فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

چینی کرێکار دژی شەڕ و شەڕسالاران
دوشەممە ۲۷-۰۱-۱۴۰۳   |  15-04-2024

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ئاوریل، ئەرتەشی ڕووسیە بە بەکارهێنانی مووشەکی دوور مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی “بەرین”ی لە ئاسمان و دەریاوە دژی دامەزراوە وزەییەکانی ئۆکراین دەستپێکرد. وەزارەتی بەرگری ڕووسیە ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە لە وەڵامی هێرشەکانی ئۆکراین بووە بۆ زیانگەیاندن بە پیشەسازی نەوت و گاز و دامەزراوەکانی وزەی ڕووسیە. بە گوتەی کاربەدەستانی ئۆکراین، مووشەک و درۆنەکانی ڕووسیە بە بوردومانکردنی وزەخانەی گەورەی کارەبا لە نزیکی کیێڤ زیانی بەرینیان بە سەرچاوەکانی دابینکردنی وزەی ئۆکراین گەیاندووە. حکوومەتی ئۆکراین بەرئاوردی کردووە کە ئەم شەڕە ١٥٠ ملیارد دۆلار زیانی بە ئابووری ئەم وڵاتە گەیاندووە و ڕووسیە کۆنترۆڵی زیاتر لە ١٧%ی وڵاتی ئۆکراینی بەدەستهێناوە. بەهۆی ئەم شەڕەوە سەدان هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و بریندار بوون و لێکەوتە ئابوورییەکانیشی کاریگەرییان لەسەر جیهان هەبووە. ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە، ئاکامی سیاسەتی هێرشبەرانەی ناتۆ بۆ پەرەپێدان بە بازنەی ئەندامەکانی و ئاکامی فراوانخوازی بۆرژوازی ناسیۆنالیزمی ڕووسیەیە.

ڕۆژی ٤ی ئاوریل ڕێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور یان ناتۆ یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی خۆی لە بروکسلی پایتەختی بەلژیک کردەوە. ناتۆ لە ساڵی ١٩٤٩دا، کەمتر لە چوار ساڵ دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، لە ساڵانی سەرەتای جەنگی سارد، بە سەرکردایەتی ئەمریکا، وەک سەنگەرێکی دژە کۆمۆنیست و هاوپەیمانی دژی یەکێتی سۆڤیەت پێکهات. ئەم یادە کە لەگەڵ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەڕێوەچوو، وەک چاوەڕوان دەکرا، تایبەت بوو بە پەرەپێدانی زیاتری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیە. ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە پێداگری لەسەر پشتیوانیی لێبڕاوانەی ناتۆ لە ئۆکراین، بەڵێنی دا کە “ئۆکراین دەبێتە ئەندامی ناتۆ”. یەنس ستۆڵتنبێرگ بەڕێوەبەری گشتیی ناتۆش لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ”ئورووپا لەئێستادا بەرەوڕووی شەڕ لەئاستێکدایە کە ئێمە لامان وابوو بە مێژوو پەیوەست بووە”. ئەو هەروەها جەختی کردەوە: ”ئۆکراین دەبێتە ئەندامی ناتۆ. مەسەلەکە ئەوەیە کە چ کاتێک”. وە لە درێژەدا وتی “ئێمە دەزانین کە ئەمنیەتی ئێمە ناوچەیی نییە، بەڵکوو جیهانییە و شەڕ لە ئۆکراین و پشتیوانیی وڵاتانی ئاسیایی لەوانە چین و ئێران و کۆرەی باکوور لە ڕووسیە ئەم بابەتە بەڕوونی نیشان دەدات”. ئەو بە وتنی ئەم وشانە لەسەر ئەم خاڵە جەختی کردەوە کە شەڕ لە ئۆکراین بەشێکە لە شەڕی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان لەدژی یەکتر.

ناتۆ کە بوونی خۆی بە دژایەتی لەگەڵ مەترسیی یەکیەتیی سۆڤیەت پاساو دەکرد، لەگەڵ ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە و کۆتایی شەڕی سارد لە ساڵی ١٩٩١، خۆی هەڵنەوەشاندەوە، بەڵکوو بە لەشکرکێشی و هێرشی بەردەوام بۆسەر هێندێک لە ناوچەکانی جیهان، بەشێکی بەرین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی ناوچەی باڵکانی کرد بە وێرانە. ئەگەرچی ناتۆ خۆی بە ڕێکخراوێکی “بەرگری” پێناسە دەکات، بەڵام لە دنیای واقعیدا مێژووی ئەم پەیمانە بەتەواوی بەپێچەوانەی ئەوەمان پێ دەڵێ. ئەم مێژوویە سەلمێنەری شەڕی بێسانەوەی ناتۆ و ئەندامانی لە گۆشە و کەناری جیهانە. هێرشی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩١ بۆسەر عێراق، بۆمبارانی سربستان لە ساڵی ١٩٩٩ و جیایی کۆزۆڤۆ، داگیرکردنی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم و درێژەی شەڕی ماڵوێرانکەری بیست ساڵە لەم وڵاتە کە ئاکامەکەی گەڕانەوەی هێزی کۆنەپەرستی تاڵەبان بۆسەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١ بوو، هێرشی دووبارە بۆسەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، هێرش بۆسەر لیبی لە ساڵی ٢٠١١ و پاشان بۆسەر سووریە، هەر هەموویان ئەو شەڕانەن کە یان لە چوارچێوەی ناتۆدا ئەنجام دراون و یان لەلایەن زۆربەی دەوڵەتانی ئەندامی ئەم پەیمانەوە پشتیوانییان لێکراوە. وە ئێستاش شایەدی یەکێک لە گەورەترین جەنایاتی جەنگی بەدژی خەڵکی فەلەستین لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیلین کە بە بێ پشتیوانیی دەسەڵاتە گەورەکانی ئەندامی ناتۆ و بە بێ پشتیوانیی نیزامی و دارایی و سیاسی و میدیایی ئەوان مومکین نەبوو.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم شەڕانە، ناتۆ بە گرتنەوەی ئەو دەوڵەتانەی کە پێشتر ئەندامی پەیمانی نیزامی بلۆکی ڕۆژهەڵات بوون، تا سنوورەکانی ڕووسیە پێشڕەویی کرد، لە ساڵی ٢٠١٤ دەوڵەتی ئۆکراینی لەڕێگەی کودەتاوە ڕووخاند و ڕژیمی لایەنگری ڕۆژئاوای خستە جێگای و لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە هەوڵ بۆ پەیوەست کردنی ئۆکراین بە ناتۆ، بەستێنەکانی هێرشی ئەرتەشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراینی ئامادە کرد. ئەم شەڕە کە مەیدانی ڕەقابەتی دوو جەمسەری ئیمپریالیست بە ڕێبەری ئەمریکا و ڕووسیە لەپێناوی پەرەپێدانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیانە، خەڵکی ئۆکراینیان کردووەتە گۆشتی بەردەم تۆپ و هەتا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن سەربازی ئۆکراینی بۆ نموونە زیاتر لە سەد هەزار کەسیان لە هێرشی هاوینی ساڵی ٢٠٢٣دا کردووەتە قوربانی. ئێستاش کە ئەم دەسەڵاتە ئیمپریالیستانە لەژێر گوشاری هەزینە و دواهاتەکانی ئەم شەڕەدا زیاتر لە ڕابردوو پێگەیان کەوتووەتە مەترسییەوە و لەلایەکی دیکەوە شایەدی گەشەی خێرای خەباتی چینایەتیی کرێکاران لە وڵاتانی خۆیان و لەئاستی جیهانن، بۆ بەدەسهێنانی هێژمۆنی و سەرکەوتن لە مەیدانی ئەم نەبەردە، مرۆڤایەتییان خستووەتە بەردەم مەترسیی پەرەسەندنی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەتۆمی.

لە ناوەوەی ئەم وڵاتانەش شایەدی هێرشی دەوڵەتانی سەرمایەداریی ئەندامی ناتۆ بۆسەر مافی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیکی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بووین. لە کاتێکدا کە یارمەتییە داراییەکانی ئەندامانی ناتۆ لە ٢٠٠ ملیارد دۆلار تێپەڕیوە و هەر ئەم دەوڵەتانە لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ١.٣ تریلیۆن دۆلاریان کردووەتە خەرجی بواری نیزامی و دەوڵەتانی ئورووپایی هەزینەی دیفاعیی خۆیان بەشێوەیەکی بێوێنە بردووەتە سەرێ، بەڵام هەر ئەم دەوڵەتانە بە بیانووی نەبوونی پارە، لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دڕندانەترین هێرشیان بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا ئەنجام داوە. لەلایەکی دیکەشەوە بۆ پاساوکردنی ئەم هەزینانە و درێژەی شەڕ، ڕێگایان بۆ هاتنە سەر کاری هێزی فاشیست و توندڕەوی ڕاست هەموار کردووە. چونکە ئەم هێزانە لەوپەڕی دڕندەییدا ناڕەزایەتیی ڕوو لە گەشەی کرێکاران و نەیارانیان بە هەزینەی بەرینی نیزامی و ئاکامەکانی شەڕ سەرکوت دەکەن. هاتنە سەر کاری ترامپ، ڕاستی توندئاژۆی ئاڵتێرناتیڤ بۆ ئاڵمان (AfD)، ملونی لە ئیتالیا و باقیی ڕەوتە فاشیست و ڕاسیستە توندڕەوەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئورووپا، هەر هەموویان لەم ڕاستایەدا بوون.

بەڵام لە بەرامبەردا بەردەوام شایەدی پەرەسەندنی خەباتی چینایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لەدژی ئەم شەڕخوازی و هێرشانەی دەوڵەتانی سەرمایەداری بۆسەر ژیان و گوزەرانیان بووین. هەر لەم چوار مانگەی سەرەتای ساڵی زایینیدا، شایەدی مانگرتنی شۆفیرەکانی قەتار، کارمەندانی فڕۆکەخانە و کارمەندانی بەشی دەوڵەتی لە ئاڵمان، مانگرتنی مامۆستایان لە فەڕانسە، مانگرتنی بێوێنە و بەرین لە فنلاند، خۆپیشاندانی بەرین لەدژی حیزبی ڕاستی توندڕەوی ئاڵتێرناتیڤ بۆ ئاڵمان (AfD)، شایەدی ناڕەزایەتیی جووتیاران لە زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپایی و درێژەی ناڕەزایەتی دژبە کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل لە غەززە بووین. ئەم ناڕەزایەتی و خەباتە کرێکارییانە لەدژی بورژوازی و شەڕخوازانی ناوخۆیی نیشانی دەدات کە کرێکاران باش دەزانن دوژمنی ئەوان وڵاتانی دیکە نین. بەڵکوو دوژمنی ئەوان نیزامی سەرمایەداری و سەرمایەداران و دەوڵەتانی پشتیوانیانە. بەڵام ئەوەی لەم پەیوەندەدا گرینگە ئەوەیە کە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، بزووتنەوەی جیهانیی دژی شەڕ پێویستە گەشە بکات و بەرەو ناوەندە سەنعەتی و کرێکارییەکان تەشەنە بستێنێت و بە ئاسۆی دژەسەرمایەداری و ڕێبەریی سۆسیالیستی تەیار بکرێت. بەو حەقیقەتە بگات کە بە بێ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرمایە و ناوەندەکانی سەرمایەداری و خستنە ژێر کۆنتڕۆڵی هەموو سەرچاوە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگا، ناتوانێ کۆتایی بە شەڕ بهێنێت.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv