عەلی دەروێشی، تەمەن ٥٢ ساڵ و کوڕەکەی مەنسوور دەروێشی، تەمەن ٣٠ ساڵ، نزیک بە ٤٠ ڕۆژ پێش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراون و چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە. عەلی دەروێشی باوکی سێ منداڵ و مەنسوور دەرویشی باوکی کۆرپەیەکی شەش مانگانە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەلی دەروێشی کاتژمێر نۆی بەیانی هەینی ٢٢ی گوڵان، لە ماڵەکەیدا لە گەڕەکی باغ شایگانی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا. یەک کاتژمێر دواتر هەر ئەم هێزانە، مەنسوور دەروێشییان، لە شوێنی کارەکەی خۆی لە شاری مەهاباد دەستبەسەرکرد. زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە، کە ئەم باوک و کوڕە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباددا ڕاگیراون و هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە لەبەردەستدانییە. شیاوی ئاماژەپێدانە کە، عەلی دەروێشی و مەنسوور دەروێشی لەکاتی دەستبەسەرکرانییانەوە لە مافە سەرەتایییەکانی هەر بەندکراوێک وەک مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار لەگەڵ بنەماڵە بێبەریبوون.