فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی خوێندکاران لە ئێران هاوکات لەگەڵ ڕۆژی خوێندکار
هەینی ۱۷-۰۹-۱۴۰۲   |  08-12-2023

هاوکات لەگەڵ ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار لە ئێران، ڕاپۆرتێکی ئاماری لەسەر پێشێلکردنی مافی خوێندکاران کە بریتییە لە دەستبەسەر کردنی ٤٤ خوێندکار و دەرکردنی سزای بەندکردن و لێدانی شەلاق بۆ ٣٥ خوێندکار بڵاوکراوەتەوە. هەروەها سەرەڕای ئەو ئامارە دەیان خوێندکار لە زانکۆکان دەرکراون یان بۆ چەند تێرم دوور خراونەتەوە و لەخوێندن بێبەش کراون.
دەستبەسەرکرانی لانیکەم ٤٤ خوێندکار
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ی زایینییەوە هەتا ئێستا، لانیکەم ٤٤ خوێندکار، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شارە جیاوازەکاندا دەستبەسەرکراون. بەپشتبەستن بەو ئامارە، لە سەرجەم ئەو خوێندکارانەی کە دەستبەسەر کراون ١٧ کەسیان کچ بوون. هەروەها زیاترین ئاماری خوێندکارانی دەستبەسەرکراو کە لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون، ٢١ کەس لە چالاکانی خوێندکاری کورد بوون. هەر لەو ماوەیەدا لانیکەم ٦ چالاکی خوێندکاریی تورکی ئازەربایجانی و ٤ چالاکی بەلووچیش لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.
دەرکردنی سزای بەندکران و شەلاق بۆ ٣٥ چالاکی خوێندکار
هەر لەم پێوەندەدەا، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تا ئێستا، لانیکەم ٣٥ چالاکی خوێندکاری کە ١٠ چالاکی خوێندکاری کچ لەخۆ دەگرێت لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکران و شەلاق و سزا و هتد بەسەریاندا سەپێندراوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٣٢ چالاکی خوێندکاری سەرجەم بە ٩٦ ساڵ و یەک مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکران سزا دراون. هەروەها سێ چالاکی خوێندکاریش سزای ١١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراویان بەسەردا سەپاوە. سەرەڕای سزای بەندکران، لانیکەم ٥ چالاکی خوێندکاریش لە لایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامییەوە سەرجەم ٢٨٤ زەربە سزای نامرۆڤانەی شەلاق بەسەریاندا سەپێندراوە. لەگەڵ دەستبەسەرکرانە بەربڵاوەکان بە شێوەی ئاشکرا و نەهێنی و لە پەنای هەڕەشە تەلەفۆنییەکان و ڕاوەدوونانە شاراوەکانی خوێندکاران، دەرکردنی سزای سەخت لە بەندکران و شەلاق لێدانەوە هەتا دەرکران و دوورخستنەوەی خوێندکاران، هەموویان لە کەرەستەکانی پێشێلکردنی ڕێکخراوانەی مافی مرۆڤ و سەرکوت کردنی بزووتنەوە زانکۆیییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەناوی ئالقەکانی پەیوەندی دانی زانکۆکان لەگەڵ خەڵکدان.