فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە جەرگەی توندبوونەوەی قەیرانی ئابووریدا
شەممە ۰۶-۱۲-۱۴۰۱   |  25-02-2023
پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە جەرگەی توندبوونەوەی قەیرانی ئابووریدا

قەیرانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە. ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی ڕەشەممە بۆ چەندومین ڕۆژی بەردەوام، ئەرزشی ڕیاڵ لە بەرامبەر دۆلاردا هاتە خوارێ و قیمەتی هەر دۆلارێک لە بازاڕی ئازاد سنووری ٥٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆکی بانکی مەرکەزیی ڕژیم بەڵێنی هاتنەخوارەوەی حەتمیی قیمەتی دراو و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دابوو. بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ڕژیم ڕێژەی تەوەرۆمی گشتی لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا بۆ ٥٣.٤ لەسەد چووەتە سەرێ و ڕێژەی تەوەرۆمی نوقتە بە نوقتە لەم مانگەدا بۆ خواردەمەنیەکان ٧٠.٥ لەسەد بووە و پێوەری بەهای شیر، پەنیر و هێلکە ٨٢ لەسەد چووەتە سەرێ. ڕۆژنامەی “ئێعتماد” دەنووسێت کە بەدوای لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی لە سەرەتای ساڵەوە ڕێژەی تەوەرۆمی نوقتە بە نوقتە لە بەشی کاڵا خۆراکییەکاندا مانگانە بەشێوەی بەرچاو چووەتە سەرێ. تا جێگەیەک کە ئەم تەوەرۆمە لە مانگی سەرماوەزدا ٦٣.٣ لەسەد و لە مانگی ڕێبەنداندا ٧٠ لەسەد و ئێستاش بۆ ٨٦ لەسەد بەرز بووەتەوە. ئەمە هەشتومین مانگی بەردەوامە کە تەوەرومی ساڵانەی کۆماری ئیسلامی باڵای ٤٠ لەسەدە و ئێستاش گەیشتووەتە سەرووی ٥٠ لەسەد.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و وەرشکستەیی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدایە کە ئیبڕاهیم ڕەئیسی چەند ڕۆژ لەمەوبەر بەوپەڕی بێشەرمییەوە ئیدیعای کرد کە: “پێوەرە ئابوورییەکانی ڕژیم ڕوو باشتربوونەوە و ئاستی تەوەرومیش لە ٦٠ لەسەدەوە بۆ ٤٠ لەسەد هاتووەتە خوارێ”. ئەمە نەک هەر درۆ بەڵکوو پێویستە بە ساختەکاری و فریوکاریی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامی بە حسیاب بێت. بارودۆخی ئابووریی ئەم دەسەڵاتە بەجۆرێک داڕماوە کە بە باوەڕی هێندێک لە لێکۆڵەرانی ئابووری لە ناوخۆی ئێران، کۆنتڕۆڵی ئابووری لە هێندێک لە بوارەکاندا لەوانە بازاڕی دراو لە دەستی دەوڵەت چووەتە دەرێ و ئەو سیاسەت و ڕێکارانەی کە دەوڵەت دەیانگرێتە بەر هیچ کۆمەکێک بە چوونەدەرەوە لە قەیران ناکەن. یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی یەک دەستی کۆنەپەرست دانی بەوە داناوە کە “دەوڵەت هیچ کارێک نەکات باشترە، چونکە بە هەر ئیقدامێکی، وەزعەکە خرابتر دەکات” .

بێتوانایی ڕژیم لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی جەماوەری خەڵک شەپۆلێکی نوێی لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی لێ کەوتووەتەوە و ئەمەش کۆماری ئیسلامیی زیاتر لە ڕابردوو نیگەران کردووە. ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی ڕەشەممە محەممەد کازمی، جێگری فەرماندەی سپای پاسداران و سەرۆکی سازمانی ئیتلاعاتی سپا لە گوزارشێکدا بۆ محەممەد موخبێر، جێگری یەکەمی ئیبراهیم ڕەئیسی هۆشداری دا کە “بەسەرەنجدان بە بانگەوازی بەرینی میدیا و گرووپەکانی دوژمن بۆ مانگرتنی سنووفی تجاری و درێژەی کۆبوونەوەکان لەئاستی وڵات و ئەگەری پەیوەندی لەگەڵ بەشی کرێکاری، ئەم کۆبوونەوانە بەرەو ژمارەیەک شیرکەتی ماشێن سازی و قەتعەسازی تەشەنەی سەندووە و کرێکارانی ئەم بەشانەش ئیعتڕازاتێکیان بە هەماهەنگی لەگەڵ باقیی کرێکاران ئەنجام داوە”.

سەرەڕای زاڵبوونی فەزای توندی سەرکوت و زەبروزەنگی حکوومەتی، لەماوەی دوو ڕۆژی ئەوەڵ و دووەمی ڕەشەممەدا زیاتر لە ٣٠ حەرەکەتی ئیعتڕازی لەلایەن کرێکاران، خانەنشینان، موعەلیمان و باقی توێژەکانی کۆمەڵگە لە ناڕەزایەتی بە گرانی و هاتنەخوارەوەی توانای کڕینی خەڵک و نەدرانی حەقدەست بەڕێوەچووە. هێندێک لەم ناڕەزایەتییانە بریتین لە: مانگرتنی کرێکارانی فولادی ئەردستان، کرێکارانی پڕۆژەیی پێترۆشیمیی کەنگان و مەسجد سولەیمان، کرێکارانی شیرکەتی سۆرب و روی یەزد، زەنجان و چابەهار، ناڕەزایەتیی نانوایانی تاران و نەیشابور، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەرینی خانەنشینان لە چەندین شار بە دروشمی “وەعدە و وەعید کافیە سفرەکانمان خاڵیە” کۆبوونەوەی موعەلیمانی ئۆستانی فارس لە بەرامبەر ئاموزش و پەروەرش بە دروشمی “عەداڵەتی لەکوێی عەداڵەت لەکوێی؟”، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاوکاتی خانەنشینانی موخابرات لە زیاتر لە حەوت ئۆستان و کۆبوونەوەی خانەنشینانی زانکۆکانی علومی پزیشکی و خزمەتگوزاری دەرمانیی تاران. ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە ئەگەرچی لەدەوری داواکاریی ئابووری شکڵیان گرتووە، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا لەبواری سیاسیەوە گرینگە و دیمەنێک لە بەردەوامبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە نیشان دەدات.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی ڕەشەممەش بازاڕیانی تاران دژبە بارودۆخی نالەباری ئابووریی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و ژنان بەشێوەی چالاکانە و بەرین تێیدا بەشدار بوون. لەم ناڕەزایەتییانەدا خەڵک بە دروشمەکانی وەک “دۆلار بووەتە ٥٠ تمەن، کەی هەڵدەستی هەموەتەن”، “دەرئامەد ڕیاڵیە، هەزینە دۆلاریە”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” دژبە گرانی و تەوەرۆم ئیعتڕازیان کرد. لە شاری بانەش کە ناوەندێکی گرینگی بازرگانییە لە ئێران، بازاڕیان و کاسبکاران لەئاست وەزعییەتی خراپی ئابووری و بێ ڕەونەقیی بازاڕ ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. گشت ئەم ناڕەزایەتییانە بەپێی ئەو بانگەوازانە بوون کە چەند ڕۆژ پێشتری لەلایەن ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانەوە درابوون.

بێتوانایی و بێ هیوایی حکوومەتی ئیسلامی لە وڵامدانەوە بە خواست و داخوازیی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە و نیگەرانی لە پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری و مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ئێران، ڕێبەران و کاربەدەستانی حکوومەتی ناچار کردووە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری لە دەرەوەی وڵات هێندێک هەوڵ بدەن. لەلایەکەوە ڕەئیسی چوو بۆ چین تا بەڵکوو بتوانێ بە ڕاکێشانی سەرنجی چین بەرەو کڕینی نەوتی هەرزان و ئیمزای قەراردادی ئابووریی درێژماوە و ئیسارەتبار، بەشێک لە هەزینەکانی دەوڵەت دابین بکات. لەلایەکی دیکەوە خامنەیی ناچار بەوە کردووە کە ڕوو بکاتە پڕۆژەی هەڕاج کردنی ئەمواڵی دەوڵەت لەژێرناوی “موڵدسازی داراییەکانی دەوڵەت” تا بەڵکوو بەشێوەی کاتیش کە بووبێت بەشێک لە کەسری بودجەی ٥٠ لەسەدیی ساڵی داهاتوو دابین بکات. هەڵبەت ئەم تەرحە هەر لە سەرەتاوە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی زۆر بووەوە و حکوومەتی مەجبوور کرد تا بە دەرکردنی یاسایەک هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک لە ئاست ئەم تەرحە مەمنوع بکات و بۆ موخالفانی سزا لەبەرچاو بگرێت. تەرحێک کە نەتەنیا ناتوانێ کەسریی بودجە کەم بکاتەوە بەڵکوو دەبێتە هۆی چوونەسەرەوەی گەندەڵی و هەر لە ئێستاوە ژمارەیەک لە ڕێبەران و بەرپرسانی باڵای حکوومەت خۆیان بۆ داگیرکردنی بەشێک لەم داراییە گرانبەهایانە ئامادە کردووە. لە کردەوەیەکی دیکەدا حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان ڕەوانەی بەغدا کرا بۆ ئەوەی دەست بە داوێنی دەوڵەتی عێراق بێت تا پەیوەندیان لەگەڵ ئەمریکا و عەرەبستانی سعودی بەرقەرار بێت و بتوانن ڕێگایەک بۆ دەورلێدانەوەی یاسا و سەختگیرییەکانی یەک دوو مانگی ڕابردووی ئەمریکا سەبارەت بە کۆنتڕۆڵی بانک و بازاڕی عێراق بەئامانجی ڕێگری لە قاچاغی دۆلار بۆ ئێران بدۆزنەوە. ئەم بابەتە قەیرانی دراوی کۆماری ئیسلامیی قووڵتر کردووەتەوە. چونکە ڕژیم لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لە پێداویستیە دراوییەکانی خۆی لەڕێگەی دزین و تاڵانکردنی ئەمواڵی عێراقەوە دابین کردووە و ئەم کارەشی بە هاودەستی لەگەڵ دەست و پێوەندەکانی خۆی لەناو گرووپە تیرۆریستەکانی عێراق و لەڕێگەی دامەزراوە بانکییەکان و بە پێکهێنانی کۆمپانیای جۆراوجۆر بۆ سپی کردنەوەی پارە ئەنجام داوە.

گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی حەفتەی ڕابردوو بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە بە پێچەوانەی تەبلیغ و ئیدیعای درۆیین و بێ ئەساسی کاربەدستانی کۆماری ئیسلامی و باقیی جەریاناتی سادەئەندێش، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی پێنج مانگی ڕابردوو بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی گەندەڵ و جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی، ئەگەرچی لە شکڵی ئیعتڕاز و بەرەنگاربوونەوەی سەر شەقام فاسلەی گرتووە، بەڵام بەشێوەی جۆراوجۆر ئیدامەی هەیە و بەجۆرێک گوشاری خستووەتە سەر ڕژیم کە هیلاکی کردووە و دوایین هەناسەکانی دەدات. ئیتر هیچ دەرەجەیەک لە سەرکوت و وەحشیگەریی دەزگا و هێزی بەکرێگیراوی نیزامی و ئەمنیەتی ناتوانێ ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراو خامۆش بکات و ڕژیم لە مەرگی حەتمی و هەڵبەت دەرنگ وەخت، ڕزگار بکات.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co