فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لە خۆپیشاندانەکانی شارەکانی کوردستان
پێنجشەممە ۲۱-۰۷-۱۴۰۱   |  13-10-2022

ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، خۆپیشاندانی بەر بڵاوی هاووڵاتییان لە زیاتر لە ١٠ شاری جیاوازی کوردستان بەردەوام بووە. هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم بە تەقەی ڕاستەوخۆ هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و لانی کەم ٤ کەسی مەدەنی کوژراون.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر لە گەڕەکی دەرە درێژی کرمانشا ٢ هاووڵاتی بە ناوەکانی سینا نادری تەمەن ٢٢ ساڵ و ئارمین سەیادی تەمەن ١٨ ساڵ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانیان بەخت کرد.
لە شاری سنە، بەرەنگاری خۆپیشاندەران لە بەرامبەر هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت بەردەوام بوو و لە گەڕەکی نایسەر هاووڵاتییەک بە ناوی عەزیز مورادی لەلایەن ئەو هێزانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناو خۆپیشاندانەکاندا بریندار بوو و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
لە شاری بۆکانیش خۆپیشاندانەکان بە هێرشی هێزەکانی رژیم ئاڵۆزی تێکەوت و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بە ناو خۆپیشاندەرەکاندا، هاووڵاتییەک بەناوی کەماڵ فەقێهی گیانی بەختکرد. دواتر تەرمی ئەم هاووڵاتییە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی سەختی پووری شارەکە.ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ئەم هاووڵاتییەی شاری بۆکان نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە لە ژێر گوشاری هێزەکانی رژیمدا و لە کەشێکی ئەمنیدا بەڕێوەچووە.

ناڕەزایەتییەکانی رۆژی چوارشەممە کە لە ١٠ شاری ئیلام، کرماشان، سنە، دیواندەرە، سەقز، مەریوان، بانە، مەهاباد، بۆکان و ورمێ بەڕێوەچوو، بەربڵاوترین ناڕەزایەتییەکانی سێ هەفتەی ڕابردوو بووە.

شایانی باسە، بەگوێرەی زانیارییەکان ئەندامێکی هێزە سەرکوتگەرەکان لە مەهاباد و سێی دیکە لە کرماشان کوژراون. ٤٠ کەسی دیکە لە هێزەکانی رژیم لە شارۆچکەی دەرەدرێژی کرمانشا بە سەختی بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی سەربازی ئەبولفەزل لەم شارە گوازراونەتەوە.

١٣٠ی هاووڵاتیش لە شارەکانی کوردستان بریندار بوون، لە خوارەوە ئاماژە بە شارەکان و ژمارەی بریندارەکان دراوە:
لە شاری ئیلام ٩ کەس، کرمانشا ٤٣ کەس، سنە ١٦ کەس، مەریوان ٦ کەس، سەقز ١١ کەس، دیواندەرە ٣ کەس، و لە شاری مەهاباد ٨ کەس بریندار بوون.