فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی ڕەفیق سەلیمی لە زیندانی ناوەندیی سنە
هەینی ۰۶-۰۷-۱۴۰۳   |  27-09-2024

لە ماوەی ڕابردوودا، حوکمی ١٠ ساڵ بەندکران بەسەر ڕەفیق سەلیمی، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە سەپێندراوە کە دواتر بۆ ٩ ساڵ کەم کراوەتەوە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی سنە لە مافی مەرەخەسی و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش بووە.
جێگای ئاماژەیە، ئەم چالاکە کرێکارییە لە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەرکرانیدا لە زیندانی ئیتلاعاتی سنە، لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دا بووە و سەرەڕایی ئەم ئەشکەنجانە، شان و گوێی تووشی کێشە و برین بوون و هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی لە زیندان نەدراوە.
دانیشتنی دادگای ڕەفیق سەلیمی ٢٥ی پووشپەڕی پارەکە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوە چوبوو و ١٥ ڕۆژ دواتر، دانیشتنی دووەمی دادگایی کردنی بەڕێوە چووە. پێویستە بوترێ کە ناوبراو پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی پارەکە لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی «دانانی گرووپی نایاسایی» و «هەوڵدان دژی ئەمنیەتی گشتی» و “فساد فی الارض» تۆمەتبار کرابوو. ئەم هاووڵاتییە، ڕۆژی دووشەممە ٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ وێڕای کوڕەکەی فواد سەلیمی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە شوێنی کاری کوڕەکەی دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازترابوویەوە لە ماوەی دەستبەسەر کرانیدا، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیتنی بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو. لە کۆتاییدا ڕەفیق سەلیمی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار لە دوای زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەری لە زیندانی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندی سنە ڕاگوێزرابوو. هەروەها فواد سەلیمی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی دانیشتنی دادگا لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.