فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

چاوخشاندنێک بەسەر ئامانجەکانی پڕۆژەی ئەورووپایی “دەروازەی جیهانی”
پێنجشەممە ۰۵-۱۲-۱۴۰۰   |  24-02-2022

ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی، ١٧ و ١٨ی فێوریە، کۆبوونەوەی هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەفریقا بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە سەرەڕای هەموو زۆربێژییەکانی دەوڵەتانی ئەورووپا مۆری ناهاوسەنگی پێوەدیاربوو. لە لایەکەوە دەوڵەتانێک بوون کە لەڕێگەی تاڵانکردن و بەکۆیەلەکێشانی خەڵکی ئەفریقاوە بوونەتە دەسەڵاتی سەرمایەداریی مەزن و ئاستی ژیانی زۆرێک لە خەڵکی خۆیان بەم تاڵانکارییانە دابین کردووە و لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بەسەر ئەم خەڵکە تاڵانکراوە بوون کە باری قورسی چەندین سەدە داگیرکارییان بەسەردا سەپێندراوە. هێستاش لەناو مۆزەخانەی زۆرێک لەم وڵاتە ئەورووپاییانە، بەبایەخترین ئاسەواری تاڵانکراوی وڵاتانی موستەعمەرە نومایش دەکرێت و وڵاتانی ئەفریقایی لە هەر دەرفەتێکدا کە بۆیان هەڵدەکەوێت خوازیاری گەڕاندنەوەی ئەم ئاسەوارە بەنرخە مێژوویی و کلتوورییانەن بۆ قارەکەیان. ئێستا بەم مێژووەوە پڕ لە ڕاسیسمەوە باس لە “حورمەتی بەرامبەر” و باس لە وتووێژی “هاوتەراز” و دوولایەنە دەکرێت. بەڵام لێرەشدا نیشانەکانی کێبەرکێیی نێوان دەسەڵات و بلۆکبەندییە جیهانییەکان بەدی دەکرێت.
پرسیاری ڕاستەقینە بۆ یەکیەتیی ئەورووپا ئەوەیە کە چۆن لە جەرگەی هێرشی ئابووریی چین بۆسەر ئەفریقا و پێشڕەوییە خێراکانی، لە بەرامبەر نفووزی نیزامیی ڕووسیە تا ئاستی وەدەرنانی هێزەکانی فەڕانسە لە مالی و سەرەنجام لە جەرگەی ڕەقابەت لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکایی، ڕێگای بەناو هاوکاری لەگەڵ قارەی ئەفریقا خۆش بکات. دەزانین کە ئەمریکا هاوینی ڕابردوو بە ڕاگەیاندنی “کەمپەینی هاوبەشی نووژنکردنەوە و ڕەونەقی ئەفریقا” چوونی دووبارەی خۆی بۆ ئەم بازاڕە ڕاگەیاند. لەو جێگەوە کە چین دەمێکە بووەتە گەورەترین شەریکی تەجاریی ئەفریقا و گەورەترین سەرمایەگوزار لە بواری ڕێژخانە ئەساسییەکانی ئەم وڵاتانە، ئامانجی ئەم پڕۆژەیەی ئەمریکا بەر لە هەموو شتێک پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقایی لە مەیدانی ڕقابەت لەگەڵ چیندا بوو.  بەڵام پەتای کۆرۆنا و هەزیمەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان ئەم دەرفەتەی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نەدابوو کە بۆ ئەفریقا سەفەر بکات. کاتێک کە ئەم دەرفەتەی وەگیر کەوت، هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە خانەخوێیەکانی ڕازی بکات کە سیاسەتە ئابوورییەکانی چین ئەوان بەرەو نابوودی دەبات. بایدێن بۆ جارێکی دیکە لە جەرەیانی کۆنفڕانسی کەشوهەوایی گلاسکۆ لەبەرامبەر چیندا، پڕۆژەی ئەمریکای بە “گەڕانەوە بۆ سازکردنی جیهانێکی باشتر” ناولێبردبوو. تەنیا نزیک بە یەک مانگ دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی نوێی ئەمریکا، “فۆرۆمی هاوکاریی چین و ئەفریقا” لە “داکار” پایتەختی ئەفریقایی “سێنێگاڵ” پێکهات. ئەم کۆبوونەوانە دەرفەتێک بوون کە “شی جین پینگ” ڕایگەیەنێت کە سەرەڕای سەرمایەگوزاریی بەرین لەبواری ژێرخانی ئەم وڵاتانە، شەشسەد ملیۆن ڤاکسێنی کۆرۆنا بەخۆڕایی خراوەتە ئیختیاری وڵاتانی ئەفریقایی و چوارسەد ملیۆنی دیکەش بەشێوەی هاوبەش بەرهەم دەهێندرێت.
بێگومان یەکیەتیی ئەورووپا نەیدەتوانی لەم قافڵەیە بکەوێتە دواوە. درووست دوو ڕۆژ پاش کۆتایی کۆبوونەوەکانی “فۆرۆمی چین و ئەفریقا” سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا “فون دێر لاین” پڕۆژەی کۆمیسیۆنی لەژێرناوی “دەروازەی جیهانی” ڕاگەیاند. ئەم پڕۆژەیە بەوتەی داڕێژەرانی وڵامێک بووە بە پڕۆژەی “ڕێگای هاوریشم”ی چین و یەکیەتیی ئەورووپا بوودجەی سەد و پەنجا ملیارد یۆرۆیی بۆ حەوت ساڵی داهاتووی هاوکاری لەگەڵ ئەفریقا تەرخان دەکات. سەرۆکی کۆمیسیۆن لە قسەوباسەکەیدا وێڕای دەعوەت لە سەرمایە خسووسییەکان و دانی زەمانەت پێیان بۆ پەیوەست بوونیان بەم پڕۆژەیە، وەک “ئاڵتێرناتیڤێکی ڕاستەقینە” بەرامبەر بە “ڕێگای هاوریشم” پێناسەی کرد. کەوابوو کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی هاوبەشی یەکیەتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەفریقایی لە جەرگەی ئەم باروودۆخەدا بەڕێوەچوو. یەک ڕۆژ پێشتر سەرۆک کۆماری ئەفریقای باکوور وێڕای ئاماژە بە سیاسەتی دەوڵەتانی ئەورووپایی سەبارەت بە ڤاکسێنی کۆرۆنا باسی لە “ئاپارتایدی ڤاکسێن” کرد. هەڵبەت ئەم بابەتە بێ دەلیل نەبوو. لە هێندێک لە وڵاتانی ئەفریقایی ژمارەی کەسانێک کە ڤاکسێن کراون، هێندە لە خوارێیە کە خۆی مەترسیی سەرهەڵدانی جۆرە تازەکانی ئەم نەخۆشییەی دەخوڵقێنێت. تەنیا یازدە لەسەد لە دانیشتووانی هێندێک لە وڵاتانی ئەفریقا ڤاکسینە کراون. لە وڵاتانی “بوروندی، کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ و چاد” تەنانەت ئەم ڕەقەمە ناگاتە یەک لەسەدیش.
“هاوپەیمانیی ڤاکسیناسیۆنی جەماوەری”، پێکهاتوو لە ژمارەیەک ڕێکخراوی یارمەتی گەیاندنی نێونەتەوەیی، یەک ڕۆژ بەر لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە ڕایانگەیاند کە لەو ڤاکسێنانەی کە لە لایەن وڵاتانی ئەورووپاییەوە بە وڵاتانی ئەفریقایی بەخشراوە، ٥٥ ملیۆن ڤاکسێنیان بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی بەکارهێنانیان فڕێ دراون. لەم نموونەیەشدا یەکیەتیی ئەورووپا لە جەوهەری سەرمایەدارانەی خۆی پەیڕەویی کرد. ساڵیانی ساڵە کە کاڵا پێویستەکانی خەڵک دەخرێتە ناو دەریاوە تا ڕەوتی قازانجپەرستیی سەرمایە ڕانەوەستێت. هەر لە سەرەتای دەستپێکی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە وڵاتانی ئەفریقایی خوازیاری ئەوە بوون کە ئیمتیازی بەرهەمهێنانی ڤاکسێن ئازاد بکرێت تا وڵاتانی دیکەش بتوانن بەرهەمی بێنن. خواستەیەک کە لەگەڵ کۆسپی قازانجپەرەستیی و پاوانخوازیی بەرهەمێهانی دەرمان بەرەوڕوو بوووەوە. ئەگەرچی نوێنەرانی یەکیەتیی ئەورووپا لە جەرەیانی کۆبوونەوەکەدا هەوڵیان دا تا بە فریوی بیروڕای گشتی وای بنوێنن کە گوایە هەردوو لایەنەکە بەئاستی یەکسانەوە دەستیان داوەتە وتووێژکردن، بەڵام نوێنەرانی وڵاتانی ئەفریقایی لە جەرەیانی ئەم وتووێژانەدا بەلایانەوە گرینگ نەبوو کە جەوهەری واقعیی ئەم بەناو یەکسانییە ئاشکرا بکەن. سەرۆک کۆماری سێنێگاڵ ڕووبە نوێنەرانی ئەورووپا وتی “لە حاڵێکدا کە پتر لە ٦٠٠ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئەم قاڕەیە لە کارەبا بێبەرین، چۆن داوا لە ئێمە دەکەن کە واز لە وزەی فۆسیلی بێنین و بەرەو وزەی پاک بڕۆین؟ ئەویش لەحاڵێکدا کە یەکیەتیی ئەورووپا “وزەی ئەتۆمی و گاز” وەک وزەی پاک پێناسە دەکات. مەگەر بێجگەلە ئەوەیە کە وڵاتانی ئەفریقایی کەمترین سەهمیان لە وێرانکردنی ژینگەدا هەبووە بەڵام زۆرترین خەساریان بەنەسیب بووە. لە کۆمیسیۆنی پێوەندیدار بە کۆچبەری، لە حاڵێکدا کە نوێنەری ئۆتریش ئامانجی کۆمیسیۆنەکەی “ڕێگری لە هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی و گەڕاندنەوەیان” ڕاگەیاندبوو و خوازیاری ئەوە ببوو کە ڕێگاچارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە، نوێنەری ئەفریقا لەم کۆمیسیۆنەدا ڕایگەیاند کە هەموو وڵاتانی ئەفریقایی لەم بابەتە سکاڵایان هەیە کە لە گشت باسەکانی نێوانماندا، ئێوە ئەورووپاییەکان هەر لە یەکەمین ساتەوە باسی کۆچبەران دێننە گۆڕێ.
نوێنەرانی یەکیەتیی ئەورووپا لە ماوەی کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەدا بەردەوام باسیان لە “دەستپێکی نوێ” کرد بەڵام پرسیار ئەوەیە کە چ کەسێک دەبێت تاوانی ئەم دەستپێکە نوێیە بدات. ئەوانەی کە بەخاتری تاڵانکرانی سەرچاوە سرووشتییەکانیان بەرەو نابوودی ڕۆیشتن و یان ئەوانەی کە لەڕێگەی تاڵانکردنەوە بە سەروەتی نجوومی گەیشتن. تاوانی ئەم “دەسپێکە نوێیە” چ کەسانێک دەبێت بیدەن، ئەوانەی کە بۆ سەدان ساڵ ملیۆنان مرۆڤی ئەفریقاییان کردە کۆیلە و یان ئەوانەی کە وەک کۆیلە، بوون بە دۆزەخیانی ئەم جیهانە؟ بەڵام بێگومان ئەگەر قەرار بێت دەستپێکێکی تازە شکل بگرێت، تەنیا دەتوانێ لەسەر بنەمای نەزمێک بینا بکرێت کە تێیدا هیچ پێویستییەک بۆ کۆیلەتیی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ نەمێنێت.
 
 
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
https://alternative-shorai.tv