لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز بەردەوام بووە و پەرەی سەندووە. لە درێژەی ئەم مانگرتنانەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی مانگی خەزەڵوەر کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گازی شیرکەتی بەهرەبەرداریی جنووب لە ئاغاجاری کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ئەم کۆبوونەوەیە هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینانی سەنعەتی نەوتی ئەهواز و خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعیی شووش کە لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی نالەباری بژێو و دزیکردنی دەوڵەت لە سندووقەکانی خانەنشینی بەڕێوەچوو. کرێکارانی خانەنشینکراو لەم ناڕەزایەتییانەدا بە وتنەوەی دروشمی بەهێز دژبە حکوومەتی ئیفلاسی کۆماری ئیسلامی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای دەوڵەت سەبارەت بە تێکەڵکردنی سندووقەکانی خانەنشینی و باقیی خواستەکانیان بوون.
ڕۆژی سێشەممە ١٦ مانگی خەزەڵوەر کرێکارانی تازەدامەزراوی وەزارەتی نەوت لە چەندین ناوچە لەوانە “ئەروەندان”، “زاگرۆسی جنووبی”، “میللی حەفاری”، “پاڵاوگەی داڵان”، “نەوت و گازی ئاغاجاری”، “نەوت و گازی چشمە خوش” لە ناڕەزایەتی بە کەمبوونی حەقدەست و مەزایا و جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان لەلایەن خاوەنکارانەوە دەستیان لە کار کێشاوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپا کرد. دوو ڕۆژ پێشتر واتە ڕۆژانی یەکشەممە ١٤ و دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەریش کرێکارانی بواری نەوت، گاز و پێترۆشیمی جنووب لەوانە شیرکەتی ئارمە نۆوی پێترۆشیمی چابەهار، شیرکەتی وەبەرهێنانی نەوت و گازی ئاغاجاری، شیرکەتی نەوتی فەلاتی قارە لە جەزیرەی خارک، شیرکەتی نەوتی فەلاتی قارە لە سیری و شیرکەتی ناوچە نەوتییەکانی ئەهواز، هاوکات دەستیان دایە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە هەفتەیەک پێشتریش لە ڕۆژی ٧ی مانگی خەزەڵوەردا کرێکارانی ڕەسمی وەزارەتی نەوتی ڕژیم لە شیرکەتی “فەلاتی قارە” لە ناوچەی خارک و سیری دەستیان لە کار کێشایەوە و کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی بەرینیان بەڕێوەبرد. ڕۆژی دواتری واتە ٨ی خەزەڵوەر کرێکارانی پێترۆشیمی ئابادانیش بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران پەیوەست بوون.
داخوازیی کرێکارانی نەوت و گاز و کرێکاران و خانەنشینان لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە و داخوازیی خانەنشینان لە یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی بریتین لە: لابردنی سەقفی حەقدەست، گەڕاندنەوەی ماڵیاتی زیادی وەرگیراو، هەڵوەشاندنەوەی یاسای دژەکرێکاریی “جیاکردنەوەی ناکارناسانەی پیشە لە ناوچە عەمەلیاتییەکان”، دانی حەقدەستی دواخراوی مانگەکانی پێشوو، لابردنی بەربەست لە پێدانی حەقی سەنەواتی خانەنشینی و دزی نەکردن لە سندووقی خانەنشینی کرێکارانی نەوت، جێبەجێکردنی ماددەی ١٠ی یاسای کار کە بریتییە لە (بیمە کردنی کرێکاران و تۆمارکردنی سەعاتەکانی کار، پشوو و هیتر). پێویستە بوترێ کە سێ هەفتە لەمەوبەریش کرێکارانی ڕەسمی شیرکەتی وەبەرهێنانی نەوت و گازی ئاغاجاری و کرێکارانی شیرکەتی نەوتی فەلاتی قارە لە سەکۆ نەوتییەکانی فرووزان، ئەبووزەر و بهرگانسەر، هەر بەم خواستانەوە بەشێوەی هاوکات و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەستیان لە کار کێشایەوە و ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارنی سەنعەتی نەوت و گاز دژبە بارودۆخی نالەباری ژیان و نەدرانی حەقدەستی چوار قات ژێر هێڵی هەژاری و معەوەقاتی پێنج مانگی ڕابردوو لە بارودۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە دەزگای سەرکوتی ئەمنی و نیزامیی کۆماری ئیسلامی لەئاست پەرەسەندنی ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە بۆ بەشەکانی تر نیگەرانە و بە هەڕەشە و ترساندن و دەستبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاری هەموو هەوڵێکی بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ئەم ناڕەزایەتییە کرێکارییانە بەکارهێناوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە، چوونەسەری ڕۆژانەی نرخی پێداویستیی کرێکاران و لەخوارێبوونی ئاستی حەقدەست کە تەنانەت سەری وەختیش نادرێ، ڕێگایەکی بێجگەلە ناڕەزایەتی و مانگرتن بۆ کرێکاران نەهێشتووەتەوە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە حکوومەتی ئیسلامی و خاوەنکارانی سەربە ڕژیم بەرەوڕووی بنبەست و قەیرانێکی قووڵی ئابووری بوونەتەوە و توانای وڵامدانەوە بە داخوازیی کرێکارانیان نییە. لە وەها بارودۆخێکدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی خۆی دەدات تا بە زاڵکردنی کەشوهەوای تەبلیغاتی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، خواستی کرێکاران و باقی توێژە بێبەشکراوەکانی کۆمەڵگا پەراوێز و پشتگوێ بخات. بێگومان لە بارودۆخێکدا کە هەژاری و برسیەتیی بنەماڵە کرێکاریییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی لەتاقەت بەدەر، ئامرازی فریو و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی و هەڕەشە و کوشتار و زیندان و ئەشکەنجە ناتوانێ لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری ڕێگری بکات. قەیرانی ئابووریی ڕژیمی سەرمایەداری و دزی و گەندەڵیی بەرینی ڕێبەران و کارگێڕانی کۆماری ئیسلامی، هەڵاواردن و بۆشایی چینایەتی لەئاستی کۆمەڵگا بەردەوام قووڵتر کردووەتەوە. باندە مافییاکانی دەسەڵات و دەست و پێوەندە مفتەخۆرەکانی ڕژیم ملیۆنها دۆلاریان لە بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکارانەوە خستووەتە ناو حیسابە بانکییەکانیان و لە ڕەفاه و ئاسایشدا بەسەر دەبەن. کرێکارانی پێترۆشیمیی ئابادان لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕۆژی دووشەممە ٨ی مانگی خەزەڵوەردا بەدروستی دژبە بەم جیاوازییە بەرچاوەی حەقدەست و داهات ناڕەزایەتییان دەربڕی و ڕایانگەیاند: ”مودیری شیرکەتەکان حقووقی نجوومی وەردەگرن”. ئاشکرایە کە ئەم “حقووقە نجوومییانە” لە بەرهەمی ڕەنج و کاری ئەو کرێکارانەوە دابین دەکرێ کە شەو و ڕۆژ لەو شیرکەتەدا کاری سەخت و زیانبار دەکەن بەڵام ژیان و گوزەرانیان نۆقمی هەژاری و برسیەتی کراوە.
ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارە پێویستە بگۆڕدرێت. بەڵام کەس بێجگەلە هێزی مەزن و ڕێکخراوی خودی کرێکاران و بێبەشکراوانی کۆمەڵگا ناتوانێ ئەم بارودۆخە بگۆڕێت. پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی ڕێکخراو و یەکگرتووانەی کرێکاران بەتایبەت لە بەشی سەنعەتی سەرەکیی وەک نەوت و گاز و پێترۆشیمی بەستێنێکی گونجاو بۆ پێگەیشتنی بزووتنەوەی کرێکاری و پێکهاتنی ڕێکخراوەکانی چینایەتی و جەماوەریی کرێکارانە. گۆڕینی ئەم بارودۆخە سەخت و دژوارەی ژیان لە هەنگاوی یەکەمدا لە گرەوی تەعەڕۆزی سازماندراوی کرێکاران بۆسەر حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداراندایە. کۆماری ئیسلامی لەئێستادا لە خراپترین پێگەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و نێونەتەوەییدایە و تەعەڕوزی سەرانسەری کرێکاران بەتایبەت لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و هاوڕێکردنی بەشەکانی دیکەی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێ ئەم ڕژیمە دژەکرێکارە ناچار بە پاشەکشە بکات و سەرەنجام خەڵکی ستەمدیدەی ئێران و ناوچەکە لە چنگ ئەم دەسەڵاتە ئیسلامییە جەنایەتکارەی سەرمایەداری ڕزگار بکات.