ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەز، شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی بەپەلەی خۆیدا سەبارەت بە پێشێلکارییە مرۆییەکانی ڕژیمی ئیسلامی و هەروەها کوشتنی ٤٤٠ کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، بەتایبەتیی ٦١ منداڵ و بریندارکردنی هەزاران کەس، دەستبەسەرکردنی هەزاران کەسی ، سەپاندنی سزای قورسی سێدارە بەسەر خەڵکی ڕاپەریو و هەروەها بە مەبەستی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی تیمی مافی مرۆڤ لە ئێران، پاش قسەکانی جاوید ڕەحمان ڕێپورتەری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئەو شۆرایە بڕیارنامەی پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە جینایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر خۆپیشاندەران و خەڵکی ئێران پەسەند کرد.
جاوید ڕەحمان، بەئاماژە بە کوشتنی خەڵکی ناڕازی لە ئێران بەتایبەتی خەڵکی کوردستان و بەلووچستان هەروەها ئاماژە بە بارودۆخی خراپی ئێستای شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و جوانڕۆ، کوشتنی خەڵک لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە وتی: ئێستا ڕووداوێکی مێژوویی لە ئێران لەئارادایە و دەبێ شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی بە پێشێلکارییە مرۆییەکان لە ئێران بێنی و پێکهێنانی ئەو کۆمیتەیە ڕاستیی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەردەخا.