یەک مانگ پێش، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری مەریوان کەبیر محەممەدی تەمەن ٢٩ ساڵ و کرێکاری بیناسازیان دەستبەسەرکردووە و هەتا ئێستا چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە ناڕوونە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کەبیر محەممەدی ڕاگەیاند، لەماوەی یەک مانگ دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە، هەتا ئێستا تەنیا توانیویەتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورت بە بنەماڵەکەیەوە بگرێت و لەم پەیوەندییەدا پێی ڕاگەیاندوون کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە. ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند: بنەماڵەی کەبیر محەممەدی هەتا ئێستا نەیانتوانیوە چاویان بە ناوبراو بکەوێت و هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکران و بارودۆخی ڕاگیرانی کوڕەکەیان نییە.
کەبیر محەممەدی، لە کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕ لە شوێنی کارەکەی خۆی لە مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و دواتر ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە شاری سنە کراوە.