لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی سەرەکی هاووڵاتییان لە ئێران بڵاو دەکاتەوە.
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا، لانیکەم ٨٢٣ بەندکراو لە سێدارە دراون و ٣٣٣ کۆڵبەر کوژراون و بریندارکراون و ٢٧ هاووڵاتیش بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان. هەروەها ٣٤ بەندکراو لە زیندانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە و ٢ هەزار و ٣٤١ هاووڵاتی کە ناوەکانیان نەزانراوە دەستبەسەرکراون. ٢١ چالاکی سیاسی و هاووڵاتی ناڕازی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و ٥٤٧ چالاکیش سەرجەم سزای دوو هەزار و ٩٤ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران، ٩٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراو و ٢ هەزار و ٥٤٧ زەربە شەلاقیان بەسەردا سەپاوە. ئاماری پێشێلکرانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوکراوەتەوە، سەلمێنەری دۆخی تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێرانە. جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوان، دەستبەسەرکران و زۆربوونی توندوتیژی دژ بە چین و توێژە چەوساوەکان وەکوو کۆڵبەرەکان و چالاکانی مەدەنی، وێنەیەکی ئازاربەخش لە پێشێلکرانی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ نیشان دەدات. جگە لەوە، هەڵاواردنی نەتەوەیی و مەزهەبی و بە ئامانج گرتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، لە نیشانەکانی نەبوونی دادپەروەری و ئازادی لە ئێراندایە. ئەو دۆخە نیشان دەدات کە پێویستە کۆمەڵگای جیهانی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لەسەر مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەربڵاوتر سەرنج و گوشاری خۆیان لەسەر چاکسازیی بنەمایی بەپێی دکتۆرین “بەرپرسیارییەتی پاڵپشتی کردن” لە مافەکانی هاووڵاتییان لە ئێران زۆرتر بکەن. سیاسەتێک کە کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ ژنان هەڵیبژاردووە، بریتییە لە پێشێلکردنی سیستەماتیکی مافەکانی ژنان و کەمینە ڕەگەزییەکانە و ژیانی ئەوان نە تەنیا لە گۆڕەپانی سیاسی و ڕێوڕەسمەکانی دەسەڵات، بەڵکوو لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیش بێ بایەخ دەکات.
کوژرانی ژنان ئاسایییە. کوژرانی ژنان تێچوویەکی نییە، کوژرانی ژنان بە پاساوە دژە ژنانەکان و پاراستنی نامووس جێگای کۆماری ئیسلامی بەهێزتر دەکات. کۆماری ئیسلامی بەشێوەی حکومەتی ژنان دەکوژێت. کۆماری ئیسلامی چالاکی لەو بوارەدا بۆ ژنان زۆر سەخت کردووە. بەو هۆکارانە ئاماری ژنکوژییەکان لە ڕاستیدا زۆر لەو ئامارەی کە ئێمە لە هەواڵەکان و میدیاکان دەیانبینن زیاترن.
ڕاپۆرتی وردەکاری و تایبەتی هەنگاو لەبارەی هەریەک لە باسەکانی ژێرەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەشێوەی جیا بڵاو دەکرێتەوە؛
جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ٨٢٣ بەندکراو
لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانیکەم سزای سێدارەی ٨٢٣ بەندکراو لە زیندانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێکراوە کە ناوی ٦٦٧ کەس لەوان بەتەواوی بۆ هەنگاو ئاشکراکراوە.
لە نێوان سەرجەم ئەو بەندکراوانەی لە سێدارە دراون ٣١ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و بەشداری کردن لە خۆپێشاندانەکان و ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی و ناڕەزاییەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لەسێدارە دراون کە ٩ کەس لەو بەندکراوانە کورد بوون. بەپشتبەستن بە ئامارەکان، لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم سزای سێدارەی ١٧٩ بەندکراوی بەلووچ و ١٥١ بەندکراوی کورد جێبەجێ کراوە. هەروەها ٥٤ بەندکراوی تورک، ٤٨ بەندکراوی لوڕ و ٢٨ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لەسێدارە دراون. هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانیکەم ٢٢ بەندکراوی ژن و ٥ منداڵی تاوانبار کە تەمەنیان لە کاتی ئەنجامدانی تاوان ژێر ١٨ ساڵ بووە، لە زیندانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. لەکۆی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون ٤٦٨ کەسیان بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە” لەسێدارە دراون. هەروەها ٢٨٤ کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و جێبەجێ کراوە.
کوژران و برینداربوونی لانیکەم ٣٣٣ کۆڵبەر
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، کوژرانی کۆڵبەرەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ٤١ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و لانیکەم ٢٩٢ کۆڵبەر بریندارکراون.
لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی کە بوونەتە قوربانی (٢٧ کوژراو و ٢٥٨ بریندار) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون یاخود بریندارکراون و باقی حاڵەتەکان بەهۆی تەقینەوەی مین و ڕووداوی سروشتی وەکوو ڕەنووو هەرەسی بەفر و ڕق بردنەوە و … هتد بووە. هەروەها، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە و ٢٥ منداڵی کۆڵبەریش لە ساڵی پێشوودا بریندارکراون.
زیاترین ئاماری کۆڵبەرانی قوربانی کە دەبێت بە ١٧٩ حاڵەت لە پارێزگای سنە بووە و دوای ئەو لە پارێزگای کرماشان کە ١٣٨ کۆڵبەر کوژراون یان بریندار کراون.
قوربانیانی مین
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٢٧ هاووڵاتی لە ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان کە لە شەڕی ئێران و عێراق جێ ماون قوربانی بوون کە ٢٦ کەس لەوان هاووڵاتییانی کورد بوون و یەک کەسیش هاووڵاتییەکی عەرەب بووە کە لە شاری شووش بووەتە قوربانی.
لە سەرجەم ئەو ٢٧ کەسەی قوربانی تەقینەوەی مین بوون لانیکەم ٧ کەسیان گیانیان لە دەستداوە و زیاترین قوربانییان بە ١٤ حاڵەت هاووڵاتییانی مەدەنی بوون و ١٢ کەس کرێکار و کۆڵبەر بوون. هەروەها یەک کەسیش لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بووەتە قوربانی تەقینەوەی مین. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لانیکەم ٤ منداڵ و یەک ژن لە ساڵی ڕابردوودا بوونەتە قوربانی مین.
دۆخی بەندکراوان لە ساڵێک کە تێپەڕ بوو
لە ساڵی ٢٠٢٣ لانیکەم ٣٤ بەندکراو لە زیندانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە کە ١١ کەس لەوان لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لە دەستداوە. لەو ١١ بەندکراوەی لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لە دەستداوە ٨ کەسیان کورد و ٢ کەس بەلووچ و یەک کەس لوڕی بەختیاری بوون. هەروەها ٧ بەندکراو بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و دواخستن لە گواستنەوەیان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و باقی حاڵەتەکان بەهۆی ژەهراوی بوون و خۆکوشتن و تێکهەڵچوون لەگەڵ بەندکراوانی دیکەدا گیانیان لەدەستداوە.
دەستبەسەرکرانە نایاساییەکان، ئاشکراکردنی ناوی ٢٣٤٢ کەس
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٢٣٤٢ هاووڵاتی کە ناویان بە تەواوی نەزانراوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەرکراون و یان ڕفێندراون. لە سەرجەم ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون ١٠٢٥ کەس هاووڵاتیی کورد بوون و ٦٠٧ کەس هاووڵاتیی بەلووچ بوون. هەروەها ٩٤ کەس هاووڵاتی لوڕ و ٨٧ هاووڵاتی تورک لە ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٢١٤ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ دەستبەسەرکراون کە ١٤٢ کەسیان هاووڵاتییانی بەلووچ، ٥٤ کەس کورد و ١٦ کەس خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران بوون.
لە سەرجەم دەستبەسەرکرانەکاندا ٣٢٣ کەس ژن، ٦٣ کەس مامۆستای قوتابخانە و مامۆستای زانکۆ، ٤٥ کەس خوێندکار و ١٠٩ کەس لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان بوون. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٨٤ چالاکی مەزهەبی دەستبەسەرکراون کە ٩٠ کەس لەوان چالاکی بەهایی بوون و باقی حاڵەتەکان لە چالاکانی سوننی لە کوردستان، ئەهواز، بەلووچستان بوون و چەند هاووڵاتیی مەسیحی، یەهوودی و پەیڕەوی ئایینی یارسانیش دەستبەسەر کراون.
دەرکردنی سزای سێدارە بۆ ٢١ چالاکی سیاسی و بەندکردن و قامچی بۆ ٥٤٧ چالاکی سیاسی، ئایینی و مەدەنی
لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٥٦٨ چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیەوە لێپرسینەوەیان لێکراوە و سزای بەندکران، سێدارە و قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ژمارەیە ٢١ کەسیان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. لەو ٢١ هاووڵاتییەی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە دوو کەسیان لە بەندکراوانی گیلەک بوون بە ناوەکانی مێهدی محەممەدیفەرد و جەواد ڕووحی کە سزاکەیان لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیەوە هەڵوەشایەوە. جەواد ڕووحی دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانە گیانی لەدەستدا. لەو ١٨ بەندکراوە لانیکەم ٧ کەس بەندکراوی سیاسی کورد بوون کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، نەسرین نەمازی، بەندکراوی سیاسی تورک کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو سزای سێدارەکەی لە دوایین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا جێبەجێ کرا.
هەروەها ١٣ کەس لەو بەندکراوانە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە کە سزای دوو کەس لەوان هەڵوەشێندراوەتەوە و سزای ٦ کەسیان جێبەجێ کراوە.
لانیکەم ٥٤٧ چالاکی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبی لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە سزای بەندکران، قامچی و بێبەشبوونی کۆمەڵایەتییان بەسەریدا داسەپێندراوە. زیاتر لە ٤٠ لەسەدی ئەو چالاکانەی کە سزای بەندکران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە هاووڵاتییانی کورد بوون، کە ٢١٦ کەسن. ١٠٤ کەس لە کەمینە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکانی دیکە وەکوو هاووڵاتییانی تورکی ئازەری، بەلووچ، عەرەب، لوڕی بەختیاری و گیلەک بوون. هەروەها لە نێوان کەمینە ئایینییەکاندا زۆرترین حاڵەتەکان ٦٤ هاووڵاتیی بەهایی بوون.
ئەو ٥٤٧ چالاکە سەرجەم بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی، مەدەنی، ژینگەپارێزی و پیشەیی سزای دوو هەزار و ٩٤ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و ٥٠ کەسیان بریتی لە ٣٧ چالاکی کورد سەرجەم لێدانی ٢٥٤٧ زەربەی شەلاقیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها ٣٠ کەس لەوان جگە لە سزای بەندکران و شەلاق سەرجەم سزای ٩٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراویان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣، لانیکەم ٥ منداڵ لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکران و شەلاقیان بەسەردا سەپێندراوە کە هەموویان هاووڵاتییانی کورد بوون و ١٤٤ ژنیش سزای بەندکران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
کوژرانی ١٢٢ ژن لە ساڵی ڕابردوو
بەپیی ئامارەکان، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ لانیکەم ١٢٢ حاڵەتی ژن کوژی لە تەواوی ئێران تۆمارکراوە کە ٢٩ حاڵەتی ئەو کوژرانانەی کە ڕووی داوە بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف ئەنجامدراوە.
بەپێی ئەو ئامارە، زیاترین ژنانی کوژراو لە پارێزگاکانی تاران، ئەلبۆرز، ورمێ، کرماشان و فارس بوون. هەروەها زیاترین ژنانی کوژراو، لە لایەن هاوسەر، هاوسەری پێشوو، باوک، برا و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەیانەوە کوژراون.