چوونەسەرەوەی ڕێژەی هەژاری لە عێراق
شەممە ۱۲-۰۱-۱۴۰۲   |  01-04-2023
ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان دەری دەخات، بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری زەنگێکی دیکەی مەترسیدارە بۆ عێراق، بەجۆرێک کە رێژەی هەژاری گەیشتووەتە ٢١ لەسەد کە بە بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو رێژەکە یەک لەسەد زیادی کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕێژەی هەژاری بۆ ٢١ لەسەد بەرزبووەتەوە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٩، یەک لەسەد زیادی کردووە. هۆکارەکەشی بۆ بارودۆخی ئابووری عێراق و نەخۆشی کۆرۆنا گەڕاندووەتەوە. جێگەی ئاماژەیە، لەکۆی ٤٢ ملیۆن دانیشتووانی عێراق هەشت ملیۆن كەس لەسەر هێڵی هەژاری دەژین. پارێزگای موسەنا لە باشووری رۆژئاوای عێراق بە رێژەی ٥٢ لەسەد لە پێشەنگی هەژارترین پارێزگاکاندایە، لە دوای ئەویش پارێزگای دیوانیە و زیقار دێت بە رێژەی ٤٩ لەسەد.