فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

چارەنووسی نادیاری ژنە هونەرمەندێکی خەلکی شاری سنە لە زیندانی کەرەج
هەینی ۲۵-۰۹-۱۴۰۱   |  16-12-2022

وێڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی ئیلهام مودەڕیسی، نیگارکێشی خەڵکی شاری سنە لە فەردیسی شاری کەرەج، تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و سەرەڕای ئەوەی کە ناوبرا تۆمەتی قورسی لێدراوە، لە مافی هەبوونی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی خەزەڵوەر، ئیلهام مودەڕیسی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری کەرەج، لە ماڵەکەی خۆیدا لە شەقامی فەردیسی کەرەج، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و پاشان بۆ بەندیخانەی کەچوویی لەو شارە گواستراوەتەوە.

ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و دەستپێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی خۆی بێبەری کراوە، هەروەها تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە لە مەترسیدایە.

ئیلهام مودەڕیسی لەلایەن دەزگای دادی ڕژیمەوە بە “تێکدان و خراوکاریی دامەزراوەکان”، “کێشە دروستکردن بۆ ڕای گشتی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی گشتی”، “هاندانی خەڵک بۆ کوشتن” و “پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی” تۆمەتبار کراوە.
ئیلهام مودەڕیسی، سەرپەرەستی بنەماڵەکەی کە بریتین لە برایەکی ناوبراو و دایکی بەساڵاچووی کە نەخۆشە، لە ئەستۆیەتی و لە ئێستادا پێویستی بە چاودێریی پزیشک هەیە.