بە نزیکبوونەوە لە ١ی ئەیار ڕۆژی جیهانیی کرێکار، بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشە و گرفتەکانیانەوە؛ خۆپێشاندانی کرێکاران و مانگرتنی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ئێران زیادی کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٩ی گوڵان، خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لە شارەکانی تاران، ئەهواز، تەورێز، ئیسفەهان، ئەردەبیل، شاری کورد، شووش، قوروە، کرماشان، ڕەشت، برووجێرد، زەنجان، خۆرەم ئاباد، هەمەدان، ورمێ و سنە و کرێکارانی کاغەز پارسی حەفتتەپە، دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و لە دروشمەکانیاندا بەرپرسانی وڵاتەکەیان بەوە تۆمار کرد کە کارەکانیان لێ تاڵان کردوون.هه روه ها ۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی تەئمینی ئیجتماعی لە شارەکانی تاران، ئەراک، ئەهواز، ئیسفەهان و شووش و هەروەها کۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی پیشەسازی پۆڵا لە تاران، ئیسفەهان، ئەهواز، ساری و شاهروود، لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان دەستیاندایە کۆبوونەوە.
هاوکات لە ڕۆژی شەممەوە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە جووتسایدی بابایی تاران و شاری کرمان و شاری عەسەلوویەی بووشەهر و دەشتیاری سیستان و بەلووچستان دژی کەمکردنەوەی بەشەسووتەمەنیی ئۆتۆمبێلەکانیان دەستیان بە مانگرتن کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان کۆمپانیای نەوتی ئێران بەشەسووتەمەنیی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی لە سێ هەزار لیترەوە کەم کردووەتەوە بۆ ٥٠٠ لیتر، ئەوەش بووەتە هۆکاری لەکارکەوتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە. بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، نزیکەی ١٧٠ کرێکاری بەشی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانیی شاری سەقز لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و کەناڵی تەلەگرامی ئەنجوومەنی کرێکاران و وەستاکارانی بانە ڕایگەیاندووە، ئەو کارە بە گوشاری دامەزراوە دەستڕۆیشتووەکانی حکوومەت جێبەجێ کراوە. هاوکات ئەوەش بڵاو کراوەتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا، ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری و مەدەنیی شاری سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە خراونەتە ژێر چاودێری و لێکۆڵینەوەوە.