ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژ، کرێکاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا هەر وەک ڕەواڵی جاران، لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان، دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی ڕێکخراوی دابین کردنی کۆمەڵایەتیی لە شارەکانی ئەهواز، شووش و کرماشان، لە بەرامبەر بینای سازمانی تەئمین ئیجتماعی ئەمشارانە دەستیاندایە کۆبوونەوە خوازیاری جێبەجێی کرانی خواستەکانیان بوون. لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی پەیمانی کانگای چادرملوو لە یەزد، لە ناڕەزایەتیی بە نەچوونەسەرەوەی حەقدەستەکانیان، نەدرانی قازانجی شیرکەتی سەها بەشێوەی تەواو، یەکسان نەکرانی حەقدەستەکانیان و پێنەدانی بیمەی تەکمیلی، دەستیان لەکار کێشایەوە و لە حەساری ئەم شیرکەتە دەستیاندایە کۆبوونەوە. هەروەها کۆمەڵێک لە کرێکارانی فەزای سەوزی شارەداریی بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی لە بەرامبەر شارەداریی ناوچەی ٩ی شیراز، خوازیاری درانی حەقدەسته دواخراوەکانیان و هەروەها باقی مەزایاکانیان بوون.