لانیکەم ٩ کۆڵبەر لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسود، مەریوان و بانە یان کوژراون یان بریندار بوون.
سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەشەممە هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری نەوسوود تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە کە دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی فارووق سەیدی خەڵکی جوانڕۆ و شاهرۆخ وەلیانە خەڵکی گوندی هەشەمێزی سەوڵاوا بریندار بوون.
هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەممە محەممەد تۆفیقی تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی گوندی چۆمان سەر بە ناوچەی بانە بێ ئەوەی هیچ کەل و پەلێکی پێ بێت و بە بێ هیچ هۆکارێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەرسنوور بریندار بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئۆتۆمبێلی ئەم هاووڵاتییە هاوکات لەگەڵ برینداربوونی وەرگەڕاوە و دواتر بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی شاری بانە گواستراوەتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممە خەبات فەرەجی خەڵکی گوندی هەشەمێز سەر بە شاری سنە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەر سنووری نەوسوود دەستبەسەر و بە هۆی ئەشکەنجەوە لاق و دەست و دەمووچاو و پشتی بریندار بووە.
لە هەمان ڕۆژدا تەیموور تەهماسبی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری داڵاهۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سنووری نەوسوود دەستی بە سەختی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی بێستوونی کرماشان گوازراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە بەهمەن ڕاە پەیکەر تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی بەردەڕەش سەر بە شاری مەریوان لە کاتی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە کاروانێکی کۆڵبەران هەردوو لاقی بریندار بووە.
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەشەممە لەئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان لە مەریوان بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک کە چەندین کۆڵبەری لە نێودا بووە، ئۆتۆمبیلەکە وەڕگەڕاوە و کاسبکارێک بە ناوی ئارام مەنوچێهری گیانی لەدەست داوە و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی سیروان باتر خەڵکی گوندی گاگڵ سەر بە شاری مەریوان و کۆڵبەرێکی دیکە کە ناوەکەی نەزانراوە بریندار بوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سیروان باتر ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بە هۆی قووڵی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی بێعسەتی سنە گیانی لەدەست دا.