فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەژاک لە تەوەهومی دیموکراتیزەکردنی ئیسلامی سیاسی و پراکتیزەکردنی پەیماننامەی مەدینە
یەکشەممە ۰۹-۱۱-۱۴۰۱   |  29-01-2023
پەژاک لە تەوەهومی دیموکراتیزەکردنی ئیسلامی سیاسی و پراکتیزەکردنی پەیماننامەی مەدینە

ئامەد شاهۆ ئەندامی ئەنجومەنی ڕێبەریی پەژاک لەم دوایانەدا لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی ئاریەن تیڤی ڕوانگە و بۆچوونی پەژاکی سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە پرسی ئایین باس کرد و تێزگەلێکی دا کە بەتەواوی دژی فەلسەفەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و دروشمی ژن، ژیان، ئازادییە. ئەو لە تەوزیحی دیدگای پەژاک سەبارەت بە قەیران لە ئێران دەڵێ: “قەیرانی بنەڕەتیی ئێران لادانە لەو بەهایانەی کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئایینی ئیسلام و پەیماننامەی مەدینە بە ڕێبەریی محەممەد پێغەمبەری مسوڵمانان بونیادنراوە”. رژێمی داگیركەر و دیكتاتۆری ئیسلامی ئێران هیچ گوێ بەو پێوانانەی ئیسلامی لەسەر بۆنیادنراوە نادات و دەسەڵاتە فاشیستی و دیكتاتۆریەكەیان بەنوێنەری خوای سەر زەوی پێناسە دەكەن”. کادری ڕێبەریی پەژاک لە درێژەدا دەڵێ: “ئەم هەڵوێستانەی ڕژیم هەم لەگەڵ بنەما پیرۆزەکانی ئایینی ئیسلام کە لەلایەن گەلەوە وەک فەرهەنگی ئیسلامی ناسراوە دژایەتیی هەیە و هەر ئەم لادانەش هۆکاری پەرەسەندنی قەیران و ناتەبایی لە ئێران تەوزیح دەدات و بۆ بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتیک پێویستە کە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ بوارە فکرییەکانی ئەم سیستمە ئەنجام بدرێت”. ئامەد شاهۆ لە درێژەدا تەئکید دەکات کە: “وەكوو پەژاكیش؛ ئێمە باوەڕمان بەپراكتیزەكردنی پەیماننامەی مەدەینە و ئیسلامی چاندییە و تاكە بزوتنەوەین بەراشكاوانە باسمان لەبەستنی كۆنگرەی ئیسلامی دیموكراتی كردووە”. کادری ڕێبەریی پەژاک لە درێژەدا ئیدیعا دەکات کە: “ئامانجی سەرەکیی ئیسلام ڕزگاریی مرۆڤایەتییە” و لە ئیدامەدا دەڵێ: “گەڕانەوە بۆ سەر رێ و رێباز و ناوەڕۆك و گەوهەرەی ئیسلام كە خۆی لەخۆیدا دیموكراتیكە، رێگە لەبەردەم نانەوەی كێشە و ململانێ لەرۆژهەڵاتی ناوین و جیهان دەگرێت”. هەڵبەت ئەندامی ئەنجومەنی ڕێبەریی پەژاک لەم وتووێژەدا، کە بەنووسراوە لەسەر ماڵپەڕی ANF NEWS بەردەستە، زۆری باسی فایدەکانی ئیسلامی دیموکراتیک کردووە، بەڵام هەر ئەم چەند ڕستەیە بۆ ڕوون کردنەوەی ماهییەتی کۆنەپەرستانەی ئەم هەڵوێستە و بەرەنگاریی لەگەڵ فەلسەفەی ئاخێزی شۆشگێڕانەی ئێستا لە ئێران کە بەناوی ڕەمزی ژیناوە دەستی پێکرد و هێستاش درێژەی هەیە، کەفایەت دەکات.

ئەم ئیدیعایانەی ئەندامی ئەنجومەنی ڕێبەریی پەژاک لەبارودۆخێکدایە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە لەڕێگەی یاسای ئیسلامیی وەرگیراو لە کتێبی “ئاسمانی”ی قورئان و لەڕاستیدا بەپێی بنەما فکرییەکانی محەممەد پێغەمبەری مسوڵمانان دەسەڵاتێکی هاری مەزهەبیی بەسەر ئێراندا زاڵ کردووە و هەر دەنگێکی ئازادیخوازانەی بە فیشەک وڵام داوەتەوە. لە شانشینی سعودیە بە پشتبەستن بە هەمان بناغە فیکرییەکانی محمد و پەیمانی مەدینە، کۆمەڵگایان کردووە بە زیندانێکی گەورە بۆ ژنان و وەک کۆیلە مامەڵە لەگەڵ کرێکارانی کۆچبەردا دەکەن. دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش بە پەیڕەوی لە محەممەد و پەیماننامەکەی، دەستدرێژی دەکردە سەر ژنان و بە غەنیمەت دەیگرتن و لە بازاڕدا دەیفرۆشتن. تاڵەبان لە ئەفغانستانیش سەنگساری ژنان و سەرجەم سیاسەتە دژەژن و کۆنەپەرستەکانی خۆی بە یاساکانی ئیسلامی محەممەدی پاساو دەکات. ئەردۆغان ڕێبەری حیزبی داد و گەشە لە تورکییەش بە سیاسەتی فاشیستی، داگیرکەرانە و کۆنەپەرستانە بەنیازە خۆی وەک مۆدێلێک لە دەسەڵاتی دڵخوازی ڕۆژاوا پێناسە بکات کە ئیسلامی لیبڕالیزە کردووە. ئەم مەجمووعەیە و حیزبوڵڵا لە لۆبنان، حەماس لە فەلەستین و باقیی ڕەوتە ئسیلامییەکان، بە هاوڕێیەتی یان دژایەتییان لەگەڵ شەڕ و ململانێی دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکانی ناوچەکە و جیهان، پایەکی سەرەکیی قەیران و شەڕ و کێشمەکێشی خوێناوین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆمەڵگای ئێراندا پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ حوکمڕانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری مەزهەبی کە یاساکانی بەپێی بنەما فێرکارییەکانی ئیسلام داڕێژراون. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ڕەسمی و یاساییەوە دژی ژنە و بە جێبەجێکردنی یاسا ئیسلامییەکان لە ڕووی دامەزراوەییەوە مافە مەدەنی و ئینسانییەکانی ژنان پێشێل دەکات و بە زەوتکردنی هەموو ئازادییە شەخسی و کۆمەڵایەتییەکانیان، داسەپاندنی توندوتیژیی هەمەلایەنەی دژبە ژنان لە کۆمەڵگە و بنەماڵەدا مەشرووعییەت بەخشیوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی لە کولتووری پرتووکاوی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا کەڵک وەردەگرێت. لە یاساکانی ئیسلامدا ژن بەشێک لە دارایی و مڵک و ماڵی پیاوان بە حیساب دێت. بەپێی ماددەی ١١٠٥ی یاسای مەدەنیی حکوومەتی ئیسلامی سەبارەت بە پەیوەندی ژن و شوو، پیاو سەرۆکی موتڵەقی بنەماڵەیە. لە ئەگەری سەرپێچیی ژن لە فەرمانی شووەکەی، کە زۆر جار بەهۆیەوە ژنان بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لە ناوەندە قەزاییەکاندا بەپێی ئەم یاسایە ژنان مەحکووم دەکەن. ڕووحانیوونی دەسەڵاتدار لە ئێران پەسندکردنی یاسا لەدژی ژنان بەپێی ئەحکامی ئیلاهی وەسف دەکەن و جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگەی ئیسلامی بە زەرووری دەزانن. چونکە ئیدیعا دەکەن کە بە توندوتیژی دژبە ژنان دەکرێ فەساد و بێ بەندوباری لە کۆمەڵگە بەری پێ بگیرێ.

بەپێی ماددەی ٦٣١ی یاسای سزادانی ئیسلامی، ئەگەر پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی لەگەڵ پیاوێکی تر لە جێدا ببینێت و بیکوژێت، قەتڵی نەکردووە و هیچ گوناهێکی نییە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ژن ئەم مافەی نییە. ماددەی ٣٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت: دیەی قەتڵی ژنێکی مسوڵمان ، بە مەبەستەوە بووبێت یان بەبێ مەبەست، نیوەی دیەی پیاوی مسوڵمانە. یەکێک لەو پرسە گرنگانەی کە دەبێتە هۆی توندوتیژی دژی ژنان لەئاستی کۆمەڵگا، بە یاساییکردنی حیجابی ئیجباری بۆ ژنانە. بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی ئەو ژنانەی کە لە شوێنە گشتییەکان حیجاب لەسەر ناکەن بە ٧٤ زەربە شەللاق مەحکووم دەبن. یاسای بنەڕەتیی ئێرانیش مافی ژنانی لە چوارچێوەی هەر ئەم یاسا کۆنەپەرست و دژەژنەدا بەڕەسمی دەناسێت. ئەمانە تەنها چەند نموونەن لە یاسای دژی ژنی کۆماری ئیسلامی بەپێی بنەماکانی دین کە لەگەڵ کولتووری پیاوسالاریی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە، ئازارەکانی ژنانیان لەئاستی کۆمەڵگەدا پەرەپێداوە. بەم وەسفەوە دەبینین کە لە وڵاتێکی وەک ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی کە چەند هاوسەری، هاوسەرگیریی کاتی، سیغە، جیاکردنەوەی ڕەگەزی، بێبەری کردنی ژنان لە مافی سەرپەرستیی مناڵ کە سەختترین فشارە دەروونییەکان بەسەر دایکاندا دەسەپێنێت، ئەمانە و زۆر نموونەی تر، ئەو توندوتیژییانەن کە بەپێی ئایات و ڕەوایاتی ئایینی ئیسلام، بەسەر ژناندا دەسەپێن.

ئایا ئامەد شاهۆ ئەندامی ئەنجومەنی ڕێبەریی پەژاک دەتوانێ بە دەلیلەوە بیسەلمێنێت کە ئەم یاسا دژەژنانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بنەما فکرییەکانی محەممەد پێغەمبەری مسوڵمانان و ئایاتی کتێبە “ئاسمان”ییەکەیان دژایەتیی بنەڕەتییان هەیە. ئامەد شاهۆ دەڵێ: “ئێمەوە وەک پەژاک باوەڕمان بە پراکتیزەکردنی پەیماننامەی مەدینە هەیە”، بەڵام باس لە ناوەرۆکی پەیماننامەکە ناکات. پەیمانی مەدینە لە بنەڕەتدا پەیوەندی نێوان موسڵمانان و شوێنکەوتوانی محەممەد لەگەڵ هۆزە جوولەکەکان و هۆزە غەیرە موسڵمانەکانی تر کە لە مەدینە ژیاون، بە پشتبەستن بە هاوسەنگی هێزی ئەو سەردەمە ڕێکدەخات. بڕگەی ١٩ی پەیمانی مەدینە جەخت لەوە دەکاتەوە کە “پێویستە باوەڕداران تۆڵەی خوێنی ئەو کەسانە بکەنەوە کە لە ڕێگای خودادا دەکوژرێن”. لە شوێنێکی تردا هەر لەم پەیماننامەیەدا جەخت دەکرێتەوە کە “تۆڵەی کوشتن کوشتنەوەیە، مەگەر ئەوەیکە کەسوکاری کوژراوەکە ڕازی بن کە خوێنبایی بدەن”. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە پەیڕەوی هەر لەم ئەزموونە مێژووییە حوکمی ئێعدام دەردەکات و بەساتی ئێعدامی وەڕێخستووە. بەهەر حاڵ، پەیماننامەی مەدینە هەر چییەک بوو بەرهەمی هاوسەنگیی هێز لە نێوان مسوڵمانان و قەبیلە و هۆزە غەیری مسوڵمانەکان و موناسباتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر بووە. پێویستی بە موعامەلە و بازرگانی لە نێوان هۆزە جیاوازەکان بوو بەهۆی ئەوەیکە گرژییەکانی نێوان ئەم هۆزانە کۆنترۆڵ بکرێ. محمد وەک کەسێکی زیرەک لەو کاتەدا لەم پێویستییە گەیشتووە و پەیمانی مەدینە وەڵامێک بووە بۆ ئەم پێویستییە. بەڵام ئایدیالیزەکردن و وەهمی پراکتیزەکردنی لە سەدەی بیست و یەکەمدا تەنها دواکەوتوویی فیکری نیشان دەدات. پێغەمبەری موسڵمانان ئایەتەکانی قورئانی بە “وەحی” لەگەڵ تێپەڕینی کات تەکمیل کرد و بەندەکانی دیلبوونی ژنانی قایمتر کرد.

کەوابوو بەپێچەوانەی ڕوانگەی ئەنجومەنی ڕێبەریی پەژاک، قەیرانێک کە ئەمڕۆ سەرتاپێی کۆمەڵگەی ئێرانی داگرتووە بە لادانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بنەما فیکرییەکانی محەممەد و پەیماننامەی مەدینە نیشان نادرێ. ئەم قەیرانە ڕیشەی لە بارودۆخی فەلاکەتباری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، پێکهاتەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی دەسەڵاتدار، هەڵاواردنی ڕەگەزی و هەموو ئەو نەهامەتی و بێ مافییانەدا هەیە کە جەماوەری خەڵکی بۆ بنبڕکردنی هێناوەتە مەیدان. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بە پێشەنگایەتیی ژنان عەزمی کردووە کە دۆسیەی حکوومەتی ئایینی دابخات. ژنان بەو کردەوە سەمبۆلیکانەی کە ئەنجامیان داوە، بە فڕێدان و سووتاندنی ڕووسەری، بە ژێرپێخستنی سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە زانکۆکان نەتەنیا هێرشیان کروودەتە سەر پایە ئایدیۆلۆژیکەکانی حکوومەتی دیکتاتۆری خامنەیی، بەڵکوو سازمانی موجاهدین واتە نوسخەی دیموکراتیکی حکوومەتی ئسیلامیشیان لەگەڵ قەیرانی ڕووسەری بەرەوڕوو کرد. بەهۆکاری بەرەنگاربوونەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە لەدژی نیزامی ئاپارتایدی جنسییەتیی زاڵە کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بەخێرایی جەماوەری بووەوە. لەگەڵ ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دۆسیەی حکوومەتی دینی بۆ هەمیشە لە ئێران دادەخرێت. کەوابوو پێویست نییە ڕێبەریی پەژاک نوسخەی پێکهێنانی حکوومەتێکی ئیسلامیی دیموکراتیکی دیکە بۆ خەڵک بپێچێت.

بەڵام بۆچی ڕێبەریی پەژاک لەم بارودۆخەدا بیر لە نوسخەی حکوومەتی دیموکراتیکی ئیسلامی و پراکتیزەکردنی پەیماننامەی مەدینە دەکاتەوە. هەرچەند ئەمجۆرە هەڵوێستانە لەلایەن پەژاکەوە تازە نین، بەڵام تەئکید لەسەر ئەم هەڵوێستە لە بارودۆخی ئێستادا هۆکاری زەمینیی هەیە. پەژاک وەک هێزێکی سیاسیی لە ڕەقابەت لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و سازمانی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەیهەوێ ببێتە کاسەی داغتر لە ئاش و بە بەڵێنی بەکردەوە دەرهێنانی پەیماننامەی مەدینە، سەمپاتی مامۆستایانی دینی لە کوردستان بەرەوخۆی ڕابکێشێت. پەژاک بە ڕوانینێکی پۆپۆلیستییەوە، هێستاش چاوی هیوای لەو توێژە تەسکانەی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە کوردستان بڕیوە کە لە تەوەهومی ئیسلاحکردنی کۆماری ئیسلامی دان. ئەم بشێوییە لە هەڵوێستی سیاسیی پەژاک لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە هێستا ستراتێژییەکی ڕوونی بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نییە. بێگومان ئەم هەوڵانە بەرەنگاربوونەوەیەکی ئاشکرایە لەگەڵ بەرژەوەندی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و مەحکووم بە شکستە.

لە بەرامبەر ئەم هەوڵانە بۆ پێچانی نوسخەی حکوومەتی دیموکراتیکی ئیسلامی و تەوەهوم بە پراکتیزەکردنی پەیماننامەی مەدینە لە سەدەی بیست و یەک، سیاسەتی کۆمەڵە خەباتی لێبڕاوانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و تەئکید لەسەر “جیایی دین لە دەوڵەت”ە. ئەم سیاسەت و هەڵوێستەی کۆمەڵە بێجگەلە نیشاندانی دژایەتی لەگەڵ ئایین وەک بابەتێکی دەوڵەتی، بەڵێنداربوونی ئێمەش بە ئەسڵی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بیروباوەڕ بەیان دەکات. واتە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چینی کرێکار چ وەک ئوپوزسیۆن و چ دوای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی، بە توندی دژایەتیی له‌گه‌ڵ هەموو جۆرە گوشار و زوڵم و زۆر و پشكنینی بیروبۆچوون و هەڵاواردن و مەحدودیەتی یاسایی لەدژی که‌سانی مەزهەبی دەکات و بۆ ڕەخنە و وەلانانی بیروبۆچوون و نەزەراتی مەزهەبی لە کۆمەڵگاشدا، هیچ شێوازێک بێجگە لە خەباتی نەزەری، رۆشنگەری و فێرکاری و قەناعەت پێهێنان، بە ڕێگه‌ پێدراو نازانێت. ئێمە مەزهەب، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەویکە سەربەخۆ لە دەوڵەت بێت یان نەبێت، بە ئەفیوونی جەماوەر و ئامرازی دواکەوتوویی ئەوان دەزانین و ئەگەر خوازیاری جیایی مەزهەب لە دەوڵەتین ڕێک بەو هۆکارەیە کە دەمانهەوێ گشت شێوازێکی ڕەسمی و یاسایی پەرەپێدانی ئەم ئەفیوونە لەناو کۆمەڵگادا بە یەکجاری هەڵوەشێتەوە.

لەم ڕوەوە جیایی دین لە دەوڵەت و بوونی مەزهەب بە ئەمرێکی خسوسیی ئینسانەکان یەکێک لەو دروشم و داخوازیانەیە کە ئێمە کومونیستەکان خەباتی بۆ دەکەین، بەڵام بێجگە لە ئێمە بەشێک لە ئوپوزسیۆنی بۆرژواییش سەرفی نەزەر لەوەی کە لە داهاتودا تا چ ئاستێک پێبه‌ند ده‌مێننه‌وه‌، هەر ئەم دروشمە دەڵێنەوە. بەڵام ئەوەی کە هەڵوێستی ئێمە لە هەڵوێستی جەریاناتی بۆرژوایی جیا دەکاتەوە تەنیا سێکۆلاریسم و داخوازی جیایی دین لە دەوڵەت نییە، بەڵکوو لە هەمان حاڵدا روون کردنەوە و نیشان دانی دەور و نەخشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مەزهەبە لە خزمەت بە نیزامی چینایەتی سەرمایەداریدا.

ئێمە لە خەبات لەگەڵ مەزھەبدا هەرگیز بێ رێزی بە بیر و باوەڕی خەڵک ناکەین، کاری ئێمە رۆشنگەری و شیکردنەوەی بە حەوسەلەی راستییەکان و روونکردنەوەی بە بەڵگەی جیهانبینی کۆمۆنیستی لە بەرانبەر دیاردەی مەزھەب دایە. چالاکی و خەباتی ئێمە دژبە مەزهەب نەتەنیا نابێ ڕیزی هاوپشتیی چینی کرێکار لەدژی سەرمایەداران لاواز بکات بەڵکوو ئەم ڕیزە چینایەتییە پێویستە بەهێزتر بکات.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co