، ئێستا بەحەق چاوەڕوانی ئەوەن کە لەم قۆناغەی تەمەنیاندا ناچار نەبن دووبارە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان کار بکەن و لە بەشە غەیرە ڕەسمیەکاندا ئەم قۆناغەی تەمەنیان تێپەڕێنن. خانشینانی موخابرات هەتا ئێستا زۆر جار داخوازییەکانیان ڕاگەیاندووە. داخوازیی خانەنشینان کە هەتا ئێستا لەلایەن خانەنشینانی موخابراتی سەراسەرییەوە ڕاگەیەندراوە، بریتین لە:
١ – بەکردەوەدەرهێنانی بێ شەرت و مەرجی بڕگە ئیداری و ڕەفاهییەکانی ئاییننامەی دامەزراندن و پێرسۆنێلیی ۸۹/۲۴ لە کاتی خسووسی سازیی موخابراتەوە هەتا ئێستا بە زووترین کات.
٢ – جێبەجێکردنی بێ کەم و کاستی بیمەی تەکمیلیی دەرمان. بەپێی بەڵێنەکان لە کاتی واگوزاری و خسووسی سازیدا لە حەدی مەنزەلەت و کەرامەتی خانەنشینان. هەروەها پێویستە هەرچی زووتر نامەی ناوخۆیی ئەم دوایانەی سەرپەرستی هێزی ئینسانیی موخابراتی ئێران سەبارەت بە بردنەسەرەوەی حەقولسەهمی ٥٠ لەسەدی بیمەی تەکمیلیی دەرمان و پزیشکی ددانی خانەنشینانی موخابراتی ئێران هەڵوەشێتەوە.
٣ – پێدان و تەسویە حیسابی خێرای هەزینەی پزیشکیی دواخراو و عومر و بیمەی موعەلیم کە بارێکی چەند بەرابەری خستووەتە سەر شانی خانەشینان و بنەماڵەی فەوت کردووانی موخابراتی سەرانسەری ئێران.
٤ – ئۆسوولی خانەنشینی لە لایەن شیرکەتی موخابراتی ئێران و سندووقی خانەنشینیی کیشوەری و سازمانی تەئمینی ئیجتماعی بۆ خانەنشینانی موخابرات لە ساڵی ١٣٨٨ەوە بەرەو ئەملا بەڕێوە نەچووە و پێویستە هەرچی زووتر لەلایەن شیرکەتی موخابراتی ئێران، مافە پێشێلکراوەکانی ئەم توێژە لە خانەشینانی موخابرات وەدی بێت.
٥ – ئەگەر سەهامدارانی گەورە و مودیرانی موخابراتی ئێران توانای ئاگالێبوون و ئیدارەکردنی ٤٩ هەزار خانەنشینی موخابراتی ئێرانیان نییە، داوا لە هەموو دەزگاکان دەکەین کە خانشینانی موخابراتی ئێران بکەنەوە ژێر مەجمووعەی خانەنشینانی وەزارەتی ئیرتباتات.
ئەمانە داخوازییەکانی خانەنشینانی سەراسەری ئێرانن. ئەوەیکە خانەنشینکراوانی لە پانتایی سەرتاسەریدا بەرەو ناڕەزایەتی و مانگرتن بردووە و لەئاستێکی بەریندا هێناونێ سەر شەقامەکان ڕیشەی لە بۆشایی چینایەتی، هەژاری و فەلاکەت، نابەرابەری و دیکتاتۆریی لەئاستی ئێران دایە. بەکردەوەدەرهێنانی سیاسەتی نێئۆلیبرالی لەلایەن هەموو باڵە سیاسییەکانی ناو حکوومەت و نیزامی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار، پەلاماری ئاشکرا و بەرین بۆسەر هەستیی کۆمەڵایەتی و مەعیشەت و مەنزەلەتی ئینسانەکان، خانەشینانیشی هەروەک مامۆستایان و باقیی بەشەکانی تری چینی کرێکار بەرەو موقاومەت و ناڕەزایەتی بردووە.
شەپۆلی ئەم دوایانەی مانگرتنی کرێکاران، درێژەی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە سیستان و بەلووچستان و درێژەی ناڕەزایەتی لە تاران و سنە و شارەکانی دیکە بە دروشمەکانی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “مەرگ بۆ خامنەیی” بەشداریی بەرینی خەڵک لە مەراسمی ڕێزگرتن لە یادی گیان بەختکردووان، بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان نیشانەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵک سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی ڕێگای بەردەوامبوونی دیوەتەوە. نابێ بە هیچ بوارێکی خەباتی جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵک دژبە حکوومەتی ئیسلامی کەم بەها بدرێت. کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینانی موخابرات بەشێکە لە بزووتنەوەی سەرانسەری خانەنشینان کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گەلێک جار بەم دروشمانەوە هاتوونەتە مەیدان: “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین”، “تەنیا لەسەر خەیابان، دەگەین بە مافمان”. پێویستە لە کۆبوونەوەی سەرانسەریی خانەنشینانی موخابرات لە ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان پشتیوانی بکەین.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە