فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلێنۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەشی دووهەم
یەکشەممە ۱۱-۰۹-۱۴۰۳   |  01-12-2024

لە کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٤ کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٣ و ٤ی مانگی سەرماوەز بەرابەر بە ٢٣ و ٢٤ی نوامبری ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، لە باسی پەیوەندیدار بە هەلومەرجی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی جیهان و ناوچەکە و ئێران، دوایین ئاڵوگۆڕەکان لە شەڕی ئیمپریالیستیی ئۆکراین و قۆناغی نوێ و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

سەبارەت بە شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین پلێنۆم جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری ئیدارەی بایدن بۆ ڕێگەدان بە ئۆکراین بۆ بەکارهێنانی مووشەکی دوورهاوێژی دروستکراوی ئەمریکا، ئیمکانی بە ئەرتەشی ئۆکراین داوە تا ناوەندە نیزامییەکان، پایەگا هەواییەکان و ئەنبارەکانی چەک و هێنێدێک لە ناوچەکان لە قووڵایی خاکی ڕووسیە بکاتە ئامانج و ئەم شەڕەی بردووەتە قۆناغێکی نوێوە. هەر ئەم بابەتەش ئەگەری ئەوەی هێناوەتە ئاراوە کە ڕووسیە ستراتێژی شەڕ بگۆڕێت و گرژییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا پەرەپێبدات. بەڵام ترامپ کە قەرارە مانگی ژانویە بچێتە کۆشکی سپی، عەلاقەیەکی بە درێژەی ئەم شەڕە نییە. لە شەڕی ئۆکرایندا دوایین ئاڵوگۆڕەکان نیشانی دەدەن کە ڕووسیە کۆنتڕۆڵی ١٨%ی لە خاکی ئۆکراین، لەوانە ناوچەگەلێکی ستراتێژیکی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئەم وڵاتە بۆ نموونە دونتسک، لوهانسک، زاپوریژیا و خرسونی لەدەستدایە. ترامپ زیاتر حەزی لە کۆتاییهێنان بە شەڕە نەک دەرهێنانی ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیە یان ئەندامێتی ئۆکراین لە ناتۆدا. لەڕاستیدا ترامپ شەڕی ئۆکراین بە شەڕی ئەندامانی ئورووپایی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیە دەزانێت و نایهەوێ ئەم شەڕە بە دۆلاری ئەمریکا بەردەوام بێت. لەم ڕووەوە پێشبینی ئەوە دەکرێت کە کۆشکی سپی لە دەورەی ترامپدا دەوڵەتی ئۆکراین لەڕێگەی هەڕەشەی بڕینی یارمەتیی ماڵی و نیزامی بۆ ناچارکردنی بە وتوێژ و کۆتایی هێنان بە شەڕ تەنانەت بە قیمەتی لەدەستدانی بەشێک لە خاکی ئۆکراین بخاتە ژێر فشارەوە. ترامپ نایهەوێ کە ناتۆ بە کۆمەکی ماڵی و نیزامیی ئەمریکا شەڕ بەدژی ڕووسیە لە ئۆکراین بەرەوپێش ببات. ئەو پشتیوانی کردن لە سەرمایەدارانی ئەمریکا لەڕێگەی خستنە ژێر پێی یاسا جیهانییەکانی نێئۆلیبڕالی و شەڕی ئابووری لەگەڵ ڕەقیبەکانی لەئاستی نێونەتەوەیی خستووەتەوە ئەولەویەت و لەو خەون و خەیاڵەدایە کە بە پاراستن و بەهێزترکردنی ئابووریی ئەمریکا بەرانبەر بە دەوڵەتە ڕەقیبە جیهانییەکان، سەردەمی عەزەمەتی لەدەستچووی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە و هەژمۆنی ئەمریکا بەسەر جیهان بەرقەرار دەکاتەوە. بەو پێیەی بە بێ پشتیوانیی بەرینی دارایی و نیزامیی ئەمریکا، یەکیەتیی ئورووپا و ئەندامانی ئورووپایی ناتۆ ناتوانن شەڕ دژبە ڕووسیە لە ئۆکراین بەڕێوەبەرن، ترامپ بەم هەڵوێستەی شکستی ناتۆی لە شەڕی ئیمپریالیستی لەگەڵ ڕووسیە لە ئۆکراینی خستووەتە ئاسۆوە. شکست لە شەڕی ئەفغانستان، شکست لە شەڕی عێراق، شکست لە شەڕ بەرانبەر بە ڕووسیە لە ئۆکراین و ڕەوتی لاوازبوونی هەژمۆنیی ئەمریکا لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەک، لە نیشانەکانی زەواڵی “ئیمپراتووریی ئەمریکا”یە.

دەوڵەتی ئیسرائیل، قۆناغی نوێ لە شەڕ و جینۆساید

دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل کە لە غەززە بە پەرەپێدانی بۆمباران و مووشەکباران و وێرانکاری، بە کوشتنی  زیاتر لە ٤٤ هەزار فەلەستینی، بە بریندارکردنی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس، بە پەرەپێدانی قاتی و برسیەتی لەم وڵاتە، بە لەناوبردنی هەموو ژێرخانەکانی تەندروستی و پەروەردە و فەرهەنگی نەیتوانیوە بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی خۆی لە غەززە بگات، بەمجارە بە ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێ  لە شەڕ بە ئامانجی گۆڕینی هاوکێشەکان و شکڵدان بە نەزمی دڵخوازی خۆی، قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بردووەتە قۆناغێکی تازەوە. دەوڵەتی ئیسرائیل بەهۆی باڵادەستبوونی لە بواری نیزامی و تەکنۆلۆژی لە شەڕی سایبێری و سیستمی هەواڵگری، دوای هێرشی مووشەکی بۆسەر کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی لە سووریە و کوشتنی فەرماندەکانی سپا و تیرۆری ئیسماعیل هەنییە لە تاران، بە هێرش بۆسەر لۆبنان و کوشتنی حەسەن نەسڕوڵڵا و دەیان کادر و فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی حیزبوڵڵا و بە تەقاندنەوەی بێسیم و پەیامگرەکانی ئەم گرووپە زەربەی سەخت و بێوێنەی لەم باسکە سیاسی و نیزامییەی حکوومەتی ئیسلامی دا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ قەیران و ئاستەنگی ستراتێژیک بەرەوڕوو کردەوە.

ئەم ئاڵوگۆڕانە بەشێوەی حاشاهەڵنگر شکستی ستراتێژی شەڕی پێشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کرد. واتە ئەو ستراتێژییەی کە ڕژیم زیاتر لە چوار دەیەیە لەڕێگەی ڕێکخستن و بەهێزکردنی گرووپە نیابەتییەکانی وەک حیزبوڵڵا لە لۆبنان، جەهادی ئیسلامی لە فەلەستین، حوسییەکان لە یەمەن، لەشکری فاتمیون لە سووریە و حەشدی شەعبی و گرووپە ئیسلامییەکانی دیکە لە عێراق و بە شەڕی نیزامی بەئامانجی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل و کۆنتڕۆڵکردنی نفووزی ئەمریکا بەڕێوەی دەبات. ئەگەرچی بەر لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییەش، گۆڕانی هێندێک لە هاوکێشەکان لە ناوچەکە بۆ نموونە پەیمانی ئیبڕاهیم، ڕێککەوتنەکانی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتانی عەرەبی وەک ئیمارات، بەحرەین و مەراکێش لەگەڵ ئیسرائیل، ئاخێزە جەماوەرییەکان لە لۆبنان و عێراق کە تێیدا خۆپیشاندەران خوازیاری کۆتایی هێنان بە دەستتێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی بوون، قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و درێژەی قەیرانە نێونەتەوەییەکان کە فشاری چەند هێندەیان خستە سەر ئابووریی ئێران و سەرچاوەی دارایی ڕژیمیان بۆ پشیتوانی لە سیاسەتی ناوچەیی سنووردارتر کرد وە هەروەها درێژە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری لە ئێران کە پشتی جەبهەی بۆ ڕژیم نائەمن کرد، هەر هەموویان نیشانەی بنبەستی ستراتێژی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی بوون، بەڵام هێرش بۆسەر حیزبوڵڵا لە لۆبنان، هێرش بۆسەر بنکەی گرووپە نیابەتییەکان لە سووریە و هێرشی ئاسمانی بۆسەر دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەکی کۆماری ئیسلامی، شکستی بەتەواو مانای ستراتێژی شەڕی پێشگرانەی ڕژیمی نیشان دا.

دەوڵەتی ئیسرائیل دەمێکە ئازادیی بەدیلگیراوانی لە ئەولەویەت دەرهاویشتووە و پێکهێنانی هاوکێشە و نەزمی نوێی ناوچەیی کردووەتە ستراتێژی جەنگیی خۆی. نەزمێک کە تێیدا هێزە نیزامییەکانی حەماس و حیزبوڵڵای نابوود و زەمینگیر کردبێت و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی لە ناوچەکە کەوتبنە پێگەیەکەوە کە نەتوانن زیاتر لەوە ستراتێژی شەڕی فەرسایشی دژبە ئیسرائیل درێژە بدەن. هەوڵ بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ناو شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، لەڕاستای پێکهێنانی ئەم هاوکێشە نوێیەدایە. دەوڵەتی ئیسرائیل دەیهەوێ بە دامەزراندنی بنکە و پایەگای نیزامی، غەززەش داگیر بکات و کۆنتڕۆڵی ئەم ناوچەیە بگرێتە دەست. بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا لە هەمان کاتدا کە زەربە لێدان لە حیزبوڵڵا، حەماس، کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی سەر بە ڕژیم لەڕاستای سیاسەتەکانی خۆیدا دەبینێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فراوانخوازیی کۆماری ئیسلامی، بەڵام بەهۆکاری جۆراوجۆر لەوانە لاوازبوونی هێزی ئابووری، ئەزموونی شکست لە لەشکرکێشی نیزامی بۆسەر ئەفغانستان و عێراق، شەڕ لە ئۆکراین، نیگەرانی لەئاست بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز و سووتەمەنی لە بازاڕە جیهانییەکان، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەسەڵات و نفووزی چین، نیگەرانی لەئاست ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان لە ئەگەری لاوازتربوونی کۆماری ئیسلامی، خوازیاری شەڕی گشتگیر لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی نییە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش کە بۆنیەی ئابووری و نیزامیی چوونە ناو شەڕی گشتگیری لەگەڵ ئیسرائیل نییە و ڕەهەندەکانی ئەم شەڕەی لێ ڕوون نییە، و لە ناوەوەش لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ڕوو لە گەشەی کرێکاری و جەماوەری بەرەوڕوویە، شەڕی گشتگیر لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرژوەندی دەسەڵاتەکەیدا نابینێت. حیزبوڵڵا لە لۆبنانیش کە بەهۆی زەربەی قورسی ئەرتەشی ئیسرائیل توێژێکی بەرین لە کادری ڕێبەری و فەرماندە و ئیمکاناتی نیزامیی خۆی لەدەست داوە وە یەکجار لاواز بووە، درێژەی شەڕ لە ڕاستای بەرژوەندی خۆیدا نابینێت و ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژ بەپێی تەرحی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست ڕاگەیاندووە.

سەرەڕای دەرکرانی حوکمی دەستگیرکردنی بێنامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیران و یوئاڤ گالانت وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل لەلایەن “دادگای تاوانی نێودەوڵەتی”  کە شکستێکی سیاسی بۆ دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکا و سەرکەوتنێک بۆ نەتەوەی فەلەستین و بزووتنەوەی جیهانیی خەبات بەدژی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە بەحیساب دێت، بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیل هەروا خوازیاری پەرەپێدانی شەڕە. کادری ڕێبەریی سپای پاسدارانیش هێستا شکستی ستراتێژی شەڕی پێشگرانەی بەڕەسمی نەناسیوە و هێستاش لەسەر ئەنجامدانی عەمەلیاتی تۆڵەسەندنەوەی “وەعدەی سادقی ٣” پێداگری دەکات و لەڕێگەی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”ەوە بەکردەوە شەڕی فەرسایشی بەرانبەر بە ئیسرائیل درێژە دەدات. لەم ڕووەوە، هەرچەند ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی گشتگیر لە نێوان ئەم  دوو بەرە سەرمایەدارییە تیرۆریستییەدا لاواز بووە، بەڵام مەترسیی پەرەسەندنی شەڕ هەروا لەئارادایە.