فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکام ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ١٠ ڕێبەندان، حوسییەکان بە پشتیوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی مووشەکێکی دژەکەشتییان لە یەمەنەوە ئاراستەی دەریای سوور کردووە.
سێنتکام لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان لەلایەن کەشتی جەنگی ”یوو ئێس ئێس”ی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا شکستیان پێهێنراوە و هیچ زیانیانەکیان بەر نەکەوتووە.
حوسییەکان پێشتریش ناوبەناو هێرشیان دەکردە سەر کەشتییەکان، بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ ئۆکتۆبرەوە، هێرشی حوسییەکانی یەمەن ڕوویان لە زیادبوون کرد.
هەروەها، حوسییەکان بە فەرمی پاڵپشتیی خۆیان بۆ حەماس ڕاگەیاندووە و لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە ژمارەیەک مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان، حووسییەکان بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سووردا.