هونەرمەند فەرشاد ڕۆستەمی، سەرپەرشتیاری گرووپی مۆسیقای “ئارشاویەر” و خەڵکی قەسری شیرین، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە شاری تاران لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەسبەسەر کران. شەوی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز، فەرشاد ڕۆستەمی هونەرمەند، گۆرانیبێژ، ژەنیار و سەرپەرشتیاری گرووپی مۆسیقای ئارشاویەر، لەگەڵ چوار کەسی دیکە، لەلایەن هێزەکانی رژیمەوە لە شاری تاران دەسبەسەر کران.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەوال، سەرەڕای تێپەڕینی ٨ ڕۆژ لە دەسبەسەر کرانی ئەو هونەرمەندە و ئەو ٤ هاووڵاتییەی دیکە، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.
گرووپی ئارشاویەر، سەرەڕای چالاکی هونەرییان، لە بوارەکانی خێرخوازی و هاوکاریکردنی هەژاران چالاکن و لەڕاستای هاوکاری بوومەلەرزە لێدراونی کرمانشا لە ساڵی ٩٦ چەندین کۆنسێرتی کۆکردنەوەی هاوکاریی داراییان لە شاری تاران بەڕێوەبردبوو.