فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووان
پێنجشەممە ۱۸-۰۵-۱۴۰۳   |  08-08-2024

کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سڵاو و دروود دەنێرێ بۆ هەموو بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ڕێزەکانی حیزب و کۆمەڵە و گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم، کە ئازیزانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەبات لەدژی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی، لەپێناوی ڕزگاریی ئینسانی چەوساوە گیانیان بەختکرد. سڵاو و دروود دەنێرێ بۆ هەموو ئەو بنەماڵە جەرگسووتاوانەی کە ڕۆڵەکانیان لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و لە ئاخێزە جەماوەرییەکانی ساڵانی ڕابردوو خوێنیان ڕژایە سەر شەقامەکان. سڵاو و دروود دەنێرێ بۆ بنەماڵەی ئەو کرێکارانەی بە تاوانی خەبات بۆ وەدێهێنانی خواستەکانیان درانە بەر گولـلەی دژمن. سڵاو و دروود دەنێرێ بۆ بنەماڵەی هەموو ئەو ئینسانانەی لەناو زیندانەکانی ڕژیم گیانیان لەپێناوی ئازادیدا بەختکرد. سڵاو و دروود ئاراستەی ئەو دایکانە دەکات کە لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕۆڵەکانیان لە جیاتی لەباوەش گرتنی ئەژنۆی غەم، بوێرانە و بە دەنگی بەرز ڕایانگەیاند کە تۆوی ئازادییان چاندووە و فێری خۆڕاگرییان کردین.

ئەم شەپۆلانەی کوشتار و ئێعدامی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چ لەسەر شەقامەکان و چ لە زیندانەکان غەم و پەژارەی قورسی خستە ناو دڵی بنەماڵەی گیانبەختکردووان و هەموومانەوە. بەڵام بێگومان ڕژیمی تاوانکاری ئیسلامی بەم شەپۆلانەی سەرکوت نەتەنیا ناتوانێ شکستە سیاسی و ئایدیۆلۆژیک و فەرهەنگییەکانی، قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی قەرەبوو بکاتەوە و مانەوەی دەەسەڵاتەکەی زەمانەت بکات، بەڵکوو نەیتوانیوە و ناشتوانێ ئینسانە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان چاوترسێن بکات. لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا گرانی، بێکاری و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و بێمافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی لەتاقەت بەدەر و جەماوەری خەڵک ئیتر شتێکیان بۆ لەدەستدان نییە کە بترسێن. درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، ناڕەزایەتیی لێبڕاوانەی خانەنشینان، خەباتی بێباکانەی ژنان و زیندانیانی سیاسی و توێژەکانی تر، نیشانەی ئەو واقعیەتەیە کە پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدامەکان بە ئامانجی گەڕاندنەوەی کۆمەڵگا بۆ قۆناغی بەر لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا تەنها تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەر زیاتر پەرەپێدەدات و تۆفانی کۆمەڵایەتیی بەهێزتر بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی ئیسلامی بەدوای خۆیدا دێنێت.

بنەماڵە ئازیزەکان!

ئێمە بەشداربووانی کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پەیمان تازە دەکەینەوە کە ڕێگای سووری گیانبەختکردووان هەتا ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی نیزامێکی نوێ درێژە دەدەین. نیزامێکی کۆمەڵایەتی کە تێیدا هیچ بنەماڵەیەک ئازیزەکەی بەخاتری هەبوونی بیر و باوەڕی سیاسی، بەخاتری داواکردنی ئازادی و نان لەدەست نەدات. کۆمەڵگایەک کە تێیدا هەموو جۆرەکانی کوشتار و ئێعدامی ئینسانەکان وەک کوشتنی بەئانقەستی دەوڵەتی، وەک کردەوەیەکی نگریس و نەشیاو پێناسە بکرێن و پەتی سێدارە و هەموو ئامرازەکانی کوشتن بۆ هەمیشە بخرێنە ناو زبڵدانی مێژووەوە. کۆمەڵگایەک کە ئامانجی سەرەکیی دابینکردنی ئازادی و بەرابەری و ڕەفاهی ئینسانەکان بێت.

کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڵێنداریی قووڵی خۆی بۆ درێژەی خەبات لەپێناوی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران ڕادەگەیەنێت. ئەم بەڵێندارییە لە بەرپرسیارێتیی حیزب بەرامبەر بە کرێکاران، زەحمەتکێشان و هەموو بنەماڵەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. هەموو ئەوانەی وا لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ئازیزانیان لە ڕێبازی ڕزگاریی ئینسان لە چنگ نەهامەتییەکانی نیزامی سەرمایەداری لەدەست داوە. ڕێگای گیانبەختکردووانی ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، ڕێگای گیانبەختکردووانی ئازادی و سۆسیالیزم بەردەوام درێژەی هەیە.


کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ئاگۆستی ٢٠٢٤ی زایینی

گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی