فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێگە و گرینگیی مانگرتنە کرێکارییەکان لە باروودۆخی سیاسیی ئێستادا
یەکشەممە ۰۹-۰۸-۱۴۰۰   |  31-10-2021

سەرەڕای نایاسایی بوونی مانگرتنی کرێکاری لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا و سەرەڕای بوونی دیواری سانسۆری میدیاکانی سەربە ڕژیم، ڕۆژ نییە کە هەواڵی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە گۆشە و کەناری ئێرانەوە نەبیستین. ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا نیشانی داوە کە کرێکارانی ئێران لە ژێر گوشاری بەردەوام و کەمەرشکێنی ئابووریدا کارد بە ئێسقانیان گەیشتووە. باروودۆخی بابەتیی ژیان و بەرینایی بێمافیی کرێکاران ڕێگایەکی بۆ خۆدەرباوکردن لە گوشاری ئابووری و دەستدرێژیی هەموو ڕۆژێی سەرمایەداران و دەوڵەت بۆ سەر ژیانیان نەهێشتووەتەوە. مانگرتنی شکۆدار و بەردەوامی کرێکارانی حەوت تەپە، مانگرتنی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، مانگرتنی کرێکارانی مەعدەنەکان، ناڕەزایەتیی کرێکارانی شارەدارییەکان و موعەلیمان کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لە ئارادا بووە، ئەم واقعییەتە بە باشی نیشان دەدات. 

کرێکارێک کە هەشتی لە گرەوی نۆی دایە، ئەگەر لەسەر کار دەربکرێ و یان ئەگەر لە بەرامبەر کارێک کە ئەنجامی داوە حەقدەستێک وەرنەگرێ، هیچی نییە تا ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی پێ دابین بکات. کرێکاران لە باروودۆخێکدا کە هیچ ڕێگایەک بێجگەلە پاشەکشە بەڕوویاندا ئاواڵە نییە، بەناچار ڕێگای خەبات و نەبەرد لەگەڵ خاوەنانی سەنعەت و دەوڵەتیان گرتووەتەبەر. ئەگەرچی کرێکاران لە جەرەیانی زۆرێک لەم مانگرتن و نەبەردانەدا توانیویانە هێندێک پاشەکشە بەسەر خاوەنکاران و خاوەنانی سەنعەت و دەوڵەتدا بسەپێنن و مافی خۆیان لە گەروویان دەرکێشن، بەڵام نابێ گرینگی و ئەرزشی واقعیی ئەم خەبات و مانگرتنە کرێکارییانە بە دەستکەوتە ئابوورییەکانیانەوە سنووردار بکرێت. چالاکان و پێشڕەوانی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی کرێکاری، دەستکەوت و ئاکامی سیاسی و ڕووحیی ئەم مانگرتنانە تەنانەت ئەگەر دەستکەوتی ئابووریشیان سنووردار بێت، بە کەم دانانێن. کرێکارانی وشیار دەزانن کە لە باروودۆخێکدا کە دواهاتی قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەردایی ئێران، درێژەی گەمارۆ نێونەوتەوەییەکان و دواهاتی ئابووریی کارەساتی کۆرۆنا و توندبوونەوەی هەژاری و فەلاکەت، ئاسەواری وێرانگەری خۆی لەسەر کار و ژیان چینی کرێکار داناوە، کرێکاران بە بێ ئەم خەباتە ناتوانن بەستێنەکانی ڕزگارکردنی چینەکەیان دابین بکەن. 

ئەگەرچی هێندێک لە خەبات و مانگرتنەکانی کرێکاران تا ڕادەیەکی زۆر ڕێکخراون و ڕێبەرییان هەیە و هێندێک لە ناڕەزایەتییەکانیش خۆڕسک لەچاو دەدەن، بەڵام خۆڕسکترین ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانیش تا ڕادەیەک ڕێکخستنیان تێدا ئەندام دراوە و خاوەن ڕێبەرین. ئەگەرچی بەشێک لە ناڕەزایەتیی کرێکاران لەسەر میحوەری وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکانیان شکڵ دەگرن، بەڵام هێنانەگۆڕی خواستی هێرشبەرانە نیشانی دەدات کە بزووتنەوەی کرێکاری لە هەڵوێستی دیفاعیی خۆی دوور کەوتووەتەوە. بەدەرە لەم بابەتانە، درێژە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لە مانگەکانی ڕابردوودا لە چەند ڕوانگەوە گرینگە:

یەکەم، گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لە مانگەکانی ڕابردوودا و بەتایبەت دەستپێکی مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی ڕێک یەک ڕۆژ پاش کۆتایی شانۆی هەڵبژاردنەکان و هاتنە دەری ئیبراهیم ڕەئیسی لە سندووقەکانی دەنگدان وەک هێمای ستراتێژیی پەرەسەندنی سەرکوت، نیشانی دا کە کرێکارانی ئێران چاوترسینی سەرکوتی خوێناویی ڕژیم لە هەڵسووکەوت لەگەڵ ناڕەزایەتیی جەماوری و ڕەشبگیری بەردەوامی چالاکانی کرێکاری و ڕێبەرانیان نەبوون. نیشانەی ئەوەیە کە کرێکاران نایانهەوێ وەک ڕابردوو درێژە بە ژیانیان بدەن و تاڵان بکرێن.

دووهەم، شەپۆلی بەردەوامی مانگرتنی کرێکاری و کاریگەرییەکانی لەسەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا، بۆ جارێکی دیکە وتاری چینایەتیی بەرجەستە کرد، ڕۆڵی چینی کرێکاری لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا بەرچاوتر نیشان دا و ئەفسانەوێژیی سەبارەت بە چینی مامناوەند خستە پەراوێزەوە.

سێهەم، هێنانەگۆڕی خواستەکانی وەک بردنەسەرەوی حەقدەستەکان تا ١٢ ملیۆن تمەن لە مانگدا، خواستی دە ڕۆژ مەرەخەسی و بیست ڕۆژ کار، کۆتایی هێنان بە ڕۆڵی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ لە لایەن کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، خواستی کۆتایی هێنان بە خسووسی سازی و داخستنی دەرگاکان بەرەوڕووی شۆرای ئیسلامی لەلایەن کرێکارانی حەوت تەپە، خواستی بێهداشت و خوێندنی بەخۆڕایی  لە لایەن موعەلیمانەوە، هەر هەموویان نیشانەی ئەوەن کە خەباتی کرێکاران لە پێگەی دیفاعی دوور کەوتووەتەوە و ڕێگا و ڕەوشێکی نوێی گرتووەتەوە بەر. لەڕاستیدا بەشی پێشڕەوی چینی کرێکار ئاڵای خەبات دژبە فەلاکەتی ئابووری کە خواستی زۆربەی خەڵکی ئێرانە، بەدەستەوەی گرتووە.

چوارەم، پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتییانە کە نیشانەی لێوڕێژ بوونی کاسەی سەبر و تەحەمولی کرێکارانە، دەورونەخشێکی چارەنووس سازی هەیە لە زیندوو ڕاگرتن و بەهێز کردنی کەشوهەوای خەباتکارانە و سیاسی لە کۆمەڵگادا. لە باروودۆخێکدا کە بەشێکی بەرین لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی بۆ تێپەڕین لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، چاوی هیوایان لە بەند و بەست لە سەرەوە و لە دەخاڵەتی زلهێزە ئیمپریالیستەکان بڕیوە، درێژەی بەردەوامی خەباتی کرێکاری، ڕووحیەی خەباتکارانە پەرەپێدەدات و هومێد بە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و تێپەڕن لە سەردەمی دەسەڵاتی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بەهێز دەکات.

پێنجەم، پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە هەمان حاڵدا بەستێنێکی یەکجار گونجاوی بۆ ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار پێکهێناوە. بێگومان ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتی بەرهەمی خەباتە. ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار ناتوانێ خۆی لەخۆیەوە پێکبێت. مانگرتن ئامرازی خەباتی بەکۆمەڵی کرێکاران و مەدرەسەی فێربوونی چینی کرێکار و پێشڕەڕوانە و لە هەمان حاڵیشدا ئامراز و مێکانیسمێکە کە کرێکاران لەم ڕێگەوە لە زەروورەتی ڕێکخراوبوون ئاگادار دەبنەوە. کرێکارانی حەوت تەپە لە جەرگەی خەبات و مانگرتنی شکۆداری خۆیاندا بە بەڕێوەبردنی بەردەوامی “مەجمەعی عموومی” واتە کۆبوونەوەی گشتی وەک یەکێک لە پایەکانی ڕێکخستنی شۆرایی، بە دەخاڵەت دانی ڕاستەوخۆی کرێکاران لە بڕیاردانەکان، بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ پەیگیریی خواستەکانیان، نیشانیاندا کە پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان بابەتێکی مومکینە.

شەشەم، ڕەوتی هەتا ئێستای خەباتی کرێکاران نیشانی داوە کە بزووتنەوەی کرێکاری لە ڕەوتی ڕووداوەکانی بەردەم کۆمەڵگادا، وشیارانەتر حەرەکەت دەکات. ئەمجار و لە هەر ئاخێزێکی جەماوەریدا، بزووتنەوەی کرێکاری نەک لە دەوری خواستی ناڕوون، بەڵکوو بە خواست و داخوازیی سەربەخۆی چینایەتیی خۆیەوە دێتە مەیدان. لە ڕەوتی بەرەوپێشی ئەم خەباتەدا، لەو جێگەوە کە خەباتی ئابووری و خەباتی سیاسی کرێکاران پەیوەندی  و کاریگەریی بەرابمەریان نیسبەت بە یەکتر هەیە، خەباتی ئابووریی کرێکاران بەکردەوە لەگەڵ خەباتی سیاسی ئەوان تێکهەڵدەکێشرێت. کرێکارانێک کە بەپێچەوانەی یاسای حەقدەستی وەزارەتی کاری ڕژیمی سەرمایە، داخوازیی مانگانە ١٢ ملیۆن تمەنیان هێناوەتە گۆڕێ، کرێکارانێک کە سیاسەتی خسووسی سازی واتە یەکێک لە سیاسەتە نیۆلیبرالییە سەرەکییەکانی ڕژیم دەبەنە ژێر پرسیارەوە، کرێکارانێک کە خواستی مافی ئازادیی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری دێننە گۆڕێ، موعەملیمانێک کە خوێندن و تەندرووستیی بێبەرامبەر لە سەرووی هەموو خواستەکانیانە، عەمەلەن سنوورەکانی خەباتی ئابوورییان وپشت سەر ناوە و خواستەکانیان ئاوێتەی خەباتی سیاسی دەبێت.

بەڵام ئەزموونی ئێران و ئەزموونی گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا پێمان دەڵێ کە هێنانە گۆڕی داخوازیی سەربەخۆ بەتەنیا ناتوانێ سەرکەوتنی بزووتنەوەی کرێکاری و بەشوێنیدا بزووتنەوی جەماوەری، زەمانەت بکات. لێرەدا ئەوەیکە ڕۆڵێکی چارەنووس سازی هەیە ئەوەیە کە چینی کرێکار نەتەنیا بە خواستی سەربەخۆوە بەڵکوو بە ڕێکخراوی سەربەخۆ و بە ستراتێژی سۆسیالیستیی ڕوون و بە نەخشەڕێگای خۆیەوە بێتە مەیدان، بەجۆرێک کە پێشتر وێنەیەکی ڕوونی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی چیانەیەتیی خۆی هەبێت. بۆ چینی کرێکار زەروورییە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەوانە بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە پێشڕەوەکان لەگەڵ خۆی یەکگرتوو و هاوڕێ بکات و ڕۆڵێ هێژمۆنیکی بەدەست بێنێت و بێگومان ئەم بابەتەش بە بێ تەحەزوبی کۆمۆنیستیی چینی کرێکار لە پانتایی کۆمەڵایەتییدا مومکین نییە.