فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی کومیتەی دۆزەرەوەی ڕاستییەکانی شۆرای مافی مرۆڤ سەبارەت بە سەرکوتی ئاخێزی شۆڕشگێرانە لە ئێران
پێنجشەممە ۱۵-۰۴-۱۴۰۲   |  06-07-2023

کۆمیتەی دۆزەرەوەی ڕاستییەکانی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی خۆیدا کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕدا پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند: ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێستاش بە دوای سەرکوتی کەسانێکەوەیە کە پێی وایە لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکاندا دەستیان هەبووە. ئەو کۆمیتەیە بە ئاماژەدان بە ڕاگەیاندنەکانی ڕژیم کە دەڵێن ٢٢ هەزار کەس لەو پێوەندییەدا بەر لێخۆشبوون کەوتوون، دەڵێت: ئەو ئامارە دەریدەخات کە ژمارەیەکی زۆر زیاتر لەوەندەی ئێستا، لە گرتووخانەکاندا بەند کراون. هەروەها سارا حسێن، سەرۆکی کۆمیتەکە ڕوو بە شۆرای مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، دە مانگ دوای کوژرانی حکوومەتی ژینا ئەمینی هێشتا مافە یاساییەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و بەڕێوەچوونی عەداڵەت لەو پێوەندییەدا بەئاکام نەگەیشتووە. هەروەها ئەو دوو هەواڵنێرەی یەکەمجار هەواڵی بەندکرانی “ژینا”یان بڵاو کردەوە، ئێستاش لە گرتووخانەدان. کۆمیتەی دۆزەرەوەی ڕاستییەکانی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە سەپاندنی “سزای قورسی زیندان” و ئێعدامی بەپەلەی ٧ کەس لە بەندکراوان، وێڕای پێشێلکردنی مافەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانە، داوای لە کۆماری کردووە نەک هەر ئێعدامی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان ڕابگرێت، بەڵکوو پێویستە هەموو بەندکراوان ئازاد بکات. لە کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوایی وێڕای ڕەخنەگرتن لە کۆماری ئیسلامی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی لەو وڵاتەیان مەحکووم کرد.